گرژییه‌كانی سه‌ر سنوور كورده‌كان ئه‌خه‌نه‌ به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی قورس‌

پاڵپشتیی ئه‌مریكا بۆ كورده‌كانی عێراق تا گرژییه‌كانی نێوان یاخیبووان له‌گه‌ڵ توركیاو ئێراندا چاره‌سه‌ر بكات، گرنگه‌.

گرژییه‌كانی سه‌ر سنوور كورده‌كان ئه‌خه‌نه‌ به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی قورس‌

پاڵپشتیی ئه‌مریكا بۆ كورده‌كانی عێراق تا گرژییه‌كانی نێوان یاخیبووان له‌گه‌ڵ توركیاو ئێراندا چاره‌سه‌ر بكات، گرنگه‌.

Wednesday, 27 May, 2009
.



به‌ڵام شیكه‌ره‌وه‌كان ده‌ڵێن بڕینی هه‌ر كۆسپێك له‌و ناكۆكییه‌ كه‌ ده‌یان ساڵه‌ له‌ ئارادایه‌، مه‌حاڵه‌ به‌بێ به‌شدارییه‌كی نزیكتری ئه‌مریكا رووبدات.



سه‌ركرده‌ كورده‌كانی عێراق ئاماده‌كارییه‌كانی كۆنفڕانسێكیان دواخستووه‌ كه‌ بڕیاربوو ئه‌م به‌هاره‌ ببه‌سترێت و زۆر كه‌س هیوادار بوون ئه‌و كۆنفڕانسه‌ ئه‌و یاخیبووانه‌ ناچاربكات چه‌كه‌كانیان دابنێن.



له‌ هه‌مان كاتدا، گرژییه‌كان له‌ باكووری دووره‌ده‌ست و ناوچه‌ شاخاوییه‌كانى عێراق په‌ره‌یان سه‌ندووه‌و له‌و ناوچانه‌دا توركیا و ئێران چه‌ندین هێرشی ئاسمانیان ئه‌نجام داوه‌و له‌ودیو سنووره‌وه‌ بۆردومانی ئه‌و ناوچانه‌یان كردووه‌ كه‌ ده‌ڵێن بنكه‌ی یاخیبووه‌ كورده‌كانن.



لێكۆڵه‌ره‌وه‌كان ده‌ڵێن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت رۆڵێكی كاراتر بگێڕێت له‌ كۆتایی هێنان به‌و گرژییه‌ی له‌سه‌ر سنووره‌كانی له‌ئارادایه‌.



هێنری باركی، كه‌ به‌م دواییانه‌ راپۆرتێكی له‌سه‌ر هه‌رێمه‌كه‌ بۆ ده‌سته‌ی شیكارزانانی كارنگی ئینداومنت بۆ ئاشتیی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ باره‌گاكه‌ی له‌‌ واشنتۆنه‌ نووسیوه‌، به‌ IWPRی وت حكومه‌تی هه‌رێم ده‌توانێت هه‌وڵبدات یاخیبووان به‌ جۆرێك له‌ رێكه‌وتن رازی بكات "و ئه‌وه‌ش ته‌ئكید بكاته‌وه‌ كه‌ فڕێدانی چه‌ك له‌ لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه‌ به‌ڕێزه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت".



فوئاد حوسێن، سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وتی حكومه‌تی هه‌رێم "په‌یوه‌ندیی باشی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێدا ده‌وێت" و چالاكییه‌كانی هه‌ر گروپێكی ره‌تكرده‌وه‌ "كه‌ خاكی هه‌رێمه‌كه‌ به‌كار بهێنێت" بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر وڵاتانی دراوسێ.



حوسێن به‌ IWPRی راگه‌یاند حكومه‌تی هه‌رێم پێی وایه‌ گفتوگۆ تاكه‌ رێگایه‌ بۆ به‌رقه‌راركردنی ئاشتی. "ئه‌م جۆره‌ كێشانه‌ به‌ كرده‌وه‌ی سه‌ربازی، جا له‌ هه‌ر لایه‌نێكه‌وه‌ بێت، چاره‌سه‌ر ناكرێن،" حوسێن وتی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حكومه‌تی هه‌رێم هیچ دانووستانێكی له‌گه‌ڵ یاخیبووانی پارتی كرێكارانی كوردستان ئه‌نجام نه‌داوه‌ به‌ مه‌به‌ستی كۆتایی هێان به‌ شه‌ڕه‌كه‌.



