دوورخستنه‌وه‌ی موتڵه‌گ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، توڕه‌یی لێده‌كه‌وێته‌وه‌

عه‌ره‌بێكی دیاری سوننه‌ به‌ هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ حزبی به‌عسی یاساغ تۆمه‌تبار ده‌كرێت.

دوورخستنه‌وه‌ی موتڵه‌گ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، توڕه‌یی لێده‌كه‌وێته‌وه‌

عه‌ره‌بێكی دیاری سوننه‌ به‌ هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ حزبی به‌عسی یاساغ تۆمه‌تبار ده‌كرێت.

Thursday, 14 January, 2010
.



لیژنه‌یه‌كی حكومی هه‌فته‌ی رابردوو بڕیاریدا ساڵح موتڵه‌گ، ئه‌ندامێكی سوننه‌ی توندی په‌رله‌مانه‌، هه‌روه‌ها حزبه‌كه‌ی، به‌ره‌ی دایه‌لۆگی نیشتیمانی، له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو له‌ ٧ی ئازار دووربخاته‌وه‌ به‌ بیانووی هه‌بوونی په‌یوه‌ندی به‌ حزبی به‌عسه‌وه‌.



بڕیاری دورخستنه‌وه‌كه‌ هه‌وادارانی موتڵه‌گ و هاوپه‌یمانه‌ عه‌ره‌به‌ سوننی و عه‌لمانییه‌كانی له‌ لیستی بزوتنه‌وه‌ی نیشتمانیی عێراق توڕه‌ كردووه‌. ئه‌م لیسته‌ هه‌ڕه‌شه‌ی كردووه‌ كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ده‌كشێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر موتڵه‌گ نه‌گه‌ڕێنرایه‌وه‌.



"ئه‌گه‌ر موتڵه‌گ دووربخرێته‌وه‌، ته‌واوی لیسته‌كه‌ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژارنه‌كاندا ناكه‌ن. هه‌روه‌ها بیر له‌ وازهێنان له‌ ته‌واوی پڕۆسه‌ی سیاسیی عێراق ده‌كه‌ینه‌وه‌،" حه‌یده‌ر مه‌لا، گوته‌بێژی لیستی بزوتنه‌وه‌ی نیشتیمانیی عێراق، وتی.



عه‌ره‌بی سوننه‌ و عه‌لمانییه‌كانی عێراق ده‌ڵێن له‌ كاروباری سیاسیی شیعه‌زاڵی عێراق په‌راوێز خراون له‌وه‌ته‌ی رووخانی رژێمی سوونه‌زاڵی عێراق له‌ ٢٠٠٣.



به‌شداریی عه‌ره‌بی سوننه‌ له‌ كاروباری سیاسیدا گرنگه‌ بۆ ئارامی و ئاشتبوونه‌وه‌ی نیشتیمانی. به‌شدارینه‌كردنی عه‌ره‌بی سوننه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ٢٠٠٥ له‌ راستگۆیی حكومه‌تی كه‌مكرده‌وه‌ و توندوتیژییه‌كی به‌رفراوانیشی به‌دواداهات.



ساڵح موتڵه‌گ و سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق ئه‌یاد عه‌لاوی، كه‌ به‌ به‌تواناترین سه‌ركرده‌ی عه‌لمانی عێراق داده‌نرێت، له‌گه‌ڵ دوو سیاسه‌تمه‌داری تری زۆر به‌هێزی سوننه‌، ئه‌وانیش جێگری سه‌رۆك كۆمار تارق هاشمی و جێگری سه‌رۆك وه‌زیران رافیع عیساوی، لیستی بزوتنه‌وه‌ی نیشتمانیی عێراق به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن.



هه‌ندێ كه‌س پێیان وایه‌ كه‌ عه‌لاوی ده‌توانێ ببێته‌ ركابه‌رێكی سه‌ره‌كی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران چونكه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نوری مالیكی له‌ خۆهه‌ڵبژاردنه‌وه‌یدا تووشی شه‌ڕێكی سه‌خت ده‌بێته‌وه‌.



