بارودۆخی شاری سه‌در خراپترده‌بێت

به‌رده‌وامبوونی پێكدادان بۆ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك بووه‌ته‌ هۆی په‌كخستنی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م ناوچه‌ شیعه‌نشینه‌.

بارودۆخی شاری سه‌در خراپترده‌بێت

به‌رده‌وامبوونی پێكدادان بۆ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك بووه‌ته‌ هۆی په‌كخستنی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م ناوچه‌ شیعه‌نشینه‌.

.





عه‌لیا ناسف جاسم، ئه‌ندام په‌رله‌مانی سه‌ر به‌ لیستی عێراقیه، كه‌ له‌مدواییه‌دا و له‌ نێو شاندێكی په‌رله‌مانی عێراقیدا سه‌ردانی ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ی كردبو، وتی، "بارودۆخه‌كه‌ ئێجگار خراپبوه‌ چونكه‌ زۆربه‌ی خزمه‌تگوزاریه‌كان وه‌ستاون. له‌ ئه‌نجامی هێرشه‌ ئاسمانیه‌كان و پرۆسه‌ سه‌ربازیه‌كان چه‌ندین خانوی هاوڵاتیان وێرانبوون."





ئاگربه‌سێكی چوار ڕۆژی له‌رزۆك له‌ نێوان موقته‌داسه‌در و حكومه‌تی عێراقیدا كه‌ له‌ ١٢ی مانگی ئایاردا ئیمزاكرا شه‌ڕوپێكدادانی له‌و ناوچه‌یه‌دا كه‌مكرده‌وه‌، ‌ئه‌گه‌رچی نه‌شبوبێته‌ هۆی وه‌ستاندنی. سوپای ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه‌ چه‌كدارانی ئێرانی یارمه‌تی لایه‌نگرانی سه‌در ئه‌ده‌ن له‌و شه‌ڕانه‌دا. ئێرانیش ره‌تیكرده‌وه‌و ووتی كه‌ ئه‌و وڵاته هیچ‌ بوونی سه‌ربازی له‌ عێراقدا نیه‌.





ساڵح عه‌جیلی، ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی سه‌ر به‌ موقته‌دایه‌ و له‌ شاری سه‌در ئه‌ژی، وتی له‌ ئه‌نجامی شه‌ڕ و پێكدادان و هێرشی ئاسمانی به‌رده‌وامه‌وه،‌ زیاتر له‌ ١٠٠ خانو وێرانبون له‌وكاته‌وه‌ی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كان زیاتر له‌ مانگێك له‌مه‌وبه‌ر ده‌ستیان پێكرد.





په‌رله‌مانتاران ئه‌ڵێن شاری سه‌در ئاوی پێویستی نیه‌ و خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی و سیستمی ئاوه‌رۆ له‌ جاران‌ خراپتر بووه‌. چه‌ندین هه‌فته‌یه‌ زبڵ و خاشاك كۆنه‌كراوه‌نه‌ته‌وه‌ و له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان و ده‌روبه‌ری ماڵه‌كاندا كه‌ڵه‌كه‌بوون.





خه‌سته‌خانه‌كان كاره‌بایان كه‌مه‌ و عیاده‌ بچوكه‌ گشتی و تایبه‌ته‌كان به‌یه‌كجاری داخراون. ته‌حسین شێخلی، وته‌بێژی حكومه‌ت وتی شه‌ش خه‌سته‌خانه‌ له‌ شاری سه‌در له‌ كاتی شه‌ڕه‌كاندا به‌شێوه‌یه‌كی كاتی داخران چونكه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ میلیشیاكان بۆ ئه‌نجامدانی هێرشه‌كانیان به‌كاریانده‌هێنا.





هه‌روه‌ها وتی له‌و كاته‌وه‌ی شه‌ڕه‌كان ده‌ستیان پێكردوه‌، زیاتر له‌ ٩٠ كه‌س كوژراون و زیاتر له‌ ٢٦٠٠ ی تریش بریندرابون – كه‌ به‌شێكیان خه‌ڵكی مه‌ده‌نین. حكومه‌تیش رایگه‌یاند كه‌ ئاگربه‌ست به‌كارده‌هێنێت بۆ ئه‌وه‌ی رێگه‌بدات به‌ یارمه‌تی فریاگوزاری بگاته‌ ناوچه‌كه‌.





