Institute for War and Peace Reporting | Giving Voice, Driving Change

كچان له‌خوێندن بێبه‌شده‌كرێن

دایكان و باوكان له‌ترسی توندوتیژی میلیشیا كچه‌كانیان له‌ خوێندن ده‌رده‌هێنن.
By Samah Samad
13 ساڵ سه‌روژێركرا كاتێك كه‌ دوو ساڵ له‌مه‌وپێش هاورِێیه‌كی قوتابخانه‌ی له‌لایه‌ن چه‌ند چه‌كرادرێكه‌وه‌ رفێندرا.



ئه‌وكچه‌ قوتابیه‌ی هاورِێی له‌ رێگه‌ی قوتابخانه‌ له‌ كه‌ركوك له‌ لایه‌ن چه‌ند چه‌كدراێكه‌وه‌ رفێنراو پاش سێ رۆژ ئازاد كرا دوای ئه‌وه‌ی ماڵی قوتابییه‌كه‌ برِی 40 هه‌زار دۆلاریان دا به‌ چه‌كدراره‌كان.



راسته‌وخۆ دایك و باوكی هودا، له‌ترسی ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ك هوداش هه‌مان رووداوی به‌سه‌ردابێت، هودایان له‌ خوێندن ده‌رهێنا. ئه‌و كه‌ ئێستا زۆربه‌ی جار خه‌م رووخساری داده‌پۆشێت، زۆربه‌ی كاته‌كانی به‌ ئیشی ماڵه‌وه‌ به‌سه‌رده‌بات ه‌و ئه‌گه‌ر كاره‌باش هه‌بێت ئه‌وا ته‌ماشای ته‌له‌فۆن ئه‌كات.



هودا ئیره‌ییبه‌ هاورِێ قوتابییه‌كانی و دوو براكه‌ی ده‌بات كه‌ هێشتا سه‌رگه‌رمی خوێندنن و ئه‌ڵێت كه‌ به‌رده‌وام بیر له‌ برِیاره‌كه‌ی دایك و باوكی ده‌كاته‌وه‌، "تاوانێكی ناشیرین دژی من كرا،" ودوای هه‌ناسه‌یه‌كی قوڵ ئه‌ڵێت كه‌ ئه‌زانێت دایك و باوكی ژیانی ئه‌ویان به‌لاوه‌ گرنگه‌ بۆیه‌ ناهێڵن برِواته‌وه‌ بۆ قوتابخانه‌.



هودا ئه‌ڵێت، "هه‌ر كه‌ وه‌زع باش بوویه‌وه‌ ئه‌رِۆمه‌وه‌ بۆ قوتابخانه‌، به‌ڵام حاڵی حازر ئه‌بێت به‌ گوێی دایك و باوكم بكه‌م."



به‌پێی ئامارێك كه‌ له‌لایه‌ن رێكخراوی ژنان بۆ ژنانی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا بلاَوكرایه‌وه‌ ده‌ریده‌خات كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كچانی عێراق بێبه‌شكراون له‌ خوێندن. له‌ 75%ی ئه‌و 1510 ئافره‌تانه‌ی كه‌ چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ كرابوو وتبوویان كه‌ كچانی خێزانه‌كانیان بێبه‌شكراون له‌ خوێندن و له‌ نیوه‌ی ئه‌و ئافره‌تانه‌ش وتیان كه‌ له‌دوای شه‌رِی ساڵی 2003ه‌وه‌ كچه‌كانیان بێبه‌شكراون له‌ خوێندن.



له‌ شاری كه‌ركوك، كه‌ تیایدا به‌شێوه‌یه‌كی پچرِپچرِ توندوتیژی روویداوه‌، به‌رِێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی پارێزگاكه‌ ده‌ڵێت كه‌ نزیكه‌ی له‌ 30% كچان له‌ماوه‌ی پێنج ساڵی رابردوودا وازیان له‌خوێندن هێناوه‌.



پسپۆران ئه‌ڵێن كه‌ كۆمه‌ڵێك هۆكار وه‌ك خراپی باری ئه‌منی و هه‌ژاری و دابونه‌ریتی كۆمه‌لاَیه‌تی بوونه‌ته‌ هۆی بێبه‌شكردنی كچان له‌ خوێندن.



دالیا موكه‌ره‌م، 33، توێژه‌ری كۆمه‌لاَیه‌تی كه‌ پسپۆرِی له‌ بواری په‌روه‌رده‌دا هه‌یه‌ له‌ كه‌ركوك، وتی كچان له‌ ناوچه‌ گوند نشینه‌كاندا هه‌میشه‌ كێشه‌ی چونه‌ قوتابخانه‌یان هه‌بووه‌ به‌هۆی دابونه‌ریتی خێڵه‌كی. له‌ ساڵی 1970كاندا حكومه‌تی به‌عس برِیاری ده‌ركرد كه‌ ده‌بوو كچان هه‌تا ته‌مه‌نی ده‌ساڵی له‌خوێندندا بمێننه‌وه‌.



