هه‌وڵی خۆكوشتن خواست له‌سه‌ر نه‌شته‌رگه‌ری جوانكاری زیاترده‌كات

ئامانج خه‌لیل له‌ سلێمانی

هه‌وڵی خۆكوشتن خواست له‌سه‌ر نه‌شته‌رگه‌ری جوانكاری زیاترده‌كات

ئامانج خه‌لیل له‌ سلێمانی

IWPR

Institute for War & Peace Reporting
Thursday, 14 June, 2007
. رۆژانێك بوو سوهام شانازی به‌ جوانیه‌كه‌یه‌وه‌ ئه‌كرد، ئێستا شه‌رم ده‌كات ئه‌و ئاسه‌وارانه‌ نیشان بدات كه‌ هه‌وڵی خۆسوتاندنه‌كه‌ی به‌سه‌ر ده‌موچاویه‌وه‌‌ به‌جێیهێشتووه‌.



ساڵی پار، پاش چه‌ندین چه‌له‌حانێی توند و ناخۆش له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌ی، ئه‌م ئافره‌ته‌ گه‌نجه‌ بڕیاریدا گڕ له‌ جه‌سته‌ی خۆی به‌ربدات و كۆتایی به‌ ژیانی خۆی بهێنێت. ئه‌وه‌ ته‌نها رێگه‌ بوو بیری لێبكاته‌وه‌ بۆ رزگاربون له‌ ژیانێكی پڕاوپڕ له‌ غه‌درلێكردن له‌سه‌ر ده‌ستی مێرده‌كه‌یدا.



ئێستا سوهام یه‌كێكه‌ له‌ ژماره‌یه‌كی رووله‌زیادی ئه‌و ژنانه‌ی نه‌شته‌رگه‌ری جوانكاری ده‌كه‌ن بۆ لابردنی ئه‌و سوتاویانه‌ی هه‌وڵی خۆسوتاندنه‌كه‌ی له‌سه‌ر ده‌موچاوی دروستیكردووه‌.



پێش ئه‌وه‌ی گڕ له‌ خۆی به‌ربدات، سوهام وتی بیری له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ ئاخۆ دوو مناڵه‌كه‌ی به‌بێ دایكیان چیان لێبه‌سه‌ردێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ش له‌ بڕیاره‌كه‌ی په‌شیمانی نه‌كرده‌وه‌.



سوهام وتی، "ئه‌مزانی ئه‌وه‌ كۆتایی ژیانمه‌، ویستم له‌م ژیانه‌ و ئیهانه‌كانی مێرده‌كه‌م رزگارم بێت".



سوهام به‌ پێنج لیتیریه‌ك نه‌وت و چه‌رخێكه‌وه‌، خۆی كرد به‌ حه‌مامه‌كه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س چاوی لێی نه‌بێت. كه‌مێك دوای ئه‌وه‌، سوهام به‌ گیانی گڕاویه‌وه‌ ده‌رپه‌ڕیه‌ ده‌ره‌وه‌ و هاواری ئه‌كرد فریام كه‌ون.



دراوسێكانی هاتن به‌ هاواریه‌وه‌ و به‌ به‌تانی ته‌ڕ كوژاندیانه‌وه‌ و ئینجا بردیان بۆ خه‌سته‌خانه‌. له‌وێ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك بۆ چاكبونه‌وه‌ مایه‌وه‌ پێش ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ژیانه‌ كۆنه‌كه‌ی.



به‌ڵام هه‌موو به‌یانیه‌ك كه‌ سه‌یری ئاوێنه‌ی ده‌كرد، ئه‌یزانی‌ ده‌موچاوی هه‌رگیز وه‌كو جارانی لێنایه‌ته‌وه‌ - له‌به‌رئه‌وه‌ په‌نایبرده‌ به‌ر نه‌شته‌رگه‌ری جوانكاری بۆ گێڕانه‌وه‌ی ده‌موچاوه‌كه‌ی جارانی ئه‌وه‌نده‌ی مومكین بێت و بۆی بكرێت.