به‌ پێچه‌وانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا پاڵپشتی له‌ كرده‌ی سه‌ربازی ده‌كات وه‌ك به‌شێك له‌ چاره‌سه‌رێكی فراوانتری ناكۆكییه‌كه‌. به‌رپرسێكی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ ئه‌نقه‌ره‌ به‌ IWPRی راگه‌یاند ستراتیژیی واشنتۆن بۆ كۆتایی هێنان به‌ شه‌ڕه‌كه‌ یارمه‌تیدانى توركيايه‌ له‌ڕووی "هاريكارى له‌ هه‌واڵگری و چالاكییه‌كانی تریشدا".



ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ٢٠٠٧دا تێوه‌گڵانی خۆی له‌ بابه‌ته‌كه‌‌ قوڵتركرده‌وه‌ كاتێك په‌كه‌كه‌ی به‌ رێكخراوێكی تیرۆرست پۆڵین كرد – ئه‌م هه‌نگاوه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی كاریگه‌ر ئه‌م گروپه‌ قه‌ده‌غه‌ ده‌كات له‌ هه‌ر گفتوگۆیه‌كی ئاشتی كه‌ ئه‌مریكا پاڵپشتی لێ بكات.



"په‌كه‌كه‌ زۆر زیاتر له‌وه‌ كرده‌وه‌ی توندوتیژی ئه‌نجام داوه‌ تا شایه‌نی به‌وه‌ نه‌بێت به‌ رێكخراوێكی تیرۆرستی ناوی ببردرێت،" ئه‌و به‌رپرسه‌ ئه‌مریكییه‌ و‌تی له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا ئاخۆ هه‌نگاوی وه‌سفكردنی په‌كه‌كه به‌ تیرۆرست‌ كه‌ جه‌ختكردنه‌وه‌یه‌كه‌‌ له‌سه‌ر ستراتیژیی سه‌ربازیی توركیا نه‌بۆته‌ هۆی بێ هێزكردنی ئه‌گه‌ره‌كانی چاره‌سه‌رێكی شیاو.



ئه‌و به‌رپرسه‌ی ئه‌مریكا دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی به‌ ته‌نها ناتوانێت كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكات. ناوبراو وتی سه‌ركرده‌كانی ناوچه‌كه‌ خه‌ریكن كارده‌كه‌ن به‌ره‌و "چاره‌سه‌رێكی گشتگر كه‌ لایه‌نه‌كانی تری مه‌سه‌له‌ی كوردیش له‌خۆ ده‌گرێت،" وه‌ك به‌ره‌وپێش چوونی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی.



به‌ڵام باركی ده‌ڵێت ئه‌مریكا "وه‌ك پێویست چالاك نه‌بووه‌" له‌ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێك بۆ كێشه‌كه‌.



وه‌ك هاوكارێكی توركیا له‌ هاوپه‌یمانی ناتۆ و پاڵپشتیكارێكی سه‌ره‌كی هه‌وڵه‌كانی بۆ به‌ئه‌ندام بوون له‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپا، واشنتۆن كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی به‌سه‌ر سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی ئه‌نقه‌ره‌و سوپایه‌ به‌هێزه‌كه‌یه‌وه‌ هه‌یه‌.



هه‌روه‌ها ئه‌مریكا ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمیشدا‌ ده‌ڕوات. حكومه‌تی هه‌رێم چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ ده‌كات واشنتۆن سیسته‌می فیدڕاڵی له‌ عێراقدا بپارێزێت له‌كاتێكدا مه‌ترسی ئه‌وه‌ له‌ ئارادایه‌ كه‌ به‌غدا خه‌ریكه‌ هه‌وڵ ده‌دات ئۆتۆنۆمییه‌ فراوانه‌كه‌ی كورده‌كان سه‌ركوت بكات.



شیكه‌ره‌وه‌كان ده‌ڵێن رووداوه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ ئه‌وه‌یان خسۆته‌ڕوو كه‌ سه‌ركردایه‌تی كوردستانی عێراق به‌بێ یارمه‌تیی ئه‌مریكا، ناتوانێت پڕۆسه‌ی ئاشته‌وایی ببوژێنێته‌وه‌.



فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی توركیا له‌م مانگه‌دا چه‌ند شوێنێكیان بۆردومان كردووه‌ كه‌ به‌ گوته‌ی توركه‌كان بنكه‌و باره‌گای پارتی كرێكارانی كوردستانن له‌ باكووری عێراقدا. ده‌ڵێن ١٠ یاخیبوو له‌م هێرشانه‌دا كوژراون.