دالیا ئه‌ڵێت حاڵی حازر ته‌نانه‌ت بنه‌ماڵه‌ خوێنده‌واره‌كانیش له‌ناوچه‌كه‌دا ده‌ستیانكردووه‌ به‌ ده‌رهێنانی كچه‌كانیان له‌ خوێندن به‌هۆی توندوتیژی و نائارامی باری ئه‌منییه‌وه‌.



دالیا وتی، "له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا رێژه‌ی وه‌زهێنانی كچان له‌قوتابخانه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی ترسناك زیادبووه‌ به‌هۆی خراپ بوونی باری ئه‌منی وترسی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌وانه‌یه‌ (كچان) ببنه‌ ئامانجی تیرۆریستان."



ئه‌حمه‌د له‌تیفی 44 ساڵ، باوكی هودا، وتی نایه‌وێت كچه‌كه‌ی برِواته‌وه‌ بۆ قوتابخانه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌وانه‌یه‌ بكوژرێت یان ده‌سترێژی بكرێته‌سه‌ر ،"ئه‌وه‌ش ئه‌بێته‌ په‌ڵه‌یه‌ك به‌سه‌ر سومعه‌ی بنه‌ماڵه‌كه‌مه‌وه‌."



هه‌وره‌ها ئه‌حمه‌د وتی، "كچه‌كه‌مم ناچاركرد واز له‌ خوێندن بهێنێت بۆ ئه‌وه‌ی بیپارێزم له‌ چه‌ته‌و تیرۆریستان."



دایكی هودا، فائزه‌ موسته‌فا، 39، وتی، "زۆر پێمناخۆشه‌كه‌ (هودا)ئه‌بینم بێتاقه‌ت و خه‌مباره‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ وازی له‌ خوێندن هێناوه‌. ئه‌مانه‌وێت هه‌موو منداڵه‌كانمان خوێنده‌واربن و داهاتوودا هه‌موویان ئیشیان ده‌ستبكه‌وێت."



دایك و باوكی هودا هه‌ردووكیان خوێنده‌وارن و به‌های خوێنده‌واری ئه‌زانن، به‌ڵام چه‌ندین خێزانی تر هه‌ن كه‌ رێگه‌ناده‌ن كچه‌كانیان بچنه‌ قوتابخانه‌.



نه‌وال حه‌سه‌ن، ته‌مه‌نی 41 ساڵه‌و چنی ماڵه‌وه‌یه‌ له‌ كه‌ركوك، رێگه‌نادات هه‌ر سێ كچه‌كه‌ی بچنه‌ قوتابخانه‌- ته‌مه‌نی كچه‌كانی 9،12، 17 ساڵن. نه‌وال ئه‌ڵێت كه‌ كاتی خۆی دایكی رێگه‌ی پێدابوو بچێته‌ قوتابخانه‌ ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌لف با فێربێت و بتوانێت ناوی خۆی خۆی بنوسێت. نه‌وال هه‌ر له‌ قۆناغی سه‌ره‌تاییدا وازی له‌خوێندن هێناو له‌ته‌مه‌نی 19 ساڵیشدا شوویكرد.



نه‌وال وتی، "پێمباشه‌ كچه‌كانم له‌ ماڵدا بمێننه‌وه‌. باشتره‌ له‌وه‌ی برِۆن بۆ قوتابخانه‌و توشی ناره‌حه‌تی ببن. دابه‌نه‌ریتی بنه‌ماڵه‌كه‌مان رێگه‌مان پێنادات كچه‌كانمان بنێرین بۆ قوتابخانه‌." هه‌روه‌ها وتیشی، "ده‌رچوونی كچان له‌ ماڵه‌وه‌و تێكه‌ڵبوونیان به‌ خه‌ڵك (ی نامۆ) ناوبانگی بنه‌ماڵه‌كه‌مان له‌كه‌دار ئه‌كات."



به‌پێی راپۆرته‌كه‌ی رێكخراوی ژنان بۆ ژنانی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ژاریش یه‌كێكه‌ له‌و هۆكارانه‌ی كه‌ دایكان و باوكان ناچار ئه‌كات منداڵه‌كانیان له‌ خوێندن ده‌ربهێنن و له‌ جیاتی ئه‌وه‌ بیاننرێن بۆ ئیشكردن.



نه‌دوه‌ مه‌حمود، به‌رِێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی ئینتیسار له‌ كه‌ركوك، وتی مامۆستاكانی قوتابخانه‌كه‌ی نه‌رمی زۆرئه‌نوێنن به‌رامبه‌ر به‌ قوتابییه‌كانیان له‌رووی ئاماده‌بوونیان له‌ وانه‌كانداو حكومه‌تیش له‌ساڵی 2006ه‌وه‌ پاسه‌وانی بۆ دابینكردون.ئه‌و وتی كه‌ تا ئێستاش به‌رده‌وام كچان واز له‌ خوێندن ئه‌هێنن به‌تایبه‌ت له‌ ته‌مه‌نه‌كانی 13و14ساڵیدا.



