Institute for War and Peace Reporting | Giving Voice, Driving Change

خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌حه‌زه‌ره‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ به‌ڵێنه‌ نوێیه‌كان

خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه،‌ له‌گه‌ڵ یادكردنه‌وه‌ی بیسته‌مین ساڵیادی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌دا‌‌، یادی په‌یمانشكێنی به‌ڵێنه‌كانی رابردووش ده‌كه‌نه‌وه‌.
By
.



به‌ڵام خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌گومانه‌وه‌ سه‌یری ئه‌و به‌ڵێنه‌ ده‌كه‌ن – كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ خۆئاماده‌كردنی هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان بۆ یادكردنه‌وه‌ی بیسته‌مین ساڵیادی كیمیابارانی ئه‌و شاره‌- و توڕه‌ن به‌رامبه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌ره‌ئه‌وه‌ی چاودێری و سه‌رپه‌رشتی ساڵیادی ئه‌مساڵی نه‌كردۆته‌وه‌.



له‌م هه‌فته‌یه‌دا،‌ كابینه‌ی حكومه‌تی عێراقی به‌ڵێنیدا یارمه‌تیه‌ك به‌ بڕی ٦ ملیۆن دۆلاری ئه‌مریكی بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ دابینبكات و وتی هه‌روه‌ها له‌و كۆمپانیایانه‌ش ده‌پێچێته‌وه‌ و داوای یاساییان له‌سه‌ر تۆمارده‌كات‌ كه‌ ئه‌و چه‌كه‌ كیمیاییانه‌یان داوه‌ته‌‌ رژێمی پێشوو كه‌ له‌ دژی ئه‌و شارۆچكه‌یه‌ به‌كاریهێنا، ئه‌و شارۆچكه‌یه‌ی ئێستا خه‌ریكی خۆی ئاماده‌كردنه‌ بۆ ساڵیادی بیسته‌مینی ئه‌و هێرشه‌.



به‌ گوێره‌ی لێدوانێكی فوئاد ساڵحی قایمقامی هه‌ڵه‌بجه‌، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پارێزگای سلێمانیش كه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌شێكه‌ لێی، به‌ڵێنی دابینكردنی ٢٣ ملیۆن دۆلاریان داوه‌ بۆ هه‌ڵه‌بجه‌.



ئه‌گه‌ر ئه‌و فه‌نده‌ بگات، گه‌وره‌ترین یارمه‌تی ده‌بێت هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌ریبگرێت له‌و كاته‌وه‌ی به‌شێكی گه‌وره‌ی ئه‌و شاره‌ له‌ ١٦ ی ئازاری ١٩٨٨ دا وێرانكرا. له‌و هێرشه‌دا ٥ هه‌زار كه‌س كوژران و ١٠ هه‌زاری تریش برینداربون، كاتێك رژێمی پێشوی عێراق په‌لاماری ئه‌و شاره‌یدا و به‌ چه‌كی كیمیایی قه‌ده‌غه‌كراو له‌ جیهاندا بۆردومانیكرد، له‌وانه‌ گازی VX و سارین و خه‌رده‌ل.



دانیشتوانی ئه‌م شارۆچكه‌یه‌ كه‌ نزیكه‌ی ٨٠ هه‌زار كه‌س ده‌بێت، زۆرجار سكاڵای ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان شتێكی كه‌می كردوه‌ بۆ باشكردنی چاودێری ته‌ندروستی و رێگاوبان و قوتابخانه‌ و خانوبه‌ره‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌، كه‌ زۆریان هه‌روه‌كو بارێك له‌ داروپه‌ردو ماونه‌ته‌وه‌ له‌ ماوه‌ی ٢٠ ساڵی رابردودا.



خه‌ڵكی كورد هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌كو سومبولی ئازاروئه‌شكه‌نجه‌ی سه‌رده‌مانی سه‌دام سه‌یرده‌كه‌ن، به‌ڵام فوئاد ساڵح وتی هه‌وڵی زۆر له‌ ئارادایه‌ بۆ باشتركردنی ئاستی ژیان له‌و شارۆچكه‌یه‌دا.



هه‌روه‌ها وتی، "ساڵی ٢٠٠٧ ساڵی وه‌رچه‌رخان بو له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌دا، و چه‌ندین ملیۆن دۆلار خه‌رجكرا. ئه‌مساڵ، پرۆژه‌ی زیاتریش جێبه‌جێده‌كرێت له‌و شارۆچكه‌یه‌دا‌."