هه‌روه‌ها ئێرانیش هێرشه‌كانی خۆی له‌دژی باڵێكی بچووكی په‌كه‌كه‌ به‌ ناوی پارتی ژیانی ئازادی‌ كوردستان، پژاك، زیادكردووه‌و تۆپخانه‌كانی بۆردومانیان ده‌ستپێ كردووه‌و هێلیكۆپته‌ره‌ جه‌نگییه‌كانیشی سنووری ئاسمانی عێراقیان به‌زاندووه‌.



ئه‌م هێرشانه‌ هاوكات بوون له‌گه‌ڵ فشاری دبلۆماسی له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم تا ئه‌و یاخیبووانه‌ له‌ناو ببات.



په‌كه‌كه‌ و پژاك به‌وه‌ تۆمه‌تبار كراون كه‌ تاكتیكی تیرۆرستی به‌كارده‌هێنن بۆ دروستكردنی ده‌وڵه‌تێكی كوردی سه‌ربه‌خۆ. هه‌ردوو گروپه‌كه‌ ئه‌مه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌و پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ته‌نها ئۆتۆنۆمییه‌كی فراوانتریان ده‌وێت بۆ كورده‌كانی‌ توركیا و ئێران.



هه‌روه‌ها سه‌ركرده‌كانی كورده‌كانی عێراقیش به‌ خیانه‌ت تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن. رۆژ وڵات، گوته‌بێژێكی په‌كه‌كه‌، وتی حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا یارمه‌تی ئێران و توركیایان داوه‌ سنووره‌كان بۆردومان بكه‌ن. "هه‌روه‌ها له‌م كێشه‌یه‌ش به‌رپرسیارن چونكه‌ چه‌ندین رێكه‌وتنیان مۆركردووه‌ ... تا له‌ دژی ئێمه‌ بوه‌ستنه‌وه‌،" وڵات وتی.



له‌نێو كورده‌ نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كانی عێراقدا كه‌ په‌كه‌كه‌ به‌ پاڵه‌وانی خزمه‌ چه‌وساوه‌كانی خۆیان له‌ ده‌ره‌وه‌ داده‌نێن هاوسۆزییه‌كی زۆر به‌رامبه‌ر به‌ په‌كه‌كه‌ هه‌یه‌. هه‌روه‌ها زۆرێكیشیان پێیان وایه‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌بێت رێوشوێنی توندتر بگرێته‌به‌ر له‌ دژی هێرشه‌كانی سه‌ر سنوور كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ پێشێلكارییه‌ك بۆ سه‌ر سه‌روه‌رییان ده‌یبینن.



شاباز جه‌مال، له‌ رێكخراوی گه‌شه‌سه‌ندنی مرۆیی كه‌ رێكخراوێكی ناحكومیی كورده‌كانی عێراقه‌، ده‌ڵێت شه‌قامی كوردی دابه‌ش بووه‌ له‌نێوان ئه‌وانه‌ی پاڵپشتی له‌ په‌كه‌كه‌ ده‌كه‌ن و ئه‌وانه‌ی پرسیار له‌وه‌ ده‌كه‌ن بۆچی ئه‌و یاخیبووانه‌ "بیانووی یاسایی ده‌ده‌ن به‌ دراوسێكانمان تا سنووره‌كانمان بۆردومان بكه‌ن".



حوسێن ده‌ڵێت حكومه‌تی هه‌رێم باسی بۆردومانی سنووره‌كانی له‌گه‌ڵ دراوسێكانی كردووه‌ - به‌ڵام هه‌ڵبژاردنه‌كانی حكومه‌ت سه‌باره‌ت به‌ گرتنه‌به‌ری رێوشوێن سنووردارن. "چۆن ده‌توانی به‌رگری له‌به‌رامبه‌ر موشه‌كێك بكه‌یت كه‌ له‌و دیوی سنووره‌وه‌ دێت؟" حوسێن وتی. "گفتوگۆ تاكه‌ چاره‌سه‌ره‌."



