دادگای ته‌میزی هه‌رێم داواكانی تایبه‌ت به‌ ساخته‌كاری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان ره‌تده‌كاته‌وه‌

دوای هه‌ڵبژاردنه‌ مێژووییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، په‌یامنێرانی IWPR له‌ نزیكه‌وه‌ به‌دواداچوون بۆ نوشوستیی گروپه‌كانی ئۆپزسیۆن ده‌كه‌ن كه‌ به‌هۆی ده‌نگۆی پێشێلكارییه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ناڕه‌زاییان ده‌ربڕیوه‌.

دادگای ته‌میزی هه‌رێم داواكانی تایبه‌ت به‌ ساخته‌كاری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان ره‌تده‌كاته‌وه‌

دوای هه‌ڵبژاردنه‌ مێژووییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، په‌یامنێرانی IWPR له‌ نزیكه‌وه‌ به‌دواداچوون بۆ نوشوستیی گروپه‌كانی ئۆپزسیۆن ده‌كه‌ن كه‌ به‌هۆی ده‌نگۆی پێشێلكارییه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ناڕه‌زاییان ده‌ربڕیوه‌.

IWPRه‌وه‌ له‌سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمه‌كه‌وه‌ بڵاوكرانه‌وه‌.



به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان كه‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌ ده‌رچووه‌، ئه‌نجومه‌نێكی دادوه‌ری كه‌ له‌ سێ ئه‌ندام پێكهاتبوو و بڕیاره‌كانی ئیستیئناف ناكرێنه‌وه‌، به‌هۆی نه‌بوونی به‌ڵكه‌ ئه‌و سكاڵایانه‌ی ره‌تكردۆته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر پێشێلكارییه‌كان تۆمار كرابوون.



بڕیاری په‌سه‌ندكردنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی و په‌رله‌مانی مانگی رابردوو له‌ لایه‌ن ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ شكستێكه‌ بۆ هاوپه‌یمانییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئۆپۆزسیۆن كه‌ داوای لێكۆڵینه‌وه‌یان كردبوو له‌‌و راپۆرتانه‌ی باسیان له‌ پێشێلكاریی مه‌ترسیدار كردبوو.



هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمه‌كه‌‌ تا راده‌یه‌كی زۆر به‌هێمنی به‌ڕێوه‌چوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌نجامه‌ كۆتاییه‌كان دواخران له‌به‌ر ده‌نگۆی ساخته‌كاری و پرسیاریش له‌سه‌ر بێلایه‌نیی كۆمسیۆن دروست بوو.



به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ له‌ ئێستادا گروپێكی ئۆپۆزسیۆن له‌ هه‌رێمی كوردستان خه‌ریكه‌ سكاڵاكانی سه‌باره‌ت به‌ دوایین هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمه‌كه‌ بگه‌یه‌نێته‌ په‌رله‌مانی عێراق. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ هیچ كاریگه‌رییه‌كی یاسایی نابێت، به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ داوای ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی عێراق زیندوو بكاته‌وه‌ بۆ ئه‌نجامدانی ریفۆرم له‌ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا.



هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ مێژوویی وه‌سفكران و هه‌ر یه‌كه‌ له‌ لیستی گۆڕان و لیستی خزمه‌تگوزاری و چاكسازی كه‌ دوو هێزی سه‌ره‌كیی ئۆپۆزسیۆنن ئه‌نجامی باشیان به‌ده‌ستهێنا. هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن ئه‌نجامه‌كانی كۆتاییان قبوڵكرد به‌ڵام داوایان له‌ دادگای ته‌میزی هه‌رێمه‌كه‌ كرد چاو به‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ سكاڵاكان بخشێنێته‌وه‌، له‌وانه‌ش ده‌نگۆی ساخته‌كاری له‌لایه‌ن ده‌نگده‌ران و ئه‌و راپۆرتانه‌ی باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن نه‌هێڵراوه‌ نوێنه‌رانی حزبه‌كان بچنه‌ بنكه‌كانی ده‌نگدانه‌وه‌.



هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن پرسیاریان له‌ سه‌ربه‌خۆیی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان كردووه‌ و ده‌ڵێن نه‌یتوانیوه‌ حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان سزا بدات به‌هۆی پێشێلكارییه‌كانی هه‌ڵبژاردن و كه‌مته‌رخه‌میكردووه‌ له‌ دابه‌شكردنی فۆڕمی سكاڵا له‌ هه‌ندێ له‌ بنكه‌كانی ده‌نگدان.



كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان نزیكه‌ی دوو هه‌فته‌ دوای ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌ ٢٥ی ته‌موزدا به‌ڕێوه‌چوون ئه‌نجامی كۆتایی ئاشكرا كرد. كۆمسیۆن رایگه‌یاند ئه‌نجامه‌كانی دواخستبوو تا له‌ ده‌نگۆی پێشێلكارییه‌كانی هه‌ڵبژاردن بكۆڵێته‌وه‌، به‌ڵام بۆی ده‌ركه‌وتووه‌‌ سكاڵاكان كاریگه‌رییه‌كی كه‌میان به‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانه‌وه‌ هه‌بووه‌.



كۆمسیۆن هێشتا راپۆرتی كۆتایی له‌سه‌ر پێشێلكارییه‌كانی دژ به‌ یاساكانی هه‌ڵبژاردن ده‌رنه‌كردووه‌. به‌ڵام هندرێن محه‌مه‌د كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كۆمیسه‌رانی كۆمسیۆن به‌ IWPRی راگه‌یاند هه‌ڵبژاردنه‌كان "رێكوپێك و پاك و بێگه‌رد بوون".



لیسته‌كانی ئۆپۆزسیۆن به‌ IWPRیان راگه‌یاند پێش ئه‌وه‌ی سكاڵاكانیان تۆماربكه‌ن پێشبینیانكردبوو ره‌تده‌كرێنه‌وه‌ چونكه‌ به‌ گوته‌ی ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له‌ هه‌رێمه‌كه‌دا سه‌ر به‌و حزبایانه‌یه‌ كه‌ ده‌یان ساڵه‌ هه‌رێمه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن. ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردنه‌كان كه‌ سكاڵاكانی ره‌تكردۆته‌وه‌ به‌شێكه‌ له‌ دادگای ته‌میزی هه‌رێمی كوردستان.



دادگای ته‌میز وه‌ڵامی په‌یوه‌ندییه‌كانی IWPRی نه‌دایه‌وه‌ تا كه‌سێك به‌ ناوى دادگاكه‌وه‌ قسه‌ بكات.



لیستی كوردستانی كه‌ لیستی دوو حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتدار‌ و به‌هێزه‌كه‌ی كوردستانه‌، ئه‌وانیش پارتی و یه‌كێتین، ٥٩ كورسی له‌ په‌رله‌مانی هه‌رێمه‌كه‌‌ كه‌ نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆیه برده‌وه‌‌‌. كۆی ژماره‌ی كۆرسییه‌كانی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان ١١١ كورسییه‌.



لیستی گۆڕان توانی ٢٥ كورسی بباته‌وه‌ و لیستی خزمه‌تگوزاری و چاكسازیش ١٣ كورسی به‌ده‌سهێنا، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م جاره‌ هێزی ئۆپۆزسیۆن ژماره‌یه‌كی وا به‌ده‌ستبهێنێ له‌وه‌ته‌ی یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمه‌كه‌ له‌ ١٩٩٢.



هاوپه‌یمانییه‌كانی ئۆپۆزسیۆن لیستی كوردستانیی ده‌سه‌ڵاتدار به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو له‌ پارێزگای هه‌ولێر و دهۆك كه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ ناوه‌ڕاست و رۆژئاوای هه‌رێمه‌كه‌ ساخته‌ی ئه‌نجام داوه‌.



له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمه‌كه‌ش كه‌ له‌ هه‌مان رۆژ ئه‌نجامدرا، مه‌سعود بارزانی، كه‌ پاڵێوراوی لیستی كوردستانی بوو، به‌ بردنه‌وه‌ی ٧٠ له‌سه‌دای ده‌نگه‌كان دووباره‌ به‌ سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌.