قایمقامی هه‌ڵه‌بجه‌ وتی ئیداره‌ی سلێمانی به‌ڵێنی دابینكردنی ٦ ملیار دیناری داوه‌ (٥ ملیۆن دۆلار) بۆ چاودێری ته‌ندروستی و رێگاوبان و سیستمی ئاو و ئاوه‌رۆ. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چوار ملیۆن دۆلاری ته‌رخانكردوه‌ بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی خه‌سته‌خانه‌یه‌كی ١٠٠ قه‌ره‌وێڵه‌یی كۆن، ١٣ ملیۆن دۆلاریش بۆ دروستكردنی خه‌سته‌خانه‌یه‌ك بۆ قوربانیانی هێرشه‌كان و هه‌روه‌ها سێ قوتابخانه‌ كه‌ هه‌ر یه‌كه‌یان ‌بڕی نزیكه‌ی ٨٠٠ ملیۆن دیناری تێده‌چێت. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاندوه‌ كه‌ ١٣ ملیۆن دۆلاری ته‌رخانكردبو بۆ خه‌سته‌خانه‌كه‌ له‌ ٢٠٠٦دا، به‌ڵام هێشتا به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌كه‌ی ده‌ستپێنه‌كردوه‌.



دانیشتوانی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌حه‌زه‌ره‌وه‌ خۆشحاڵی خۆیان ده‌ربڕی به‌رامبه‌ر به‌و به‌ڵێنانه‌ی دراوه‌ بۆ دابینكردنی فه‌ند بۆ هه‌ڵه‌بجه‌.



فه‌لاح نه‌جم، ٢١، دانیشتویه‌كی هه‌ڵه‌بجه‌، وتی، "هه‌تا ئه‌نجامه‌كان نه‌بینم، ناتوانم هیچ شتێك بڵێم." ئه‌مه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌سته‌ به‌ربڵاوه‌یه‌ كه‌ له‌ناو خه‌ڵكدا هه‌یه‌. هه‌روه‌ها وتی "ئێمه‌ به‌ته‌واوه‌تی هه‌ست به‌ بێئومێدی ئه‌كه‌ین به‌هۆی ئه‌و هه‌موو به‌ڵێنانه‌ی له‌ چه‌ند ساڵی رابردودا شكێنران."



ئه‌و ٦ ملیۆن دۆلاره‌ی حكومه‌تی مه‌ركه‌زی به‌ڵێنیداوه‌ دابینیبكات، گه‌وره‌ترین به‌شداریكردنی به‌غدایه‌ له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌دا. له‌ بڵاوكراوه‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، حكومه‌ت وتی ئه‌و پاره‌وپوله‌ به‌كارده‌هێنرێت بۆ یارمه‌تیدان له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌و شارۆچكه‌یه‌دا، به‌ڵام ئه‌وه‌یان دیارینه‌كرد كه‌ ئه‌و فه‌نده‌ چۆن خه‌رجده‌كرێت.



ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران وورده‌كاری ئه‌وه‌ی نه‌خستۆته‌ڕوو بڕیاروایه‌ لێپێچینه‌وه‌‌ له‌گه‌ڵ كام كۆمپانیایانه‌دا بكات بۆ فرۆشتنی چه‌كی كیمیایی به‌ رژێمی پێشوو. به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی به‌رامبه‌ر به‌ بڕیاری ‌ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌.



جه‌مال عه‌بدوڵا، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وتی، "خۆشحاڵین به‌و هه‌واڵه‌، ئێمه لێپرسراوین له‌ خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌، هه‌رچیه‌كیشمان پێبكرێت ئه‌یكه‌ین بۆ به‌ره‌وپێشبردنی ئه‌و كه‌یسه‌."



لوقمان عه‌بدولقادر، سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی چه‌كی كیمیایی هه‌ڵه‌بجه‌، وتی، "ئێمه‌ زۆر خۆشحاڵین به‌ بڕیاری حكومه‌تی مه‌ركه‌زی بۆ دابینكردنی خزمه‌تگوزاری بۆ هه‌ڵه‌بجه‌. به‌ڵام پێویست بو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌م هه‌نگاوه‌ی زۆر له‌مه‌وپێش بنایه‌."