سوهام، كه‌ ده‌یزانی چه‌ند زه‌حمه‌ته‌ ئاسه‌واری ئه‌و كاره‌ی پێهه‌ڵساوه‌ بسڕرێته‌وه‌، به‌حه‌سره‌ته‌وه‌ وتی، "په‌شیمانم له‌وه‌ی كردم به‌رامبه‌ر به‌ خۆم."



سوهام كه‌ ئافره‌تێكی گه‌نم ڕه‌نگ بو و چاوه‌كانی گه‌وره‌بون، زۆر شانازی به‌ جوانی خۆیه‌وه‌ ئه‌كرد پێش هه‌وڵی خۆسوتاندنه‌كه‌ی. هه‌روه‌ها وتی، "پێش شووكردنم چه‌ندین داواكارم هه‌بوو."



به‌ڵام سوهام ته‌نها نیه‌. له‌ كوردستانی عێراقدا، خۆسوتاندن - یان گڕ له‌ جه‌سته‌ی خۆبه‌ردان – باوترین شێوازی خۆسوتاندنی ژنانه‌.



شاره‌زایان ده‌ڵێن ژنان زۆجار ناچارده‌بن په‌نابه‌رنه‌ به‌ر ئه‌م كاره‌ بێهوده‌یه‌ بۆ رزگاربون له‌ توندوتیژی خێزانیی له‌ ماڵه‌وه‌. نه‌بونی راوێژكارانی سایكۆلۆژی یان راوێژكارانی تایبه‌ت به‌ ژیانی هاوسه‌رگیریی و هه‌روه‌ها یاسا كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ تونده‌كان كه‌ ناهێڵێت خه‌ڵك باسی مه‌سه‌له‌ شه‌خسیه‌كان بكه‌ن له‌ ده‌ره‌وه‌ی خێزاندا، ئه‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ هه‌ست بكه‌ن هیچ شوێنێكیان نیه‌ رووی تێبكه‌ن بۆ داواكردنی یارمه‌تی.



به‌پێی ئاماری خه‌سته‌خانه‌ی ئیمێرجنسی سلێمانی، له‌ ساڵی ٢٠٠٦ دا، نزیكه‌ی ١٥٠٠ ژن له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌وڵیانداوه‌ به‌م رێگه‌یه‌ كۆتایی به‌ ژیانی خۆیان بهێنن. نزیكه‌ی سێ یه‌كی ئه‌و ژنانه‌ به‌ هۆی سه‌ختی سوتاوییه‌كانیانه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.



زۆریش له‌وانه‌ی له‌ ژیاندا ماوون ئێستا له‌ هه‌وڵی ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ری جوانكاریدان بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئاسه‌واره‌كانی ئه‌و خۆسوتاندنه‌ رزگاریان ببێت.



یه‌كه‌م چاره‌سه‌ری كتوپڕی بۆ قوربانیانی سوتاوی له‌ خه‌سته‌خانه‌ گشتیه‌كاندا عاده‌ته‌ن به‌ خۆڕاییه‌، به‌تایبه‌ت چاره‌سه‌ری ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌ندامی خێزانه‌ كه‌م ده‌رامه‌ته‌كانن.



كاتێك قوربانیه‌كان ده‌هێنرێن بۆ خه‌سته‌خانه‌، دكتۆره‌كان نه‌شته‌رگه‌ری به‌په‌له‌ی بۆ ده‌كه‌ن، وه‌كو زه‌رعی پێست. به‌ڵام ده‌بێت قوربانیه‌كان پاره‌ی ئه‌و نه‌شته‌رگه‌ریانه‌ بده‌ن كه‌ پێویست ناكات و‌ ته‌نها بۆ مه‌به‌ستی جوانكردن پێویستن.



ئه‌مه‌ش هه‌رزان نیه‌ - لابردنی سوتاوییه‌كی قه‌باره‌ مامناوه‌ند ٥٠٠ دۆلاری تێده‌چێت كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ دوو ئه‌وه‌نده‌ی تێكڕای داهاتی مانگانه‌ زیاتره‌ - به‌ڵام سه‌ره‌ڕای تێچوونه‌كانی، خواست له‌سه‌ر نه‌شته‌رگه‌ری جوانكاری هه‌ر له‌به‌رزبونه‌وه‌دایه‌.