كاتێك حوسێن وه‌ڵامی ئه‌و كه‌سانه‌ی دایه‌وه كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن كه‌ نه‌یتوانیوه‌ به‌ ده‌نگێكی به‌رز ره‌خنه‌ له‌ هێرشه‌كان بگرێت، حوسێن به‌ په‌یمانگای رۆژنامه‌وانیی جه‌نگ و ئاشتی وت كه‌ ئه‌م كێشه‌یه‌ "له‌ڕێی ئیدانه‌كردنه‌وه‌ چاره‌سه‌ر ناكرێت".



سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مه‌سعود بارزانی نیگه‌رانی ده‌ربڕیوه‌ سه‌باره‌ت به‌و مه‌ده‌نیانه‌ی كه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ریی نوێترین شه‌پۆڵی توندوتیژیی، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمی سكاڵای له‌لای‌ ئێران كردووه‌ به‌هۆی هێرشه‌كانی له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا.



له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، حكومه‌تی هه‌رێم هێزه‌كانی خۆی له‌ ناكۆكییه‌كه‌ به‌دوور گرتووه‌و رایگه‌یاندووه‌ هیچ هۆكارو هۆیه‌كی له‌به‌رده‌ست دانییه‌ بۆ تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌.



"حكومه‌تی هه‌رێم ناتوانێت هێرش بكاته‌ سه‌ر په‌كه‌كه‌و پژاك و ‌ده‌ریان بكات چونكه‌ كێشه‌ی ئێران و توركیا له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمدا نییه‌،" جه‌بار یاوه‌ر، به‌رپرسێكی باڵای هێزه‌ كوردییه‌كانه‌، وتی.



یاوه‌ر وتی سه‌ربازه‌ كورده‌كان ده‌توانن به‌رگری له‌ سنوور بكه‌ن "ئه‌گه‌ر هێرشێكی زه‌مینی بكرێت، به‌ڵام نه‌ك بۆردمان و هێرشی ئاسمانی".



حكومه‌تی هه‌رێم له‌مێژه‌ ره‌تیكردۆته‌وه‌ كرده‌ی سه‌ربازی له‌دژی په‌كه‌كه‌ ئه‌نجام بدات، ئه‌مه‌ش له‌ لایه‌ن توركیا و ئێرانه‌وه‌ داواكراوه‌. هه‌روه‌ها خۆشی به‌دوور گرتووه‌ له‌ تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌ له‌ دراوسێكانی، كه‌ ئه‌مه‌ش شه‌قامی كوردی داوای ده‌كات.



سه‌ركرده‌كانی هه‌رێمه‌كه‌، كه‌ له‌ بارێكی دژواردان له‌نێوان بۆچوونی ناوخۆیی و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ و هه‌وڵه‌كانی خۆیان به‌گه‌ڕخستووه‌ بۆ هێنانی یاخیبووان بۆ سه‌ر مێزی گفتوگۆ.



له‌ مانگی ئازاردا، سه‌رۆك كۆماری عێراق و سكرتێری گشتیی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان جه‌لال تاڵه‌بانی پلانی كۆنفڕانسنێكی ئاشتیی نێوده‌وڵه‌تی ئاشكرا كرد كه‌ گروپه‌ سیاسییه‌ كوردییه‌كانی ناوچه‌كه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتردا كۆده‌كاته‌وه‌.



ئه‌و كۆنفڕانسه‌ ده‌كرا ببێته‌‌ لوتكه‌ی سه‌ركه‌وتنی دیبلۆماسییه‌تی وریایانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌گه‌ر، هه‌روه‌ك زۆر كه‌س هیواخواز بوون، بیتوانیایه‌ به‌یاننامه‌یه‌ك ده‌ربكات و داوا له‌ په‌كه‌كه‌ و پژاك بكات چه‌ك دابنێن.



به‌ڵام كۆنفڕانسه‌كه‌، كه‌ بڕیاربوو له‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراق ببه‌سترێت، دواخرا. هۆكاره‌كانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی دیار نین. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، دواكه‌وتنی ئه‌و كۆنفڕانسه‌ ئه‌و كێشانه‌ ده‌خاته‌ڕوو كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم رووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه‌ كاتێك هه‌وڵ ده‌دات له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووری خۆیدا ئاشتی به‌رقه‌رار بكات.



مه‌حمود عوسمان، ئه‌ندامی سه‌ربه‌خۆی په‌رله‌مانی عێراق، وتی كۆنفڕانسه‌كه‌ ئێستاش له‌ پلان دایه‌ و چه‌ككردنی په‌كه‌كه‌ش هه‌رگیز له‌ ئه‌جێندای كۆنفڕانسه‌كه‌دا نه‌بووه‌.