له‌كاتێكدا حكومه‌ت و سوپا بانگه‌شه‌ی سه‌ركه‌وتن ئه‌كه‌ن له‌ شه‌ڕی دژی تیرۆر و میلیشیاكاندا – و پشتگیری جه‌ماوه‌ریان به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌ شه‌ڕه‌كانیاندا له‌ دژی سوپای مه‌هدی – هه‌ندێك لایه‌ن ره‌خنه‌ئامێزن به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی تونده‌ی ئه‌مریكا و هێزه‌عێراقیه‌كان وه‌ریانگرتوه‌.





مه‌حمودعوسمان، ئه‌ندام په‌رله‌مانی سه‌ر به‌ لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان، وه‌كو ئاماژه‌ به‌ هێرشه‌ ئاسمانیه‌كانی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر شاری سه‌در وتی، "ده‌رچو كه‌ هێرشه‌ ئاسمانیه‌كان بێسودن. خه‌ڵكانی مه‌ده‌نی زیاترین زیانیان پێگه‌یشتوه‌، ئیسرائیلیش هه‌مان هه‌وڵیدا له‌ غه‌زه‌دا، به‌ڵام سه‌ركه‌وتو نه‌بو."





حكومه‌ته‌كه‌ی نوری مالیكی به‌ڵێنیدا كه‌ میلیشیاكان سه‌ركوتبكات. ره‌وتی سه‌دریش لێپرسراوانی عێراقی به‌وه‌ تاوانبارده‌كات كه‌ به‌ئه‌نقه‌ست ئه‌ندامه‌كانیان ئه‌كه‌نه‌ ئامانج و ئه‌مه‌ش تۆمه‌تێكه‌ كه‌ ئه‌وان ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌.





فه‌لاح شه‌نشه‌ل كه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی وابه‌سته‌ی سه‌دره‌ وتی، "ئامانجی پرۆسه‌كه‌ كۆتاییهێنانه‌‌ به‌ ره‌وتی سه‌در. ئه‌گه‌ر وانه‌بوایه‌، رێگه‌ی دایالۆگی به‌كارده‌هێنا پێش ئه‌وه‌ی په‌نا بۆ چاره‌سه‌رێكی سه‌ربازی به‌رێت."





پێكدادانی ناوبه‌ناوی نێوان هێزه‌ عێراقیه‌كان به‌ پشتیوانی ئه‌مریكا و نێوان چه‌كداره‌كانی سه‌در گه‌ره‌كی سه‌دری خستۆته‌ بارێكی ترس و بێسه‌روبه‌ریه‌وه‌. له‌ ماوه‌ی دو ساڵی رابردودا، ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ تاڕاده‌یه‌ك ئارام بو له‌ كاتێكدا توندوتیژی تائیفی له‌ ناوچه‌كانی تری به‌غدا تاده‌هات گه‌رمتر ده‌بو.





به‌ڵام ئێستا شه‌قامه‌كان چۆڵن و دوكانه‌كان هه‌ر نیوه‌ڕۆ دایده‌خه‌ن، ته‌نانه‌ت ئیشه‌ رۆتینیه رۆژانه‌كان بونه‌ته‌ كارێكی مه‌ترسیدار.





برازا ١٦ ساڵانه‌كه‌ی سه‌عد حه‌نون كه‌ كارمه‌ندێكی وه‌زاره‌تی بازرگانی ته‌مه‌ن ٣٨ ساڵه‌ و له‌ گه‌ڕه‌كی سه‌در ئه‌ژی، له‌ سه‌ربان فیشه‌كێك به‌ریكه‌وت و گیانی له‌ده‌ستدا له‌ كاتێكدا خه‌ریكی ئیشپێكردنی مۆلیده‌كه‌ی ماڵی خۆیان بو.





حه‌نون وتی، "نه‌مانتوانی بیبه‌ین بۆ خه‌سته‌خانه‌ چونكه باری ئه‌منی زۆر خراپ بو و هیچ ئوتومبیلێكیش به‌جاده‌كانه‌وه‌ نه‌بو به‌كاریبهێنین.‌"





هه‌روه‌ها وتی، "ئه‌گه‌ر بته‌وێت بچیته‌ سه‌ر سه‌ربان وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ بڕیاری خۆكوشتن بده‌یت چونكه‌ ئه‌كه‌ویته‌ به‌ر ره‌حمه‌تی قه‌ناسه‌ ئه‌مریكیه‌كان و ده‌ستڕێژی گولله‌ی وێڵی میلیشیاكان."





