دادگا تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر ئێش و ئازاری هه‌ڵه‌بجه‌

شارى هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ به‌ده‌ست پاشماوه‌ی هێرشی كیماییه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت ده‌یه‌وێت له‌ دادگا قه‌ره‌بوو بكرێته‌وه‌.

دادگا تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر ئێش و ئازاری هه‌ڵه‌بجه‌

شارى هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ به‌ده‌ست پاشماوه‌ی هێرشی كیماییه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت ده‌یه‌وێت له‌ دادگا قه‌ره‌بوو بكرێته‌وه‌.

Friday, 27 February, 2009
"دیاریی به‌عسییه‌كان" ناو ده‌بات. دۆكتۆره‌كان پێیان وتووه‌ كه‌ سییه‌كانی خه‌ریكن ده‌ڕزين، ئه‌مه‌ش وای لێكردووه‌ كه‌ به‌زه‌حمه‌ت بتوانێت ساده‌ترین رسته‌ش ده‌رببڕێت.



وه‌یس، كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی چله‌كانی ته‌مه‌نی دایه‌، یه‌كێكه‌ له‌ رزگاربووانی كیمیابارانه‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ ساڵی ١٩٨٨ كه‌ بوة هؤى له‌ناو بردنى خێزانه‌كه‌ی، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ سییه‌كانی پڕ بوون له‌ گازی ژه‌هراوی. دوای ٢١ ساڵ، وه‌یس هێشتا به‌توندی لایه‌نگری له‌ قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كات و به‌ كزییه‌وه‌ پێده‌كه‌نێت كه‌ ده‌بينيت ئێستا دادگا گوێیان لێ ده‌گرێت.



"هه‌موو ئاواتێكم ئه‌وه‌بوو كه‌ ببینم ئه‌و تاوانباره‌ی هه‌ڵه‌بجه‌یان كاولكرد دادگایی بكرێن" وه‌یس وتی.



چوار سه‌ركرده‌ی پێشووی پارته‌كه‌ی سه‌دام حوسێن ئێستا له‌ به‌غدا دادگایی ده‌كرێن له‌سه‌ر داڕشتن و ئه‌نجامدانی ئه‌و هێرشه‌ى كه‌ نزیكه‌ی ٥٠٠٠ كه‌سی كوشت و هه‌زارانی تریشی بریندار كرد.



كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌، بوو به‌ سیمبولێكی تۆقێنه‌ر بۆ ده‌رده‌سه‌ریی كورده‌كان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی سه‌دامدا. حكومه‌تی پێشووی عێراق تاوانباركرا به‌ به‌كارهێنانی گازی كیمیایی وه‌ك گازی خه‌رده‌ل و قی ئێكس له‌دژی مه‌ده‌نییه‌كان لةكۆتاییه‌كانی شه‌ڕی عێراق وئێراندا.



ئه‌مه‌ حه‌وته‌مین دادگایه‌ له‌دژی سه‌رانی پێشووی به‌عس و بووه‌ته‌ مایه‌ی راكێشانی سه‌رنجی هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان كه‌ بیست ساڵه‌ چاوةڕێن تا ببینن دادپه‌روه‌ری بچه‌سپێت.



ئامێره‌كانی رادیۆ و ته‌له‌فزیۆن به‌رده‌وام ده‌خرێنه‌ سه‌ر دادگاكه‌. هه‌ڵه‌به‌جه‌ییه‌كان سوپاسگوزارن كه‌ ئه‌و چیڕۆكانه‌ی له‌مێژبوو له‌ ماڵه‌كان و چایخانه‌كاندا ده‌وترانه‌وه‌ - وه‌ك چیڕۆكی ئه‌و لاشه‌ تێكشكاوانه‌ی كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ له‌ كاتی ئاواره‌بووندا ناچاربوون جێیان بهێڵن، چیڕۆكی ئازار و له‌ده‌ستدانی ته‌واوی ئه‌ندامه‌كانی خێزان – ئێستا له‌ شوێنی شاهێدحاڵه‌كان له‌ دادگاكه‌دا ده‌وترێنه‌وه‌.