گۆڤه‌ند بابان، یه‌كێكه‌ له‌ پارێزه‌رانی لیستی گۆڕان، وتی ده‌سته‌ی دادوه‌ری داواكانی لیسته‌كه‌ی بۆ‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ پێشێلكارییه‌كانی هه‌ڵبژاردن تا راده‌یه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ ره‌تكردۆته‌وه‌ چونكه‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان هێشتا دوا راپۆرتی خۆی له‌سه‌ر سكاڵاكان ده‌رنه‌كردووه‌.



گروپه‌كانی ئۆپۆزسیۆن وتیان ئه‌و سكاڵایانه‌ی لای كۆمسیۆن تۆماریان كردوون چه‌ندین تۆمه‌ت له‌خۆده‌گرن، وه‌ك پڕكردنه‌وه‌ی سندوقه‌كانی ده‌نگدان و دووباره‌ ده‌نگدانه‌وه‌ی ده‌نگده‌ران و به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات و كاریگه‌ری به‌ئاشكرا له‌لایه‌ن حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌وه‌ بۆ پێشێلكردنی یاساكانی هه‌ڵبژاردنی عێراقی.



ئه‌وان كۆمسیۆن به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن كه‌ ئاسانكاری بۆ پێشێلكارییه‌كان كردووه‌ و نه‌یتوانیوه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ده‌نگۆی پێشێلكارییه‌كان بكات. ئه‌م گروپانه‌ ده‌ڵێن سكاڵاكانیان ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانی عێراق.



چه‌ند ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی عێراق هه‌فته‌ی رابردوو داوایانكرد لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆمسیۆن بكرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دوای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌ مانگی كانوونی دووه‌می رابردوو رێوشوێنی پێویستی نه‌گرتۆته‌به‌ر.



كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ورده‌كارییه‌كی كه‌می له‌باره‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كانی له‌ هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاندووه‌. حاكم سه‌ردار، كۆمیسه‌رێكی كۆمسیۆنه‌، وتی كۆمسیۆن ٤٠ سندوق یاخود بڵێین ١٢،٠٠٠ده‌نگی له‌ كۆی ١٠،٦٠٠ سندوقی هه‌رێمه‌كه سووتاندووه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زیاد له‌ ژماره‌ی دیاریكراو ده‌نگیان تێدابووه‌.



‌پێش ئه‌نجامه‌كان، كۆمسیۆن رایگه‌یاندبوو لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ٣٠٠ سندوقی ده‌نگدان ده‌كات.



حه‌مدیه‌ حوسێنی، كۆمیسه‌رێكی تره‌، وتی كۆمسیۆن لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌ نزیكه‌ی ٧٠٠ سكاڵا كردووه‌، كه‌ هه‌ندێكیان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن دوای ته‌واوبوونی هه‌ڵبژاردن ده‌نگده‌ران ده‌نگیان داوه‌ و خه‌ڵكانێكی زۆریش چوونه‌ته‌ بنكه‌كانی ده‌نگدان و‌ ناویان له‌ تۆماری ده‌نگده‌ران نه‌بووه‌.



كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان رایگه‌یاندووه‌ سزای هه‌ندێ لیست ده‌دات به‌هۆی شكاندنی یاساكانی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ به‌ڵام هیچ ورده‌كارییه‌كی نه‌دركاندووه‌.



چاودێرانی هه‌ڵبژاردن و هه‌ردوو هاوپه‌یمانییه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ئۆپۆزسیۆن ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ ژماره‌ی ده‌نگده‌ران له‌دوا ساته‌كانی ئێواره‌ی رۆژی ده‌نگدان‌ و له‌ كاتژمێری زیادكراوی ده‌نگدان زۆر به‌رز بووه‌.



به‌رپرسانی هه‌ڵبژاردن ده‌ڵێن درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی ده‌نگدان بۆ یه‌ك كاتژمێری تر له‌وه‌ی پێشتر بڕیاری له‌سه‌ر درابوو له‌به‌ر گه‌رما بووه‌ كه‌ له‌وانه‌یه‌ نه‌یهێشتبێت هه‌ندێ كه‌س ئه‌و رۆژه‌ زووتر ده‌نگ بده‌ن.