ئاری ره‌حیم جه‌راحێكه‌ له‌ یه‌كێك له‌و ١٨ كلینیكه‌ی سلێمانی كه‌ نه‌شته‌رگه‌ری جوانكاری بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هه‌وڵی خۆسوتاندنیان داوه‌ و هه‌روه‌ها بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ش كه‌ ئه‌یانه‌وێت نه‌شته‌رگه‌ری جوانكاری ئاسایی بكه‌ن.



دكتۆر ئاری وتی ساڵی پار ٦٠٠ نه‌شته‌رگه‌ری جوانكاری له‌ سلێمانی ئه‌نجامدراوه‌ كه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی نزیكه‌ی ٦٠٠ هه‌زار كه‌س ده‌بێت. دكتۆر ئاری ئه‌ڵێت ئێستا له‌ هه‌ركات مه‌عمیلی زیاتره‌ - زۆریان ژنن و ئه‌یانه‌وێت زه‌رعی پێست بكه‌ن دوای ئه‌وه‌ی هه‌وڵی خۆكوشتن ئه‌ده‌ن له‌ڕێگه‌ی خۆسوتاندنه‌وه‌.



هه‌روه‌ها وتی گه‌شه‌ی به‌رده‌وام و رووله‌زیاد له‌ سلێمانی بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زیاتر و زیاتر له‌ ژنان بتوانن نه‌شته‌رگه‌ری جوانكاری بكه‌ن بۆ چاره‌سه‌ری سوتاوییه‌كانیان و پاره‌كه‌شیان پێهه‌ڵبسوڕێ. دكتۆر ئاری ئه‌وه‌شی وت كه‌ خواستیش له‌سه‌ر نه‌شته‌رگه‌ری زیادیكردوه‌ چونكه‌ ته‌كنۆلۆژیای پێشكه‌وتوی سه‌رده‌م وایكردوه‌ نه‌شته‌رگه‌ریه‌كان كاریگه‌رتر بن.



هه‌روه‌ها وتی ئه‌و ژنانه‌ی ئه‌و چاره‌سه‌ری سوتاوییه‌كانیان ده‌كات نه‌شته‌رگه‌ری ئه‌نجامده‌ده‌ن وه‌كو هه‌وڵێك له‌وانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دوای ئه‌و ئه‌زمونه‌ تاڵه‌ ژیانێكی ئاسایی به‌سه‌ربه‌رن.



ئه‌و قوربانیانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی توشی خه‌مۆكی و دڵه‌ڕاوكێ و كابوس ده‌بن و ده‌ستیشیان به‌ هیچ ئامۆژگاری و راوێژێكدا راناگات بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تیان بدات خۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌و باره‌دا بگونجێنن. كاتێك سوتاوییه‌كانیان چاره‌سه‌رده‌كرێت، ئه‌و ژنانه‌ عاده‌ته‌ن یه‌كسه‌ر ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ئه‌و بارودۆخه‌ی یه‌كه‌مجار پاڵیپێوه‌ناون بۆ بێئومێدی.



هه‌روه‌كو چۆن ئه‌بێت له‌گه‌ڵ ئاسه‌واره‌ سایكۆلۆژیه‌كاندا هه‌ڵبكه‌ن، هه‌روه‌ها ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و عه‌یبه‌یه‌ی شێوانی ده‌موچاویان دروستیكردوه‌ هه‌ڵبكه‌ن. زۆرجار له‌ ناوبازاڕ و شه‌قامه‌كاندا گاڵته‌یان پێده‌كه‌ن و زۆرجار به‌ سوكایه‌تیپێكردنه‌وه‌ پێیان ده‌ڵێن "ئه‌و ژنه‌ی خۆ سوتاند" يان "ژنه‌ سوتاوه‌كه‌".



هه‌وڵی له‌و جۆره‌ی خۆكوشتن له‌وانه‌یه‌ زیانی زیاتر بگه‌یه‌نێت به‌ ژیانێكی هاوسه‌ری كه‌ خۆی له‌ خۆیدا كێشه‌ی تێدابێت چونكه‌ مێرده‌كه‌ به‌هۆی كرده‌وه‌ی ژنه‌كه‌یه‌وه‌ تووشی ئیحراجی ده‌بێت یاخود چیتر ئه‌و ژنه‌ی به‌ هۆی رووخساری شێواویه‌وه‌ ناوێت.