ئه‌بو ئه‌حمه‌د، ٥٠، به‌قاڵ له‌ گه‌ڕه‌كی سه‌در كه‌ ناوی ته‌واوه‌تی خۆی ئاشكرا نه‌كرد، وتی،"پێشتر هه‌تا ده‌وروبه‌ری ١١ی شه‌و ئیشمان ئه‌كرد، كڕیارێكی زۆر رووی تێده‌كردین، به‌ڵام ئێستا ئه‌وانه‌ هیچی نه‌ما."





هێرشه‌ ئاسمانیه‌كانی هێزه‌كانی ئه‌مریكا زیاترین زیانیان به‌و گه‌ڕه‌كه‌ گه‌یاندوه‌ كه‌ به‌ مۆڵگه‌یه‌كی دژی داگیركاری ئه‌مریكا ناسراوه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هه‌ندێك خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كه‌كه‌ ئێجگار پڕن له‌ میلیشیاكان كه‌ كۆنترۆڵی ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌یان كردوه‌.





دانیشتویه‌كی شاری سه‌در كه‌ كارمه‌ندی حكومه‌ته‌ وتی، "چه‌كداره‌كان گوێناده‌ن به‌ ژیانی خه‌ڵك. بۆ نمونه‌ بۆمبی سه‌ره‌ڕێ له‌په‌نا ماڵی خه‌ڵكه‌وه‌ ئه‌چێنن چونكه‌ له‌ترسی قه‌ناسه‌ ئه‌مریكیه‌كان ناتوانن له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان بیچێنن."





هیشام حه‌سه‌نی سه‌رۆكی به‌شی راگه‌یاندن له‌ زانكۆی به‌غدا وتی زۆر له‌ دانیشتوانی به‌غدا و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان پشتیوانی له‌ هه‌وڵه‌كانی حكومه‌ت ئه‌كه‌ن بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی میلیشیاكه‌ی موقته‌دا چونكه‌ هاوڕان له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنی لێپرسراواندا كه‌ ده‌بێت ته‌نها هێزه‌كانی ده‌وڵه‌ت چه‌كیان پێبێت.





له‌ هه‌مان كاتدا دانیشتوانی به‌غدا له‌وه‌ ئه‌ترسن ئه‌و ئاگربه‌سته‌ له‌رزۆكه‌ سه‌رنه‌گرێت و به‌ربه‌ره‌كانێی چه‌ند هه‌فته‌یی نێوان هێزه‌ عێراقیه‌كان به‌پشتیوانی ئه‌مریكا و میلیشیاكانی سه‌ر به‌ سه‌در سه‌ره‌نجام ببێته‌ شه‌ڕێكی سه‌رتاسه‌ری.





حه‌نون وتی، "پێویسته‌ حكومه‌ت كۆتایی به‌ نه‌هامه‌تیه‌كانی دانیشتوانی سه‌در بهێنێت، یان له‌ رێگه‌ی چاره‌سه‌رێكی سه‌ربازیه‌وه‌ یان له‌ رێگه‌ی دانیشتنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ره‌وتی سه‌دردا."





محه‌ممه‌د توركی، ٢٩، كارمه‌ندی وه‌زاره‌تی دارایی و دانیشتوی گه‌ڕه‌كی‌ ئه‌عزه‌میه‌ی‌ ته‌نیشت گه‌ڕه‌كی سه‌در وتی، "پێویسته‌ یاسای جه‌نگه‌ڵ كۆتایی پێ بهێنرێت."





په‌یامنێره‌كه‌ رۆژنامه‌نوسێكی راهێنراوی ئه‌نستیتوی رۆژنامه‌وانی جه‌نگ و ئاشتییه ‌له‌ به‌غدا كه‌ داوایكرد له‌به‌ر هۆی ئه‌منی ناوی بڵاونه‌كرێته‌وه‌.
Frontline Updates
Support local journalists