لوقمان وتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ساڵی پار ٥٠٠ خانوی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ دروستكردوه‌ و له‌ به‌رنامه‌شیدایه‌ ١٠٠٠ خانوی تر له‌ ٢٠٠٨ دا دروستبكات.



به‌ هۆی نه‌بونی فه‌نده‌وه‌، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاریدا سه‌رپه‌رشتی ساڵیادی قوربانیانی كیمیابارانه‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ نه‌كاته‌وه‌. گرژی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دانیشتوان له‌ رووداوه‌كه‌ی ٢٠٠٦ه‌وه‌ له‌ به‌رزبونه‌وه‌دایه، كاتێك هێزه‌كانی ئاسایش ته‌قه‌یان له خۆپیشاندانێك كرد كه‌ وه‌كو ناڕه‌زاییه‌ك له‌ دژی حكومه‌ت سازكرابو به‌ هۆی كه‌می خزمه‌تگوزاریه‌كانه‌وه‌ له‌و شارۆچكه‌یه‌دا. لوقمان وتی پێكدادانه‌كانی ٢٠٠٦ كارینه‌كردۆته‌‌ سه‌ر بڕیاری حكومه‌ت بۆ كشانه‌وه‌ له‌و مه‌سه‌له‌ له‌مساڵدا. ‌



حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌و كاته‌وه‌ی ئه‌و هه‌رێمه‌ له‌ ساڵی ١٩٩١دا نیمچه‌ ئۆتۆنۆمی وه‌رگرتوه‌ و له‌ژێر ده‌ستی رژێمه‌كه‌ی سه‌دام هاتۆته‌ ده‌ره‌وه‌، چاودێری و سه‌رپه‌رشتی ساڵیاده‌كانی قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه‌ی كردووه‌.



فوئاد ساڵح ئه‌وه‌شی وت كه‌ له‌ رۆژی ١٦ی ئازاردا هه‌ڵه‌بجه‌ مه‌راسیمی تایبه‌ت سازده‌كات بۆ رێزلێنان له‌ گیانی قوربانیانی ئه‌و هێرشه‌ كیمیاییه‌، له‌ رێگه‌ی خوێندنه‌وه‌ی وتار و موزیك و شانۆگه‌ریه‌وه‌ كه‌ پارێزگای سلێمانی بودجه‌ی بۆ ته‌رخانكردوه‌. فوئاد وتی بودجه‌كه‌ ٤٠ ملیۆن دیناره‌.



به‌ڵام، دانیشتوان نه‌بونی كۆمه‌كی داراییان له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پێناخۆش بو.



لوقمان عه‌بدولقادر وتی چاودێرینه‌كردنی ساڵیاده‌كه‌ "كه‌مكردنه‌وه‌یه‌ له‌ گرنگی بۆنه‌كه‌."



كۆمار محه‌ممه‌د، ٣٢، مامۆستا، هه‌شت خزمی له‌ هێرشه‌ كیمیاییه‌كه‌دا له‌ده‌ستداوه‌، وه‌سفی ره‌مزیه‌تی ساڵیادی هه‌ڵه‌بجه‌ی كرد.



"هه‌موو ساڵێك، له‌م رۆژه‌دا بیری ئه‌و كاره‌ساته‌ك ئه‌كه‌وێته‌وه، ئێجگار ئازارم ئه‌دات. بیرم ده‌خاته‌وه‌ چۆن، له‌م رۆژه‌دا، سه‌دان خه‌ڵكی بێدیفاع كوژران. هه‌موو جیهانیش سه‌یریده‌كرد و كه‌سیش به‌رگری لێنه‌كردن."



هه‌روه‌ها وتی، "له‌ دڵه‌وه‌ هیواموایه‌ لێپرسراوان ئاگایان له‌ خێزانی قوربانیانه‌كان بێت. ماوه‌یه‌كی زۆره‌ ئه‌تلێنه‌وه‌ و پێویستیان به‌ ئاوڕلێدانه‌وه‌یه‌."



ئازیز مه‌حمود رۆژنامه‌نوسێكی راهێنراوی (IWPR)ه‌ له‌ سلێمانی. مه‌ریوان حه‌مه‌سه‌عید موحه‌ریری عێراقی (IWPR)ه‌.