"هاوپه‌یمانیی عه‌لاوی هه‌ڕه‌شه‌یه‌كه‌ بۆ هێزه‌ سیاسییه‌كانی تر، بۆیه‌ دوورخستنه‌وه‌ی یه‌كێ له‌ سه‌ركرده‌كانی له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ره‌ باشی ئه‌و هێزانه‌ دایه‌،" چالاكوانی سیاسی واسق هاشمی، به‌رپرسی رێكخراوی عێراقه‌ بۆ په‌ره‌پێدانی راگه‌یاندن له‌ به‌غدا، وتی. "ئه‌گه‌ر عه‌لاوی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان بكشێته‌وه‌، پڕۆسه‌ی سیاسی له‌ مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌دا ده‌بێت."



ئه‌و بڕیاره‌ی لیژنه‌ی لپێرسینه‌وه‌ و دادپه‌روه‌ریی حكومه‌تی عێراق له‌ ره‌مادی و فه‌لوجه‌ و گه‌رمه‌ و شوێنه‌ سوونه‌نشینه‌كانی تری رۆژئاوای به‌غدا خۆپیشاندانی لێ كه‌وته‌وه‌. له‌ ره‌مادی، ٣٠٠ خۆپیشانده‌ر هوتافیان ئه‌كێشا و لیژنه‌كه‌یان به‌ لایه‌نگیریی تائیفی تۆمه‌تبار ده‌كرد.



"پێشتر پێشبینی ئه‌وه‌مان كردبوو رووبدات چونكه‌ سوننه‌ و شیعه‌ و عه‌لمانییه‌كان موتڵه‌گیان خۆش ده‌وێت و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بوو بۆ حزبه‌ ئیسلامییه‌كان،" سه‌باح ناجی، ته‌مه‌نی ٣٢ ساڵه‌ و مامۆستایه‌ و به‌شداری له‌ خۆپیشاندانێكی دژ به‌ بڕیاری دوورخستنه‌وه‌ی موتڵه‌گ كردووه له‌ ره‌مادی‌، وتی.



"زۆربه‌ی خه‌ڵكی ئێره‌ ده‌یانه‌وێ ده‌نگ به‌ موتڵه‌گ بده‌ن چونكه‌ سوننه‌یه‌ و عه‌لمانییه‌ و ئیسلامی نییه‌ و په‌یوه‌ندی به‌ خێڵه‌كانه‌وه‌ نییه‌. ئێستا پێم وایه‌ نیوه‌ی خه‌ڵكی سوننه‌ بێ باك ده‌بن له‌وه‌ی ده‌نگ بده‌ن،" ناجی وتی.



عه‌لی فه‌یسه‌ڵ لامی، به‌رپرسی لیژنه‌كه‌، وتی ده‌ستوور هه‌ر كه‌سێك دوورده‌خاته‌وه‌ كه‌ هانی حزبی به‌عس بدات به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان بكات. ئه‌گه‌ر پاڵێوراوێك كه‌ به‌ هه‌بوونی په‌یوه‌ندی به‌ به‌عس تۆمه‌تبار بكرێت و به‌رپرسی حزبێكی سیاسی بێت، ئه‌وا گشت ئه‌ندامانی حزبه‌كه‌ش بێبه‌ش ده‌كرێن.



ئه‌و لیژنه‌یه‌ وه‌ك به‌شێك له‌ هه‌وڵه‌كانی حكومه‌ت پێكهێنراوه‌ تا ده‌سه‌ڵات و كاریگه‌ریی به‌عس له‌ عێراقی دوای سه‌دام حوسێن ریشه‌كێش بكات.



به‌پێی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، لیژنه‌ی لێپرسینه‌وه‌ و دادپه‌روه‌ری ئه‌مساڵ داوایكردووه‌ ١٥ حزبی سیاسی، كه‌ ٣٩٠ كه‌سایه‌تی له‌خۆ ده‌گرن، قه‌ده‌غه‌ بكرێن.



