Institute for War and Peace Reporting | Giving Voice, Driving Change

پێویسته‌ كه‌ركوك به‌یه‌كگرتویی بمێنێته‌وه‌

ئه‌و توندوتیژیه‌ی به‌مدواییانه له‌ كه‌ركوك رویدا، جارێكي تر نيشانیدا كه‌ زۆر گرنگه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌و پارێزگایه‌ بگه‌نه‌ رێكه‌وتنێك له‌سه‌ر چاره‌نوسی ئه‌و شاره‌.
By Samah Samad
.



توركمان و عه‌ره‌ب پشتگیریه‌كی گه‌وره‌یان له‌ بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مان كرد. به‌ڵام كورده‌كان، كه‌ بڕوایانوایه‌ زۆرینه‌ن له‌ كه‌ركوك، به‌‌ توندی دژی ئه‌و بڕیاره‌ی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات له‌ پارێزگاكه‌دا‌ وه‌ستانه‌وه‌.



ترسه‌كه‌م له‌وه‌ی مه‌ترسیه‌ك به‌ڕێوه‌یه‌ له‌جێی خۆیدا بو و راست ده‌رچو: ژنێكی خۆكوژ له‌ناو ئاپۆره‌ی خۆپیشانده‌ره‌كاندا خۆی ته‌قانده‌وه‌ و‌ لاشه‌ی چه‌ندین قوربانی به‌ هه‌موو ئه‌و ناوه‌دا په‌رشوبڵاوكرده‌وه‌. هیچ كه‌سێك لێپرسراوێتی هێرشه‌كه‌ی نه‌گرته‌ ئه‌ستۆی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، بوه‌ هۆی وروژاندنی گرژی له‌ نێوان نه‌ته‌وه‌كانی كه‌ركوكدا، كه‌ شاری زێدی منه‌.



ئه‌و هێرشه‌ ئه‌وه‌شی نیشاندا كه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كانی كه‌ركوك زۆر گرنگه‌، به‌تایبه‌ت نوێنه‌ره‌‌ سیاسیه‌كانیان، بگه‌نه‌ ته‌وافوق و پێكهاتنێك له‌ نێوان خۆیاندا. به‌ڵام له‌و كاته‌وه‌ی هێرشه‌كه‌ رویداوه‌، پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌مان بینیوه‌‌.



ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك كه‌ زۆرینه‌ی كورسیه‌كانی به‌ده‌ستی كورده‌وه‌یه‌، رۆژی ٣١ ته‌موز داوایكرد ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا ڕێگه‌بده‌ن كه‌ركوك ببێته‌ به‌شێك له‌ كوردستانی عێراق، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكه‌ ئه‌و پرۆسه‌ ده‌ستوریه‌ فه‌رامۆشده‌كات كه‌ مه‌به‌ست لێی دیاریكردنی حوكمكردنی ئه‌و شاره‌یه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ یان له‌لایه‌ن حكومه‌تی مه‌ركه‌زی به‌غداوه‌.



زۆربه‌ی كورده‌كانی كه‌ركوك ئه‌یانه‌وێت ئه‌و پارێزگا به‌نه‌وت ده‌وڵه‌مه‌نده‌ بخرێته‌ سه‌ر كوردستانی عێراق، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش‌ داواكاریه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا شتێكی كتوپڕ و سه‌یر نه‌بوو. به‌ڵام سه‌ره‌تا ئه‌وه‌ روون نه‌بوو ئایا سیاسه‌تمه‌داره‌ كورده‌كان مه‌به‌ستیان مانۆری سیاسی بو له‌و لێدوانانه‌ یاخود به‌جیددی ئه‌یان‌ویست ده‌ستبه‌جێ كه‌ركوك بخرێته‌ سه‌ر كوردستان.



چاودێران پێیانوابو كه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا‌ وه‌كو كردنی به‌نزین وابو به‌ ئاگردا، چونكه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ كورده‌كان له‌ گه‌ڵ كوتله‌كانی تری په‌رله‌مانی عێراقدا له‌ شه‌ڕدا بوون سه‌‌باره‌ت چۆنیه‌تی دابه‌شكردنی كورسیه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی شاره‌وانی داهاتودا. پێده‌چێت ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ به‌هۆی كێشه‌ی كه‌ركوكه‌وه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری وڵاتدا دوابخرێت.