"چه‌ككردنی په‌كه‌كه‌ هه‌رگیز به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمی باسی لێوه‌ نه‌كراوه‌،" عوسمان وتی. "كۆنفڕانسه‌كه‌ ستراتیژییه‌‌ك‌ به‌ره‌و ئاشتی كه‌ له‌ لایه‌ن هه‌موو كورده‌كانه‌وه‌ دانرابێت دیاری ده‌كات."



عوسمان جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ كورده‌كان "ناتوانن به‌شێوه‌یه‌كی تاك لایه‌ن ئاشتی به‌رقه‌رار بكه‌ن‌" و داوای له‌ ئه‌نقه‌ره‌ش كرد كه‌ به‌ سیاسه‌تی خۆیدا له‌به‌رامبه‌ر په‌كه‌كه‌دا بچێته‌وه‌و له‌پێناو چاره‌سه‌رێكی ناوه‌ندانه‌ كار بكات. هه‌روه‌ها وتی ده‌بوایه‌ ئه‌مریكا رۆڵێكی سه‌ره‌كی له‌ پڕۆسه‌كه‌ بگێڕایه‌ و تا ئێستا ته‌نها "قسه‌ی ئه‌نقه‌ره‌ی دووباره‌ كردۆته‌وه‌".



فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، سه‌رۆكی سه‌نته‌ری كوردستان بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ ستراتیژییه‌كان كه‌ نووسینگه‌كه‌ی له‌ سلێمانییه‌، وتی كۆنفڕانسه‌كه‌ تووشی كێشه‌ ده‌بێت ئه‌گه‌ر هه‌وڵ بدات په‌كه‌كه‌ رازی بكات چه‌ك دابنێت. "په‌كه‌كه‌ ئاماده‌ نییه‌و ده‌ستپێشخه‌ریشی نه‌كردووه‌ تا چه‌ك دابنێت."



ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌وه‌شی وت كه‌ یه‌كخستنی كێشه‌ جیاوازه‌كانی كورد له‌ كۆنفڕانسه‌كه‌دا كارێكی زه‌حمه‌ت ده‌بێت.



"هه‌ر وڵاته‌و كێشه‌یه‌كی تایبه‌تی هه‌یه‌. له‌ توركیا، كێشه‌كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ناسنامه‌ی كورد، له‌ كاتێكدا له‌ ئێران كێشه‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ناسنامه‌وه‌ نییه‌- به‌ڵكو مه‌سه‌له‌ی سیاسیی كورد ره‌تده‌كرێته‌وه‌،" ئه‌سه‌سه‌رد وتی.



باركی ده‌ڵێت ئه‌مریكا ده‌بێت كاربكات تا حكومه‌تی هه‌رێم و توركیا له‌ یه‌ك چوارچێوه‌دا كۆبكاته‌وه‌ تا به‌یه‌كه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌گه‌ری چه‌ككردنی په‌كه‌كه‌ بكه‌ن.



راپۆرته‌كه‌ی باركی له‌ كۆتاییدا ده‌ڵێت، "هیچ كامێك له‌ لایه‌نه‌كان كه‌ به‌ته‌نها جێهێڵڕاون توانایه‌كی ئه‌وتۆیان نیشان نه‌داوه‌ بۆ به‌ره‌وپێش چوون... . ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌توانێت به‌ بیروڕاو و بۆچوونێكی فراوانتره‌وه‌ خۆی له‌ مه‌سه‌له‌كان نزیك بخاته‌وه‌".



باركی به‌ IWPRی وت ئه‌و به‌ره‌وپێشچوونه‌ی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و توركیا به‌دێ هاتووه‌ ده‌كرێت به‌هێزتر بكرێت له‌ڕێی "زنجیره‌یه‌ك هه‌نگاوی هاوكات".



ئه‌م هه‌نگاوه‌ پێك هاتوون له‌ جۆرێك له‌ لێبوردن بۆ چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌، دانانی چه‌ك له‌ لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه‌، پاڵپشتییه‌كی زیاتری توركیا بۆ حكومه‌تی هه‌رێم، و رێكه‌وتن له‌سه‌ر داهاتووی كه‌ركوك كه‌ كوره‌كان و عه‌ره‌به‌كان پێشبڕكێی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن.