گروپه‌كانی ئۆپۆزسیۆن ده‌ڵێن له‌ كاتژمێری درێژكراوی ده‌نگداندا، لیستی كوردستانی هه‌وادارانی خۆی هێناوه‌ تا له‌جێی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌نگ بده‌ن كه‌ ناویان له‌ تۆماری ده‌نگده‌ران هه‌بووه‌ به‌ڵام هێشتا ده‌نگیان نه‌دابوو.



لیستی گۆڕان كه‌ گومانی له‌ ده‌نگه‌كانی هه‌ولێر و دهۆك هه‌یه‌ حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی به‌وه‌ تۆمه‌تبار كردووه‌ كه‌ هه‌وادارانی خۆیان له‌نێوان بنكه‌كانی ده‌نگدان گواستۆته‌وه‌ تا ده‌نگی ساخته‌ له‌ كاتژمێره‌ زیادكراوه‌كه‌ی ده‌نگدان بده‌ن و پێی وایه‌ ئه‌مه‌ش به‌ شێوه‌یه‌كی ده‌ستكرد رێژه‌ی به‌شداربووانی له‌ هه‌ولێر و دهۆك به‌رزكرده‌وه‌.



لیستی گۆڕان ده‌ڵێت كارمه‌ندانی بنكه‌كانی ده‌نگدان سه‌یری ناسنامه‌ی ده‌نگده‌رانیان نه‌كردووه‌ و ئه‌ندامانی هێزه‌كانی ئاسایش و سوپاش كه‌ پێشتر هه‌مان هه‌فته‌ ده‌نگیان دابوو دووباره‌ له‌ هه‌ڵبژارنه‌ گشتییه‌كاندا ده‌نگیان داوه‌.



كۆمسیۆن رایگه‌یاندووه‌ رێژه‌ی به‌شداربووان ٧٩ له‌سه‌دا بووه‌‍.



به‌شیر محه‌مه‌‌د، به‌رپرسێكی باڵای ده‌‌زگای هه‌ڵبژاردنی یه‌‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان‍ﻪ، وتی چاودێرانی لیستی خزمه‌تگوزاری و چاكسازی هه‌ستیان به‌ زیادبوونی "فشار و پێشێلكاری و ساخته‌" كردووه‌ له‌ دوا ساته‌كانی ئێواره‌ی ده‌نگدان و ئه‌و كاتژمێره‌ی ده‌نگدانی تیا درێژكرابوویه‌وه‌.



"ساخته‌كارییه‌كی زۆر ئه‌نجامدرا كه‌ دژی یاساكانی كۆمسیۆنی باڵا بوو،" محه‌مه‌د وتی. "گه‌وره‌ترین كێشه‌ ده‌ستێوه‌ردانی حزبه‌كان بوو له‌ بنكه‌كانی ده‌نگدان و كارمه‌ندانی كۆمسیۆنیش په‌یڕه‌وی یاساكانی كۆمسیۆنیان نه‌كرد."



فازڵ عومه‌ر، گوته‌بێژی لیستی كوردستانی، به‌توندی ره‌تیكرده‌وه‌ هیچ كامێك له‌ یه‌كێتی و پارتی ساخته‌یان ئه‌نجام دابێت. عومه‌ر ته‌ئكیدی كرده‌وه‌ كه‌ "هه‌ردوو پارته‌كه‌ خه‌باتی خۆیان وه‌ك دوو لایه‌نی شوڕشگێڕ له‌ چیاكاندا له‌ دژی رژێمی سه‌دام حوسێن به‌لاوه‌ نابوو‌ تا دڵنیابن له‌وه‌ی دیموكراسی و هه‌ڵبژاردن یاسایین".



عومه‌ر وتی لیستی كوردستانی "پێی وایه‌ پڕۆسه‌كه‌ زۆر سه‌ركه‌وتوو بوو".