نه‌دوه‌ وتی ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ نه‌خوێنده‌واری كچان كاریگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ر پاشه‌رۆژیان، "كێشه‌ی نه‌خوێنده‌واری كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی ده‌بێت له‌سه‌ر كچان و ته‌نانه‌ت كاتێ كه‌ شوو ده‌كه‌ن كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر منداڵه‌كانیان چونكه‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌م كچانه‌ (كه‌ دایكانی ئاینده‌ن) به‌رده‌وامبن له‌سه‌ر دابونه‌ریتی بنه‌ماڵه‌كانیان و كچه‌كانیان له‌ماڵه‌وه‌ ئه‌هێڵنه‌وه‌."



به‌وته‌ی دالیا ئه‌وكچانه‌ی كه‌ له‌ماڵه‌وه‌ ئه‌مێننه‌وه‌ هه‌ست به‌ بێزاری وخه‌مۆكی ئه‌كه‌ن و زۆربه‌ی كاتیش به‌ ته‌ماشاكردنی ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌ به‌سه‌رده‌به‌ن.



عه‌لی غه‌دیر، 35، نوسه‌رێك له‌ كه‌ركوك، وتی كچان ئه‌و تۆزه‌ سه‌ربه‌ستیه‌ی كه‌ هه‌یانبووه‌ به‌هۆی بارودۆخی ئه‌منییه‌وه‌ له‌ده‌ستیانداوه‌. ئه‌و وتی ته‌واوی نه‌وه‌یه‌ك كاریلێده‌كرێت ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام كچان بێبه‌شبكرێن له‌ خوێندن.



عه‌لی وتی، "له‌ ئاینده‌دا، كۆمه‌ڵێكی زۆر له‌ ئافره‌تی نه‌خوێنده‌وار په‌یداده‌بن ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری به‌سه‌ر منداڵه‌كانیانه‌وه‌ئه‌بێت." هه‌روه‌ها وتی، "ئه‌م كچانه‌ هه‌موو ته‌مه‌نیان به‌ ئیشكردن له‌ماڵه‌وه‌ به‌سه‌رده‌بن و (كه‌ كاتی شووكردنیشیان هات) دایك وباوكیشیان ده‌یان به‌و كه‌سه‌ی كه‌ خۆیان به‌دڵیانه‌."



به‌وته‌ی نه‌سره‌دین عه‌بدولره‌حمان، به‌رێوه‌به‌ری به‌شی پلاندانان له‌ به‌رِێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك، به‌مه‌به‌ستی رووبه‌روبونه‌وه‌ی كێشه‌كه‌، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ تیمی گه‌رۆك ئه‌نێرێت بۆ گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری كه‌ركوك بۆ دابینكردنی خوێندن بۆ ئه‌و كچانه‌ی كه‌ وازیان له‌ خوێندن هێناوه‌.



هه‌روه‌ها به‌ وته‌ی نه‌سره‌دین، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ به‌رنامه‌ی خوێندنی خێرای داناوه‌ بۆ ره‌خساندنی هه‌ل بۆ ئه‌و قوتابیانه‌ی كه‌ له‌ ته‌مه‌نی 12-18 ساڵیدان له‌ قۆناغی سه‌ره‌تاییدا وازیان له‌ خوێندن هێناوه‌.



دالیا وتی كه‌ رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كانیش ئه‌توانن به‌شداربن له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ رێژه‌ی ئه‌و كچانه‌ی كه‌ بێبه‌ش ئه‌كرێن له‌ خوێندن به‌دابینكردنی كه‌ره‌سه‌ی خوێندن و هاندانی كچان بۆ ئه‌وه‌ی له‌ماڵه‌وه‌ به‌رده‌وامبن له‌ خوێندن.



به‌ڵام به‌ وته‌ی عه‌لی ئه‌و جۆره‌ یارمه‌تیانه‌ی رێكخراوه‌كان له‌وه‌انه‌یه‌ كاریگه‌ری ته‌نها بۆ ئه‌و كچانه‌بێت كه‌ به‌هۆێ خراپی باری ئه‌منییه‌وه‌و وازیان له‌ خوێندن هێناوه‌، ئه‌گینا كاریگه‌ری نابێت له‌سه‌ر ئه‌و خێزانانه‌ی كه‌ به‌های خوێندن نازانن و بایه‌خی بێناده‌ن.



عه‌لی وتی، "ئه‌م مه‌سه‌لانه‌ واته‌ماشاده‌كرێن مه‌ مه‌سه‌له‌ی خێزانیبن و خێزانه‌كان به‌رپرسبن له‌ برِیاردان. مه‌سه‌له‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ (به‌ نیسبه‌ت خێزانه‌كانه‌وه‌) كه‌ رێكخراوه‌كان و حكومه‌ت بۆیان نییه‌ ته‌داخولی مه‌سه‌له‌ خێزانییه‌كان بكه‌ن."



سه‌ماح سه‌مه‌د رۆژنامه‌نووسێكی مه‌شقپێكراوی ئه‌نستیتۆی رۆژنامه‌وانی جه‌نگ و ئاشتییه‌ له‌ كه‌ركوك