خه‌ڵكی عێراق ره‌خنه‌یان له‌ هه‌وڵه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی هه‌یه

كه‌مێك له‌ هاوڵاتیان هه‌ست به‌ دڵنيایی ده‌كه‌ن له‌وه‌ی كه‌ خه‌ریكه‌ هه‌وڵی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی لێنه‌هاتیویی و ساخته‌كاری ده‌درێت.

خه‌ڵكی عێراق ره‌خنه‌یان له‌ هه‌وڵه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی هه‌یه

كه‌مێك له‌ هاوڵاتیان هه‌ست به‌ دڵنيایی ده‌كه‌ن له‌وه‌ی كه‌ خه‌ریكه‌ هه‌وڵی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی لێنه‌هاتیویی و ساخته‌كاری ده‌درێت.

.



"چه‌ند مانگێك به‌سه‌ر ده‌ستگیركردنی وه‌زیری بازرگانی و چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌ تێپه‌ڕیوه‌ و تا ئێستا هیچ رێوشوێنێكی یاسایی نه‌گیراوه‌ته‌به‌ر‌،" حه‌سه‌ن وتی.



وه‌زیری بازرگانیی پێشووی عێراق فه‌لاح سودانی، كه‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م ساڵ ده‌ستی له‌ كار كێشایه‌وه‌، له‌وانه‌یه‌ رووبه‌ڕووی دادگا ببێته‌وه‌ به‌هۆی ده‌نگۆی گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ پاش ئه‌وه‌ی له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانی عێراقه‌وه‌ لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا كرا. له‌وه‌ته‌ی تشرینی یه‌كه‌م، لیژنه‌ی نه‌زاهه‌ی په‌رله‌مانی عێراق بانگهێشتی وه‌زیری نه‌وتی عێراق حوسێن شه‌هرستانی و وه‌زیری كاره‌با كه‌ریم وه‌حیدی كردووه‌. هه‌ردووكیان تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی و سستی له‌ كاره‌كانیاندا ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌.



هه‌ردوو وه‌زیره‌كه‌ هاوپه‌یمانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نوری مالیكین كه‌ له‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردوو حكومڕانیی باشی كردبوو به‌ دروشمی خۆی. چاوه‌ڕوان ده‌كرێت گه‌نده‌ڵی ببێته‌ بابه‌تی سه‌ره‌كی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو كه‌ بریار وایه‌ له‌ مانگى ئازارى ٢٠١٠ به‌رێوه‌بچێت و له‌وانه‌یه‌ لێپرسینه‌وه‌كانی په‌رله‌مانیش له‌لایه‌ن پارته‌ ركابه‌ره‌كانه‌وه‌ له‌ دژی راستگۆیی مالیكی و حیزبی ده‌عوه‌ به‌كاربهێنرێن.



سه‌باح ساعدی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌زاهه ‌و به‌رپرسێكی باڵایه‌ له‌حزبی فه‌زیله‌ كه‌ ركابه‌ری حزبی ده‌عوه‌یه‌، رایگه‌یاند مالیكی هاوكارنه‌بووه‌ له‌ لێپێچینه‌وه‌ی په‌رله‌مان و تۆمه‌تباریكرد به‌ دواخستنی لێپرسینه‌وه‌كان – ئه‌م تۆمه‌ته‌ش له‌لایه‌ن لایه‌نگرێكی مالیكییه‌وه‌ به‌توندی ره‌تكرایه‌وه‌‌.



"مالیكی هه‌موو لێپرسینه‌وه‌یه‌ك له‌ وه‌زیره‌كانی قه‌ده‌غه‌ ده‌كات تا داڵده‌ی وه‌زیره‌ گه‌نده‌ڵه‌كان بدات،" ساعدی وتی.



"ئێستا خودی كوتله‌ سیاسییه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان هه‌وڵده‌ده‌ن لێپرسینه‌وه‌ له‌و وه‌زیرانه‌ رابگرن كه‌ كاروباری وه‌زاره‌ته‌كانیان به‌ره‌و خراپی چووه‌ به ‌بیانووی ئه‌وی كه‌ كاریگه‌ریی سلبی ده‌بێت بۆ سه‌ر ره‌وشی سیاسی و ئه‌منی."