سه‌میره‌ حه‌مه‌ساڵح، كۆمه‌ڵناس، وتی، "ئه‌و ژنانه‌ په‌ناده‌به‌نه‌ به‌ر نه‌شته‌رگه‌ری جوانكاری چونكه‌ له‌وه‌ ده‌ترسن خه‌ڵك ته‌علیقی ناخۆش له‌ رواڵه‌تیان بدات و له‌وانه‌شه‌ مێرده‌كانیان هه‌وڵی هێنانی ژنی تر بده‌ن."



سه‌میره‌، كه‌ خه‌ریكی لێكۆڵینه‌وه‌‌یه‌ له‌سه‌ر هۆ و ئه‌نجامه‌كانی خۆسوتاندن، وتی له‌ هه‌ندێك حاڵه‌تدا هه‌وڵی خۆكوشتنی ژن به‌سه‌ بۆ مێردێكی خراپ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵسوكه‌وتی خۆی بگۆڕێت.



هه‌روه‌ها وتی دوای هه‌وڵی خۆكوشتن، هه‌ندێك له‌ ژنان تووشی كێشه‌ ده‌بن له‌گه‌ڵ كه‌سوكاری مێرده‌كانیان نه‌وه‌ك له‌گه‌ڵ مێرده‌كانیان. گرانی كرێ خانوو ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی زیاد له‌ خێزانێكی سه‌ر به‌ بنه‌ماڵه‌یه‌ك پێكه‌وه‌ بژین، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی نه‌بونی خسوسیه‌تی ژیانی تایبه‌ت و ده‌ست تێوه‌ردانی ئه‌ندامانی خێزان له‌ ژیانی یه‌كتری.



به‌ڵام وتیشی چه‌ندین ژن و مێرد كێشه‌یان هه‌یه‌ و ته‌نانه‌ت جیاشده‌بنه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌ مێرده‌كه‌ هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ ره‌فتاری خراپی به‌رامبه‌ر ژنه‌كه‌ی، یاخود ده‌ستبه‌رداری ده‌بێت له‌به‌رخاتری هێنانی ژنێكی تر. سه‌میره‌ وتی، "ژنێكی ته‌مه‌ن ٢٥ ساڵانم بینی كه‌ هه‌وڵی خۆكوشتنی دابوو له‌ ڕێگه‌ی‌ خۆسوتاندنه‌وه‌، به‌ڵام نه‌مردبوو. له‌باتی ئه‌وه‌ی مێرده‌كه‌ی یارمه‌تی بدات، چوو ژنێكی تری هێنا و ئه‌وی پشتگوێخست."



سه‌میره‌ وتی ئه‌و ژنه‌ پاش ئه‌وه‌ی كه‌سوكاره‌كه‌ی هیچ پشتگیریه‌كیان لێنه‌كرد هیچ كوێیه‌ك نه‌بوو رووی تێبكات، له‌به‌رئه‌وه‌ی ناچاربوو له‌گه‌ڵ مێرده‌ خراپه‌كه‌یدا بمێنێته‌وه‌ و ژیان به‌سه‌رببات.



سوهام وتی یه‌كێك له‌و هۆیانه‌ی پاڵی پێوه‌نا بڕیاربدات ئاسه‌واری سوتاوییه‌كه‌ی چاره‌سه‌ربكات ئه‌وه‌بو مێرده‌كه‌ی دوای خۆسوتاندنه‌كه‌ی پێی رازینه‌ده‌بوو.



سوهام به‌ غه‌مباریه‌وه‌ وتی، "مێرده‌كه‌م له‌و كاته‌وه‌ ئه‌م رووداوه‌م لێقه‌وماوه‌ ماچێكیشی نه‌كردووم."