"موتڵه‌گ بۆیه‌ یاساغ كرا چونكه‌ هانی بۆچوونه‌كانی حزبی به‌عس ده‌دات. ساڵی پار سكاڵایه‌كمان له‌ جێگری په‌رله‌مانی عێراق عارف ته‌یفور پێگه‌یشت كه‌ وتبووی موتڵه‌گ بره‌و به‌ بۆچوونه‌كانی حزبی به‌عس ده‌دات به‌ئاشكرا و به‌ نهێنی. كاتێك له‌و بابه‌ته‌مان كۆڵیه‌وه‌، بۆمان ده‌ركه‌وت كه‌ راسته‌،" لامی وتی.



موتڵه‌گ له‌ كۆتایی ١٩٧٠كاندا حزبی به‌عسی به‌جێهێشتووه‌ كاتێك سه‌دام حوسێن خه‌ریك بوو سه‌رۆكایه‌تیی حزبه‌كه‌ بگرێته‌ ده‌ست. له‌ چه‌ندین دیداردا، موتڵه‌گ به‌ ئاشكرا هاوسۆزی بۆ به‌عسییه‌كانی پێشوو ده‌ربڕیوه‌ و پێی وابووه‌ رووبه‌ڕووی جیاكاری بوونه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ته‌ی حزبه‌كه‌ له‌ ٢٠٠٣ له‌ له‌ شاڵاوه‌كه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا‌ له‌ ده‌سه‌ڵات لادرا‌.



هه‌رچه‌نده‌ موتڵه‌گ ته‌نها ١١ كورسی هه‌یه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراقدا كه‌ ژماره‌ی كورسییه‌كانی ٢٧٥ دانه‌یه‌، ئه‌و له‌ ناوچه‌ سوننییه‌كاندا پاڵپشتێكی زۆری هه‌یه‌. پێشبینی ده‌كرا موتڵه‌گ له‌گه‌ڵ لیستی ئه‌لعێراقییه‌ی عه‌لاوی كه‌ ئێستا ٢٥ كورسی له‌ په‌رله‌مانی عێراقدا هه‌یه‌ له‌ چوارچێوه‌ی بزوتنه‌وه‌ی نیشتیمانیی عێراق ئه‌نجامی باشی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ده‌ست بهێنایه‌.



ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی ناوخۆیی ده‌ڵێن موتڵه‌گ ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی كه‌ ئاڕاسته‌ی كراون به‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ حزبی به‌عسه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ "شتێكی ته‌واو بێ مانا" ناو بردووه‌.



دوای ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردن دوورخرایه‌وه‌، موتڵه‌گ هه‌فته‌ی رابردوو له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا به‌ هه‌وادارانی خۆی وت، "تا كۆتایی شه‌ڕ ده‌كه‌م."



مه‌لا به‌ IWPRی وت كه‌ هاوپه‌یمانیی موتڵه‌گ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ فشاره‌كانی له‌سه‌ر به‌غدا تا بڕیاری دورخستنه‌وه‌كه‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ و "مه‌سه‌له‌كه‌ش‌ ده‌باته‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و كۆمكاری عه‌ره‌بی" ئه‌گه‌ر پێویست بوو. گوته‌بێژی بزوتنه‌وه‌ی نیشتمانیی عێراقی وتی سه‌رۆك كۆمار جه‌لال تاڵه‌بانی و پیاوه‌ ئایینییه‌ باڵاكانی شیعه‌ داوایان كردووه‌ بڕیاره‌كه‌ هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌.



"موتڵه‌گ به‌لای ئه‌مریكییه‌كانه‌وه‌ كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسیی ئاسایی نییه‌. موتڵه‌گ ئه‌و هاوسه‌نگییه‌یه‌ كه‌ له‌ هاوكێشه‌ی سیاسی عێراق پێویسته‌ بۆ سنوورداركردنی توندڕه‌ویی ئیسلامی،" به‌شیر حاچم، نووسه‌ر و شیكه‌ره‌وه‌ی رۆژنامه‌ی موئته‌مه‌ر له‌ به‌غدا، وتی.