داواكاری كورد بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ركوك بخرێته‌ سه‌ر كوردستانی عێراق داواكاریه‌ك بو حیكمه‌تی تیانه‌بو به‌حوكمی ئه‌وه‌ی هیچ لایه‌نێكی سیاسی تر ئه‌و داواكاریه‌‌ قبوڵناكات. ئه‌و داواكاریه‌ هیچ ئه‌و گۆڕانانه‌ به‌ هه‌ند وه‌رناگرێت كه‌ له‌ ده‌یان ساڵی رابردودا رویانداوه‌؛ كاتێك حكومه‌تی به‌عس به‌شێوه‌یه‌كی ریشه‌یی دیمۆگرافیای ئه‌و شاره‌ی گۆڕی، ئه‌ویش له‌ رێی هێنان و نیشته‌جێكردنی عه‌ره‌ب‌ و ده‌ركردنی كورد و توركمانه‌وه‌. ئه‌و نه‌وه‌ نوێیانه‌ ره‌چاوناكات كه‌ له‌ كه‌ركوك نیشته‌جێبون و له‌وێ گه‌وره‌بون و كه‌ركوك به‌ زێد و وڵاتی خۆیان ده‌زانن و به‌زه‌حمه‌ت ئه‌توانن بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ و قبوڵیبكه‌ن له‌ شوێنێكی تر بژین.



پێناچێت داواكاریه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به‌ جیددی وه‌ربگیرێت، چونكه‌ ئه‌منیه‌تی كه‌ركوك و عێراق به‌ گشتی ئه‌خاته‌ مه‌ترسیه‌وه‌.



ئه‌م داواكاریه‌ رێگه‌ش خۆشده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی عه‌ره‌ب و توركمانه‌كانیش داواكاری خاوه‌ندارێتی كه‌ركوك له‌ هاوشێوه‌ی داواكاری كورده‌كان، رابگه‌یه‌نن. عه‌ره‌ب و توركمان بارودۆخه‌كه‌یان گرژتركردوه‌ و بێزاری و بێتاقه‌تی خۆیان له‌ كورده‌كان له‌ ڕێگه‌ی خۆپیشاندانی ناڕه‌زاییه‌وه‌‌ ده‌ربڕی له‌ دژی هه‌نگاوه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا. هه‌روه‌ها وتیشیان كه‌ په‌ناده‌به‌نه‌ به‌ر به‌كارهێنانی توندوتیژی بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ركوك وه‌كو به‌شێك له‌ عێراق بهێڵنه‌وه‌.



هه‌ندێك ده‌ڵێن كه‌ باشترین رێگه‌چاره‌ كه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان پێی رازیبن پێدانی بارێكی تایبه‌ته‌ به‌ كه‌ركوك، به‌وپێیه‌ش ئه‌و پارێزگایه‌ ئاستێكی زۆر له‌ ئۆتۆنۆمی به‌ده‌ستده‌هێنێت له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م سیناریۆیه‌ش سه‌ربگرێت، شه‌ڕ و ململانێ روده‌دات له‌سه‌ر ئیداره‌كردنی شاره‌كه.



داواكردنی ئه‌وه‌ی پێویسته‌ كه‌ركوك بخرێته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی كوردیه‌وه‌ داواكاریه‌كی مه‌ترسیداره‌. لێكردنه‌وه‌ی كه‌ركوك له‌ عێراق به‌م شێوه‌یه‌ ده‌رگا ئاواڵا ده‌كات به‌ رووی توندوتیژی مه‌زهه‌بی و ئایینی و ئیتنیدا، كه‌ له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆی تێكوپێكدانی پارێزگاكه‌- به‌تایبه‌ت له‌به‌رئه‌وه‌ی هێشتا عێراق حكومه‌تێكی مه‌ركه‌زی به‌هێزی نیه‌.



ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت مایه‌ی نیگه‌رانیه‌ ئه‌وه‌یه‌ توركیا، كه‌ په‌یوه‌ندی به‌هێزی له‌گه‌ڵ توركمانه‌كانی كه‌ركوك كۆیده‌كاته‌وه‌، هۆشداری داوه‌ته‌ كورده‌كان كه‌ له‌وانه‌یه‌ سوپای توركیا ده‌ستوه‌ربداته‌ بارودۆخه‌كه‌وه‌ ئه‌گه‌ر كوردستانی عێراق هه‌وڵبدات كه‌ركوك بۆ خۆی بقۆزێته‌وه‌. توركمانه‌كانی كه‌ركوك، به‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌نقه‌ره‌یان له‌ پشته‌، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی به‌هێزن و پێ له‌سه‌ر داوای خۆیان توند داده‌گرن، و له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێكیشیان له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م هه‌ر هه‌وڵێكدا دابنێن بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ كێشه‌ی كه‌ركوك.



به‌ڵام نابێت توركمانه‌كان ئه‌وه‌شیان بیربچێت كه‌ ئه‌وانیش عێراقین، و دواجار هیچ شتێك نیه‌ پارێزگاریان لێبكات جگه‌ له‌ سوپای عێراق و ده‌ستوره‌كه‌ی نه‌بێت.



سه‌ماح سه‌مه‌د رۆژنامه‌نوسێكی راهێنراوی ئینستیتۆی رۆژنامه‌وانی جه‌نگ و ئاشتی (IWPR)ه‌ له‌ كه‌ركوك.