ساعدی وتی حزبه‌ هاوپه‌یمانییه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ده‌یانه‌وێ به‌ڵگه‌ی گه‌نده‌ڵی و شكستی ئه‌و وه‌زیرانه‌ بشارنه‌وه‌ كه‌ دڵسۆزی ئه‌و حزبانه‌ن.



به‌پێی راپۆرتێكی رێكخراوی شه‌فافییه‌تی نێوده‌وڵه‌تی له‌ هه‌فته‌ی رابردوو، عێراق پێنجه‌مین وڵاتی گه‌نده‌ڵه‌ له‌ جیهان و له‌ پێش سۆماڵ و ئه‌فغانستان و میانمار و سودانه‌وه‌ دێت.



سودانی له‌ مایسدا له‌لایه‌ن لیژنه‌ی نه‌زاهه‌ی په‌رله‌مانی عێراقه‌وه‌ لێپێچینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا كرا سه‌باره‌ت به‌ چه‌ندین تۆمه‌ت، له‌وانه‌ش هاورده‌كردن و دابه‌شكردنی شه‌كری خراپ و گه‌نمی كۆن و تێوه‌گڵان له‌ گرێبه‌ستی نایاسایی و هاورده‌كردنی مادده‌ی وه‌ها كه‌ به‌ كه‌ڵكی به‌كارهێنان له‌ لایه‌ن مرۆڤه‌وه‌ نایه‌ت.



سودانی، كه‌ ره‌تیكردۆته‌وه‌ كاری خراپی ئه‌نجام دابێت، له‌ لایه‌ن كۆمیته‌كه‌وه‌ به‌ گه‌نده‌ڵی تۆمه‌تبار كرا و‌ له‌مانگی مایسدا ده‌ستگیركرا كاتێك خه‌ریك بوو ووڵات به‌جێبهێڵێت. ساعدی به‌ په‌یمانگای رۆژنامه‌وانیی جه‌نگ و ئاشتی راگه‌یاند كه‌ سودانی دواتر به‌كه‌فاله‌ت ئازادكرا و كه‌یسه‌كه‌ی نێردرایه‌ دادگای تاوانه‌كانی به‌غدا به‌ڵام دادگاكه‌ تا ئێستا هیچ تۆمه‌تێكی ره‌سمی ئاڕاسته‌ نه‌كردووه‌.



ساعدی رایگه‌یاند كه‌یسه‌كه‌ چوارمانگ له‌مه‌وبه‌ر ئاماده‌كراوه‌ و دادوه‌ره‌كه‌شی فشاری خراوه‌ته‌سه‌ر تا بۆ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو دوای بخات. عالیه‌ نسه‌یف جاسم، ئه‌ندامێكی دیكه‌ی لیژنه‌ی نه‌زاهه‌یه‌، حزبی ده‌عوه‌ی به‌وه‌ تۆمه‌تباركرد كه‌ فشاری خستۆته‌ سه‌ر دادگا تا وه‌زیره‌كه‌ ئازاد بكات و كۆتایی به‌ كه‌یسه‌كه‌ بهێنێت به‌بیانووی نه‌بوونی به‌ڵگه‌ی ته‌واو.



به‌ڵام عه‌بدولهادی حه‌سه‌ن، په‌رله‌مانتارێكی حیزبی ده‌عوه‌یه‌،‌ ره‌تكیكرده‌وه‌ كه‌ مالیكی ده‌ستی خستبێته‌ ناو‌ كه‌یسه‌كه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌كانی په‌رله‌مان له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی. حه‌سه‌ن وتی سه‌رۆك وه‌زیران خۆی لیژنه‌یه‌كی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ گه‌نده‌ڵی پاره‌ له‌‌ وه‌زاره‌تی بازرگانی پێكهێناوه‌.



"ئه‌مه‌ نیشانی ده‌دات كه‌ مالیكی چه‌نده‌ گرنگی ده‌دات به‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی گه‌نده‌ڵی چونكه‌ كاریگه‌ری به‌سه‌ر ژیانی رۆژانه‌یان هه‌یه‌."