"من چاوه‌ڕێی ئه‌مه‌م ده‌كرد،" ئاراس عه‌بید، كه‌ ١٢ له‌ ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی به‌ دایك و باوكیشیه‌وه‌ له‌ هێرشه‌كه‌دا له‌ده‌ست داوه‌ و ئه‌و كاته‌ ته‌مه‌نی ٢٠ ساڵ بووه‌، وتی. "گوێم لێ نییه‌ ئه‌گه‌ر ئێستا بمرم، خۆ بینیم تاوانباران و بكوژانی خێزانه‌كه‌م دادگایی ده‌كرێن."



دادگاكه‌ به‌دوور نه‌بووه‌ له‌ مشتومڕ و رووداوی سه‌رنجڕاكێش. یه‌كێك له‌ تاوانباره‌كان به‌شێوه‌یه‌كی نادیار بزر بووه‌، نیگه‌رانی له‌ ئارادایه‌ كه‌ یه‌كێكی تر له‌وانه‌یه‌ له‌سێداره‌ بدرێت به‌ر له‌وه‌ی دادگاكه‌ كۆتایی پێ بێت، هه‌روه‌ها ده‌سته‌ی داواكارانیش به‌ڵێنیان داوه‌ چه‌ندین به‌ڵگه‌ بخه‌نه‌ڕوو كه‌ ده‌یسه‌لمێنن كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان گازی ژه‌هراوایان به‌ رژێمی سه‌دام فرؤشتوة.



داواكاران ده‌ڵێن كێسێكی به‌هێزیان له‌دژی تاوانباران هه‌یه‌ و به‌ڵگه‌نامه‌ی هه‌واڵگری و ڤیدیۆ و وێنه‌ی هێرشه‌كه‌ و شاهێدیی نزیكه‌ی ٧٢ شاهێدحاڵیان له‌به‌رده‌ست دایه‌. شاهێدحاڵه‌كان چه‌ند رۆژنامه‌نووسێكی بیانی له‌خۆ ده‌گرن كه‌ یه‌كسه‌ر دوای هێرشه‌كه‌، سه‌ردانی شارۆچكه‌كه‌یان كردووبوو.



دیارترین تاوانبار عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جیده‌ كه‌ فه‌رمانده‌ی سوپای سه‌دام و به‌رپرسی هه‌واڵگری بووه‌ و نازناوی "عه‌لی كیمیایی" لێنراوه‌ به‌هۆی ئه‌و رۆڵه‌ی هه‌یبووه‌ له‌ هێرشة كيميايةكةدا.



تاوانباره‌كانی تر بریتین له‌ وه‌زیری به‌رگری پێشوو سوڵتان هاشم، به‌رپرسی پێشووی هه‌واڵگریی سه‌ربازی سابر دوری و به‌رپرسێكی پێشووی هه‌واڵگری به‌ناوی فه‌رخان موتڵه‌گ جبوری.



هیچێك كامێك له‌م تاوانبارانه‌ به‌یاننامه‌یان ده‌رنه‌كردووه‌ و دژه‌ داوایان تۆمار نه‌كردووه‌ حكومه‌تی سه‌داميش بةردةوام رایدةگه‌یاند كه‌ ئێران هێرشه‌كه‌ی ئه‌نجام داوه‌.



داواكاران و خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ هیوادارن كێسه‌كه‌ نه‌ك ته‌نها دادپه‌روه‌ری بچه‌سپێنێت به‌ڵكو یارمه‌تیده‌ریش بێت له‌ دابینكردنی قه‌ره‌بوو بۆ قوربانییه‌كان.



گۆران ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكی داواكاران له‌ دادگاكه‌، وتی ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كه‌ ده‌سته‌ی داواكاران خه‌ریكن ناویان بڵاو بكه‌نه‌وه‌ و به‌شداریان كردووه‌ له‌ دابینكردنی گازی ژه‌هراوی بۆ رژێمی پێشوو ره‌نگه‌ "یارمه‌تی پێشكه‌ش بكه‌ن بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ یان یارمه‌تیی دارایی بده‌ن به‌ كه‌سوكاری قوربانیان تاكو داوا له‌سه‌ر ئه‌و كۆمپانیایانه‌ تۆمار نه‌كه‌ن" له‌دوای دادگاكه‌دا.