سوهام هه‌تا ئێستا دوو نه‌شته‌رگه‌ری بۆ كراوه‌ - هه‌ریه‌كه‌یان به‌ ٢٥٠ دۆلار – و ئێستا ئاسه‌واری خۆسوتاندنه‌كه‌ی كه‌متر له‌ جاران دیاره‌ پێیه‌وه. به‌ڵام هێشتا سوتاوی به‌ ده‌موچاو و مل و سنگ و جه‌سته‌یه‌وه‌ ماوه‌ و ئه‌یه‌وێت هه‌رچی پاره‌ی هه‌یه‌ بیدات بۆ ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ری زیاتر.



سوهام وتی، "هه‌رچی له‌ توانامدا هه‌بێت ئه‌یكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی مێرده‌كه‌م جارێكی تر منی بوێته‌وه‌."



منیره‌ عه‌بدوڵا وتی كاردانه‌وه‌ی خه‌ڵك – به‌تایبه‌ت كاردانه‌وه‌ی مێرده‌كه‌ی – وایلێكرد نه‌شته‌رگه‌ری جوانكاری ئه‌نجامبدات.



منیره‌ ساڵی پار ئاگری له‌ جه‌سته‌ی خۆی به‌ردا بۆ ئه‌وه‌ی رزگاری بێت له‌ ژیانێكی هاوسه‌ریی پڕنه‌هامه‌تی.



ئێستا ئاسه‌واری خۆسوتاندنه‌كه‌ به‌ ده‌ست و سنگ و ملیه‌وه‌ دیاره‌ و وه‌كو خۆی ئه‌ڵێت خه‌ڵك بێزی لێئه‌كه‌نه‌وه‌ و ناتوانێت له‌به‌رده‌م خه‌ڵكدا، ته‌نانه‌ت كه‌سوكاری نزیكیشیدا، شیربدات به‌ مناڵه‌كه‌ی.



منیره‌ وتی، "مێرده‌كه‌م بێزم لێئه‌كاته‌وه‌، شه‌وان نایه‌ت به‌لاما."



به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا، سۆز ئه‌كره‌م ئه‌یه‌وێت نه‌شته‌رگه‌ری ئه‌نجامبدات بۆ لابردنی ئاسه‌واری سوتاوی له‌سه‌ر ده‌موچاوی بۆ ئه‌وی خۆی بۆ رۆژی زه‌ماوه‌نده‌كه‌ی ئاتماده‌بكات.



به‌ڵام سۆز سێ ساڵ له‌مه‌وپێش خۆی بۆ ئه‌وه‌ نه‌سوتاند رزگاری بێت له‌ ده‌ست هاوسه‌رگیریه‌كی نابه‌خته‌وه‌ر، به‌ڵكو له‌ ڕقی هه‌وڵه‌كانی باوكی بوو بۆ ئه‌وه‌ی به‌زۆر بیدات به‌ هاوڕێیه‌كی خۆی.



سۆز وتی، "ویستم وابكه‌م له‌ باوكم گوێم بۆ بگرێت و وازم لێبهێنێت."



ئه‌م كاره‌ی بوه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئاسه‌واری سوتاوی به‌ ده‌ستی راستی و به‌شی سه‌ره‌وه‌ی له‌شیه‌وه‌ به‌جێبمێنێت، له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌ستی راستی له‌ قه‌ره‌باڵغیدا له‌ خه‌ڵك ده‌شارێته‌وه‌.



ئێستاش سۆز كه‌وتۆته‌ داوی خۆشه‌ویستی كوڕێكه‌وه‌ كه‌ ئه‌یه‌وێت بیهێنێت و باوكیشی ملیداوه‌ و به‌و كاره‌ قایله‌.



سۆز به‌دڵخۆشیه‌وه‌ وتی، "نامه‌وێت هیچ ئاسه‌وارێك و نیشانه‌یه‌كی ئه‌و روداوه‌ له‌ رۆژی زه‌ماوه‌نده‌كه‌مدا به‌ جه‌سته‌مه‌وه‌ بمێنێت. ئه‌مه‌وێت ئه‌و رۆژه‌ قه‌شه‌نگترین جلی بوكێنی له‌به‌ربكه‌م و ژیانێكی نوێ ده‌ست پێبكه‌م."



ئامانج خه‌لیل راهێنراوێكی (IWPR)ه‌ له‌ سلێمانی.
Iraqi Kurdistan
Frontline Updates
Support local journalists