جاسم لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی مالیكی وه‌ك هه‌وڵێك بۆ ته‌گه‌ره‌خستنه‌ به‌رده‌م دادگا ره‌تكرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ هه‌رچه‌نده‌ كه‌یسه‌كه‌ی سودانی له‌په‌رله‌مان كۆتای هاتووه‌ به‌ڵام جارێكی دیكه‌ له‌كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا رووبه‌روی لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌بێته‌وه‌.



موئه‌یه‌د سوادی، رۆژنامه‌نووسه‌، ده‌ڵێت پڕۆسه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی به‌قۆناغێكی گرنگدا تێده‌په‌ڕێت.



"پاش سه‌ركه‌وتنی په‌رله‌مان له‌ ناردنی وه‌زیری بازرگانی عێراق بۆ دادگا، پرۆسه‌كه‌ (به‌هۆی دواخستنی كه‌یسی سودانی) توشی نوشوستی هاتووه‌."



له‌ هه‌مان كاتدا، مالیكی جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌رپرسه‌ گه‌نده‌ڵه‌كان ریشه‌كێش ده‌كات.



مالیكی له‌ لێدوانێكی به‌م دواییه‌ی وتی، "گه‌نده‌ڵی له‌نێو ده‌زگا باڵاكانی حكومه‌ت كه‌م بۆته‌وه‌ و ته‌نها له‌ ده‌زگا ناباڵاكان‌ بوونی هه‌یه‌. حكومه‌ت ده‌توانێت ئه‌ركی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا جێبه‌جێ بكات."



هه‌روه‌ها عه‌لی موسه‌وی، یه‌كێكه‌ له‌ راوێژكاره‌كانی مالیكی، به‌ته‌له‌فون به‌ IWPRی راگه‌یاند، "گه‌نده‌ڵكاران هه‌ركه‌سێك بن سزا ده‌درێن. سه‌رۆك وه‌زیران به‌رگری له هیچ‌ به‌رپرسێك و وه‌زیرێك ناكات. هه‌رچه‌نده‌ وه‌زیری بازرگانی له‌هه‌مان حزبه‌، به‌ڵام دادپه‌روه‌ری خه‌ریكه‌ رێچكه‌ی خۆی ده‌گرێته‌ به‌ر له‌م كه‌یسه‌دا."



به‌ڵام زۆرێك له‌ هاوڵاتیانی ئاسایی رازی نین و پێیان وایه‌ كه‌ لێپرسراوه‌ گه‌نده‌ڵه‌كان به‌رپرسن له‌ لاوازبوونی ژێرخان و كه‌می خزمه‌تگوزارییه‌كان.



به‌درێژایی ئه‌و شه‌قامه‌ سه‌ره‌كییه‌ی كه‌ هه‌ردوو گه‌ڕه‌كی سه‌یدیه‌ و به‌یاع له‌ به‌غدا جیاده‌كاته‌وه‌، عه‌لیا ئه‌حمه‌د، خوێندكاری زانكۆیه‌، ئاماژه‌ی كرد بۆ خراپی جاده‌كه‌ كه‌ چه‌ند جارێك قیڕكراوه‌ته‌وه‌ و پردێكی ته‌واو نه‌كراویش كه‌‌ بۆماوه‌ی دوو ساڵه‌ له‌ژێر چاككردنه‌وه‌دایه‌.



" ئایا جێگای خه‌م نییه‌... چۆن حكومه‌ت ده‌ڵێت گه‌نده‌ڵی دارایی خه‌ریكه‌ له‌ناو ده‌برێت له‌كاتێكدا ده‌بێت زۆرێك له‌ لێپرسراوان رۆژانه‌ لێره‌وه‌ بڕۆن و ئه‌م پرده‌ ته‌واونه‌كراوه‌ كه‌ بۆ هه‌موو ناوچه‌كه‌ گرنگه‌ ده‌بینن. ئه‌مه‌ باوه‌ڕ ناكرێت،" عه‌لیا وتی.



حازم شه‌رع رۆژنامه‌نووسێكی راهێنراوی IWPR له‌ به‌غدا. عه‌بیر محه‌مه‌د نووسه‌رێكی پێشكه‌وتووی IWPRه له‌ عێراق و‌ له‌به‌غدا داده‌نیشێت.
Africa
Frontline Updates
Support local journalists