حكومه‌تی ناوه‌ندیش به‌ڵێنی داوه‌ یارمه‌تی هه‌ڵه‌بجه‌ بدات له‌ڕێی تۆماركردنی داوا له‌سه‌ر ئه‌م كۆمپانیایانه‌.



فوئاد ساڵح، به‌رپرسێكه‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌، وتی به‌رپرسانی كورد ده‌یانه‌وێت دادگاكه‌ تاوانه‌كه‌ به‌ جینۆساید بناسێنێت و حكومه‌تی عێراقیش قه‌ره‌بووی قوربانییه‌كان بكاته‌وه‌.



ئه‌م یارمه‌تییه‌ زۆر پێویسته‌. رزگاربووان ئێستاش رووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی ته‌ندروستی ده‌بنه‌وه‌، له‌وانه‌ش گرفته‌كانی كؤئةندامى هه‌ناسه‌ و بینین و سكپڕی و شێرپه‌نجه‌. زۆرێكیان ته‌نها له‌ده‌ره‌وه‌ى وولات چاره‌سه‌ر ده‌كرێن، به‌ڵام كه‌مێك له‌و خه‌ڵكه‌ توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ به‌ پاره‌ی خۆیان له‌ده‌ره‌وه‌ چاره‌سه‌ر وه‌ربگرن.



"نیوه‌ی ژیانی خۆمان به‌ خواردنی ده‌رمان به‌سه‌ر برد و هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ مه‌رگدا له‌ كێشمه‌كێشم داین،" وه‌یس وه‌تی.



حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چه‌ند نه‌خۆشێكی به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ر ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ كردووه‌ و چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی ژێرخانی ئابووریشی جێبه‌جێ كردووه‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ تیایادا ئه‌و خانووانه‌ی له‌ هێرشه‌كه‌دا كاولكراون وه‌ك سیمبولی تارمایی هێرشه‌كة ماونه‌ته‌وه‌.



به‌ڵام خزمه‌تگوزارییه‌كان هێنده‌ خراپن كه‌ دانیشتوانی شارۆچكه‌كه‌ به‌ ئاشكرا حكومه‌تی هه‌رێمیان به‌ پشتگوێخستنی‌ تۆمه‌تبار كردووه‌. له‌ ٢٠٠٦دا، مۆنۆمێنتێك كه‌ وه‌ك رێزێك بۆ قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه‌ دروستكراوه‌ سوتێنرا كاتێك پێكدادان له‌ نێوان خۆپیشانده‌رانی شارۆچكه‌كه‌ و هێزه‌ كوردییه‌كان خوێنی تيارزا‌.



دیارنه‌مانی فڕۆكه‌وانێكی پێشووی عێراق كه‌ له‌م كێسه‌دا دادگایی ده‌كرا بێمتمانه‌یی هه‌ڵه‌بجه‌ی به‌ ده‌سه‌ڵاتداران زیاتر كردووه‌. تارق ره‌مه‌زان، ئه‌فسه‌رێكی پێشووی هێزی ئاسمانی كه‌ تاوانباره‌ به‌ ئه‌نجامدانی هێرشه‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ كۆتایی تشرینی دووه‌م له‌ده‌ست كورده‌كان رایكردو ئێستاش به‌ره‌ڵایه‌.



په‌رله‌مانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خه‌ریكی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر دیارنه‌مانی فڕۆكه‌وانه‌كه‌ كه‌ دانیشتوان و داواكارانی توڕه‌ كرد.



داواكارانی كيسةكة وتیان ئه‌مه‌ كاریگه‌ری نابێت له‌سه‌ر كێسی تاوانباره‌كانی تر، به‌ڵام وتیان توشی شۆك هاتن كاتێك هه‌واڵه‌كه‌یان له‌ دادگاوه‌ زانی نه‌ك له‌ حكومه‌تی هه‌رێم. بؤية داوایان له‌ دادگا كردووه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر هۆكاری دیارنه‌مانه‌كه‌ بكات.



یه‌كێك له‌ داواكاره‌كان به‌ ناوی به‌كر حه‌مه‌سدیق عارف وتی به‌یاننامه‌ی هێزه‌كانی ئاسایشی كوردی كه‌ گوایه‌ ره‌مه‌زان له‌ رێگادا به‌ره‌و نه‌خۆشخانه‌ هه‌ڵاتووه‌ "باوه‌ڕثينةكراوة".