باركی هۆشیاریدا كه‌ توندڕه‌وان له‌ هه‌ردوولادا وه‌ستاون تا به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌ رێی درێژكردنه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كه‌وه قازانج بكه‌ن‌‌. "خه‌ڵكانێك له‌ شه‌ڕه‌كه‌دا پاره‌ ‌ قازانج ده‌كه‌ن،" باركی وتی.



نزیكه‌ی ٨٠،٠٠٠ كورد به‌ ناوی "پاسه‌وانانی گونده‌كان" له‌ لایه‌ن توركیاوه‌ وه‌ك میلیشیای نا ره‌سمی له‌ دژی په‌كه‌كه‌ تۆماركراون. ریزه‌كانی په‌كه‌كه‌ كه‌سانێكی تێدایه‌ كه‌ قازانج له‌ شه‌ڕه‌كه‌ ده‌كه‌ن و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بیر له‌وه‌ ناكه‌نه‌وه‌ له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی پڕ له‌ ئاشتیدا بژین.



له‌وانه‌یه‌ چه‌ند كه‌سێك له‌ ناو سوپای توركیا بیانه‌وێت ناكۆكییه‌كه‌ ئاڵۆزتر بكه‌ن تا حكومه‌تی ئه‌نقه‌ره‌ لاواز بكه‌ن. به‌ گوته‌ی باركی، هه‌ر چاره‌سه‌رێك‌ ده‌بێت به‌هه‌مان شێوه‌ زاڵ بێت به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ په‌رسته‌ سه‌رسه‌خته‌كانی توركیا كه‌ ئێستاش كوردیان پێ گه‌لێكی كه‌مه‌.



ئه‌و به‌رپرسه‌ی بالیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ ئه‌نقره‌ به‌ IWPRی وت سیاسه‌تی ئه‌مریكا بۆ هاندانی دیالۆگ له‌ نێوان توركیا و عێراق و كورده‌كانی عێراق خه‌ریكه‌ به‌رهه‌می ده‌بێت.



"به‌ڵێ، ئه‌مه‌ كێشه‌یه‌كی ئێجگار ئاڵۆزه‌. ئێمه‌ ماوه‌یه‌كه‌ هانی گفتوگۆ ده‌ده‌ین له‌ نێوان توركیا و عێراق،" ئه‌و به‌رپرسه‌ وتی. "بێ گومان ئێمه‌ پێمان وایه‌ له‌م چه‌ند مانگه‌ی دواییدا به‌رهه‌ممان دیوه‌."



له‌ كاتێكدا گفتوگۆكان به‌رده‌وامن، گوندنشینانی ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی باكووری عێراق باجێكی گه‌وره‌ به‌هۆی گوزه‌راندنی ژیانیان له‌ به‌ره‌ی جه‌نگه‌كانه‌وه‌ ده‌ده‌ن.



عه‌لی حه‌مه‌د، ته‌مه‌نی ٣٠ ساڵه‌، ماڵه‌كه‌ی خۆی له‌ گوندی ره‌زگه‌ كه‌ له‌ نزیك سنووری ئێرانه‌وه‌یه‌ به‌جێهێشت كاتێك له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا شه‌ڕ له‌ نێوان ئێران و پژاك تینی سه‌ند. حه‌مه‌د له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌ی و منداڵه‌ یه‌ك ساڵانه‌كه‌ی له‌ مانگی شوباتدا گه‌ڕایه‌وه دوای ئه‌وه‌ی‌ رێكه‌وتنێك له‌باره‌ی ئاگربه‌ستێكی كاتی مۆر كرا.



"حكومه‌ت به‌ڵێنی پێ داین كه‌ ئێران چیتر بۆردومان ناكاته‌وه‌،" حه‌مه‌د وتی. "به‌ڵام شه‌وێكیان له‌گه‌ڵ ده‌نگی تۆپه‌كان به‌خه‌به‌ر هاتین. كوڕه‌كه‌م كوژراو من و خێزانه‌كه‌شم بریندار بووین."



رۆژنامه‌نووسی راهێنراوی IWPR نه‌جیبه‌ محه‌مه‌د له هه‌ولێرو هه‌رسێ سه‌رنووسه‌ری په‌یمانگاكه‌ له‌ عێراق نیل ئاڕون له‌ هه‌ولێرو رۆمان زاگرۆس له‌ سلێمانی و تیاری راس له‌ نیو یۆڕك به‌شداریان كردووه‌ له‌ نووسینی ئه‌م راپۆرته‌.
Conflict
Support our journalists