عه‌دنان موفتی، سه‌رۆكی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ IWPRی راگه‌یاند هه‌ڵبژاردنه‌كان دووباره‌ ده‌كرانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بگه‌یشتبانه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی ساخته‌ی زۆری تێدا كراوه‌.



به‌پێی راپۆرته‌كانی نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق، UNAMI، ١٠،٧٠٠ چاودێری عێراقی و ٣٢٠ چاودێری نێوده‌وڵه‌تی و ٢٧،٢٠٠ چاودێری حزبی چاودێری هه‌ڵبژارنه‌كه‌یان كردووه‌.



چاودێرانی سه‌ربه‌خۆ و حزبی چه‌ند حاڵه‌تێكی مه‌ترسیداری پێشێلكارییه‌كانی هه‌ڵبژاردنیان راگه‌یاندووه‌.



له‌ دهۆك و شارۆچكه‌ی چه‌مچه‌ماڵ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ پاێزگای سلێمانی، چاودێرانی سه‌ربه‌خۆ و چاودێرانی حزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان وتیان به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ نیوه‌ی رۆژی ده‌نگدان رێگایان پێنه‌دراوه‌ بچنه‌ ناو بنكه‌كانی ده‌نگدانه‌وه‌.



سوپا و هێزه‌كانی ئاسایش و نه‌خۆش و كارمه‌ندانی نه‌خۆشخانه‌كان دوو رۆژ به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ گشتییه‌كان ده‌نگیاندا. چاودێران له‌ پارێزگای دهۆك كه‌ له‌ژێر كۆنتڕۆڵی پارتی دایه‌ وتیان چه‌ندین راپۆرت باسیان له‌ پێشێلكاری كردووه‌ له‌ناو نه‌خۆشخانه‌كاندا.



حوسێن ئیبراهیم، چاودێرێكی نێوده‌وڵه‌تیی سه‌ر به‌ كۆمكاری عه‌ره‌بییه‌ و له‌ پارێزگای دهۆك چاودێری هه‌ڵبژاردنه‌كانی كردووه‌، وتی بینیویه‌تی خه‌ڵكانێكی زۆر هێنراونه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ كه‌ "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پێنه‌ده‌چوو نه‌خۆش بن". "زانیم نه‌خۆش نین،" ئیبراهیم وتی.



له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئیبراهیم وتی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ "زۆر باش بوو. پێشبینیمان نه‌كرده‌كرد به‌و شێوه‌یه‌ به‌باشی به‌ڕێوه‌ بچێت له‌ شوێنێكدا كه‌ یه‌ك حزب به‌ته‌نها كۆنتڕۆڵی كردووه‌".



هۆگر چه‌تۆ، گوته‌بێژی تۆڕی شه‌مس كه‌ ٢،٥٠٠ چاودێری سه‌ربه‌خۆی هه‌یه‌، هه‌مان بۆچوونی هه‌بوو و پێی وابوو هه‌ڵبژارنه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ترسناك له‌كه‌دار نه‌بووه‌ به‌هۆی ساخته‌وه‌.



"بێ گومان ژماره‌یه‌ك پێشێلكاری تۆماركراوه‌ به‌ڵام تۆمه‌ته‌كانی ساخته‌كاریی به‌ به‌رنامه‌ هیچ بنه‌مایه‌كیان نییه‌،" چه‌تۆ وتی. "بۆ نموونه‌ چه‌ند حزبێكی دیاریكراو ده‌نگده‌رانیان به‌ره‌و بنكه‌كانی ده‌نگدان گواستۆته‌وه‌. هیچ گومان له‌مه‌دا نییه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی دووپات نه‌كراوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئاخۆ ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ زیاتر له‌ جارێك ده‌نگیان داوه‌ یان نا... ئه‌مه‌ ته‌نها تۆمه‌ته‌، نه‌ك راستی."



به‌ڵام چاودێرانی تری نێوده‌وڵه‌تی ده‌ڵێن ساخته‌كاری زۆر بووه‌. جه‌بار ئه‌مین، چاودێرێكی نێوده‌ڵه‌تی بوو له‌ پارتی سه‌وزی سویدییه‌وه‌، وتی چاودێران پێیان وابوو "زۆر كه‌س زیاتر له‌ جارێك ده‌نگیان داوه، به‌تایبه‌تی دوای كاتژمێر ٤ی ئێواره‌."