"چۆن تاوانبارێكی وا دیار له‌ده‌ستی ده‌زگایه‌كی وا گه‌روه‌ به‌و ئاسانییه‌ رزگاری ده‌بێت،" عارف وتی.



زانا ئه‌حمه‌د، خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ و باوكی له‌ هێرشه‌كه‌دا له‌ده‌ست داوه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ پرسیاری له‌سه‌ر دیارنه‌مانی فڕۆكه‌وانه‌كه‌ هه‌بوو.



"به‌ڕاستی ئه‌وه‌ زیان به‌ وره‌ی ئێمه‌ ده‌گه‌ینێت چونكه‌ تێده‌گه‌ین سه‌ركرده‌كانمان چه‌نده‌ بێ باكن به‌رامبه‌ر به‌ ئێمه‌،" ئه‌حمه‌د وتی.



هه‌ندێ كه‌سی تر له‌وه‌ش نیگه‌رانن كه‌ له‌وانه‌یه‌ عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید، كه‌ عارف به‌ "بانكی زانیاری له‌سه‌ر تاوانی هه‌ڵه‌بجه‌" ناوی برد، له‌سێداره‌ بدرێت به‌هۆی بةتاوانبارده‌رچوونی له‌ چه‌ند تاوانێكی تری كوشتندا، پێش ئه‌وه‌ی دادگای هه‌ڵه‌بجه‌ كۆتاي بێت.



دانیشتوانی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌چه‌ند ساڵی رابردوودا به‌ هه‌ستێكی پڕ له‌ خۆشی و ناخۆشی سه‌یری سزادانی به‌رپرسه‌ باڵاكانی رژێمی به‌عس و له‌سێداره‌دانی سه‌رۆكی پێشوو سه‌دام حوسێنیان كرد كه‌ تاوانی تری دڕندانه‌یان له‌دژی خه‌ڵكی عێراق ئه‌نجام دابوو.



"پێمان وایه‌ له‌سێداره‌دانی عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید [پێش كۆتایی هاتنی دادگا هه‌ڵه‌بجه‌] كێسه‌كه‌ی ئێمه‌ ئاڵۆز ده‌كات،" عه‌بدولقادر وتی. "به‌ له‌سێداره‌دانی ئه‌و تاوانبارانه‌، نهێنیی گه‌وره‌ له‌گه‌ڵ خۆیاندا ده‌به‌نه‌ ژێر گڵه‌وه‌ و زۆرێك له‌و كۆمپانیایانه‌ش كه‌ له‌ناو باسه‌كه‌دان به‌دوور ده‌بن له‌ دادگاییكردن."



یاسای عێراق ده‌ڵێت ده‌بێت سزای له‌سێداره‌دان له‌ماوه‌ی ٣٠ رۆژدا جێبه‌جێ بكرێت دوای ئه‌وه‌ی سه‌رۆك ئیمزای له‌سه‌ر ده‌كات، به‌ڵام تا ئێستا دادگا ئه‌و مه‌رجه‌ی پشتگوێ خستووه‌ و بواری داوه‌ كێسی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌رده‌وام بێت.



داواكاران و رزگاربووان وتیان هیوادارن راستیی هێرشه‌ ده‌ربكه‌وێت له‌ دادگادا كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت چه‌ند هه‌فته‌یه‌كی تریش بخایه‌نێت. هه‌روه‌ها وتیان هیوادارن وڵاتانی رۆژئاواش سه‌یری دادگاكه‌ بكه‌ن.



"ژینگه‌ی ناوچه‌كه‌ هێشتا ناته‌ندروسته‌ و ناشێت بۆ ژیان،" زانا ئه‌حمه‌د كه‌ دانیشتووی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ وتی. "كاریگه‌ریی هێرشه‌ كیماییه‌كه‌ بۆ چه‌ندین ساڵی تریش له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌."



رێباز مه‌حمود رۆژنامه‌نووسێكی راهێنراوی IWPRه‌ له‌ سلێمانی. خه‌بات نه‌وزاد مه‌شقكردوویه‌كی IWPRه‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌.
Support our journalists