حاچم پێی وابوو كه‌ "فشاری ئه‌مریكا... له‌ كۆتاییدا كار له‌ بڕیاره‌كه‌ ده‌كات".



له‌ كاتێكدا بڕیاره‌كه‌ وه‌ك خۆیه‌تی، په‌رله‌مانی عێراق رازیبووه‌ ده‌سته‌یه‌ك پێكبهێنێت له‌ حه‌وت دادوه‌ر كه‌ له‌ لایه‌ن دادگای باڵای عێراقه‌وه‌، كه‌ به‌ڕزترین دادگای عێراقه‌، هه‌ڵبژێردراوان تا بڕیار له‌سه‌ر شه‌رعییه‌تی قه‌ده‌غه‌كردنی موتڵه‌گ و حزبه‌كه‌ی بده‌ن.



ئه‌ندامی سه‌ربه‌خۆی په‌رله‌مانی عێراق ته‌ها لهێبی له‌ كۆنفڕانسێكی رۆژنامه‌وانیدا وتی ئه‌و ده‌سته‌یه‌ قسه‌ی كۆتایی له‌ مه‌سه‌له‌كه‌دا ده‌كات و هه‌موو لایه‌كیش پێویسته‌ بڕیاره‌كانی جێبه‌جێ بكه‌ن.



لهێبی وتی ناوی دادوه‌ره‌كان ئاشكرا نه‌كراوه‌ تا دووربن له‌ هه‌ڕه‌شه‌ و فشار. هه‌روه‌ها كاتی ده‌رچوونی بڕیاری ده‌سته‌كه‌ش ئاشكرا نه‌كراوه‌.



"كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن هێشتا هیچ رێوشوێنێكی سه‌باره‌ت به‌ بڕیاره‌كه‌ی لیژنه‌ی لێپرسینه‌وه‌ نه‌گرتۆته‌به‌ر. پێمان وایه‌ واباشتره‌ چاوه‌ڕێ بكه‌ین و ببینین په‌رله‌مان چی ده‌ڵێت،" حازم به‌در، به‌رپرسی به‌شی سكاڵاكان له‌ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان، وتی.



له‌ كاتێكدا هه‌ندێ كه‌س پێیان وایه‌ بڕیاری دوورخستنه‌وه‌ی موتڵه‌گ ده‌نگده‌رانی عه‌ره‌بی سوننه‌ ده‌ڕه‌نجێنێ، هه‌ندێ كه‌سی تر ده‌ڵێن عه‌ره‌بی سوننه‌ به‌په‌رۆشن به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردندا بكه‌ن.



"پێم وا نییه‌ كه‌ خه‌ڵك وه‌ك ٢٠٠٥ بایكۆتی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی به‌شداریان نه‌كرد –عه‌ره‌بی سوننه‌ - دواتر بۆیان ده‌ركه‌وت كه‌ هه‌ڵه‌یان كردووه‌،" حه‌مید فازڵ، پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییه‌ له‌ به‌غدا، وتی. "به‌لای ئه‌وانه‌وه‌، ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه‌ ده‌ستبه‌كار بن."



زه‌ینه‌ب ناجی و عه‌لی كه‌ریم هه‌ردووكیان دوو رۆژنامه‌نووسی راهێنراوی IWPRن له‌ به‌غدا. رۆژنامه‌نووسانی راهێنراوی IWPR فالح حه‌سه‌ن و عوسمان موختار له‌ به‌غدا و فه‌لوجه‌وه‌ به‌شداریان له‌ نووسینی ئه‌م راپۆرته‌ كردووه‌.
Iraqi Kurdistan, Iraq
Frontline Updates
Support local journalists