ده‌نگده‌رانی عێراق په‌نجه‌ی خۆیان ئه‌خه‌نه‌ ناو حبره‌وه‌ تا نه‌توانن دووجار ده‌نگ بده‌ن. ئه‌مین دووپاتیكرده‌وه‌ ئه‌و حبره‌ "به‌ئاسانی لێئه‌چوو".



كۆمسیۆنی هه‌ڵبژارده‌كان ده‌ڵێت ٤١٥ سكاڵای ره‌تكردۆته‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌پێی پێوه‌ره‌ دروسته‌كان تۆمار نه‌كرابوون یان به‌ڵگه‌یان نه‌بووه‌.



كارمه‌ندێكی بنكه‌یه‌كی ده‌نگدان له‌ هه‌ولێر كه‌ داوایكرد ناوی ئاشكرا نه‌كرێت وتی بانگكراوه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا كراوه‌ دوای ئه‌وه‌ی چاودێرێك رایگه‌یاندبوو ده‌نگده‌ران بێ ئه‌وه‌ی ناسنامه‌ی خۆیان بخه‌نه‌ڕوو ده‌نگیان داوه‌ و فۆڕمی گواستنه‌وه‌ی بنكه‌ی ده‌نگدانیشان به‌خراپی به‌كارهێناوه‌.



ئه‌و كارمه‌نده‌ وتی لێكۆڵه‌رانی كۆمسیۆن بۆ ماوه‌ی سێ كاتژمێر به‌ تۆماره‌كانی بنكه‌كه‌دا چوونه‌وه‌‌ به‌ڵام هیچیان نه‌دۆزیه‌وه‌. ئه‌و چاودێره‌ له‌ كۆتاییدا دانی به‌وه‌ نابوو كه‌ حزبه‌كه‌ی ده‌یوست ده‌نگه‌كانی ئه‌و بنكه‌یه‌ به‌تاڵبكاته‌وه‌ چونكه‌ نیگه‌ران بوو له‌وه‌ی هه‌وادارانی حزبه‌كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا به‌ڕێژه‌یه‌كی كه‌م به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا ده‌كه‌ن.



به‌شیر محه‌مه‌د، گوته‌بێژی خزمه‌تگوزاری و چاكسازی، وتی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن "له‌ ئاست هیوا و پێشبینییه‌كانی ئێمه‌دا نه‌بوو".



محه‌مه‌د وتی لیسته‌كه‌یان كار ده‌كات تا پێشێلكاری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوودا دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌.



"هه‌موو قه‌واره‌ سیاسییه‌كان به‌پرسن له‌ پاراستنی ئه‌زموونی دیموكراسی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا،" محه‌مه‌د وتی. "هه‌ڵبژاردن بنه‌مایه‌كی گرنگی دیموكراسییه‌."



نه‌جیبه‌ محه‌مه‌د، رۆژنامه‌نووسێكی راهێنراوی IWPRه‌، له‌ هه‌ولێره‌وه‌ ئه‌م راپۆته‌ی نووسیوه‌. تیاری راست، سه‌رنووسه‌ری IWPR له‌ عێراق و هۆگر حه‌سه‌ن و نه‌به‌ز جه‌لال كه‌ هه‌ردووكیان ستافی په‌یمانگاكه‌ن له‌ سلێمانی و هه‌ولێره‌وه‌ به‌شداریان له‌ نووسینی ئه‌م راپۆرته‌ كردووه‌. ئاكۆ محه‌مه‌د مسته‌فا و نیوار محه‌مه‌د، دوو رۆژنامه‌نووسی راهێنراوی IWPRن، له‌ چه‌مچه‌ماڵ و دهۆكه‌وه‌ به‌شداریان له‌ نووسینی ئه‌م راپۆرته‌ كردووه‌.
Iraqi Kurdistan, Iraq
Frontline Updates
Support local journalists