Institute for War and Peace Reporting | Giving Voice, Driving Change

مناڵانی بێ دایك وباوك روبه‌ڕوی چاره‌نوسێكی نادیار ده‌بنه‌وه‌

سیاسه‌تمه‌داره‌كان داوای پشتگیریی زیاتر ئه‌كه‌ن بۆ هه‌زاره‌ها مناڵ كه‌ به‌ هۆی شه‌ڕه‌وه‌ هه‌تیوكه‌وتون.
By
: ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دایكی قژی له‌یلای شانه‌ ئه‌كرد و وه‌كو قژی نانسی عه‌جره‌می گۆرانیبێژی به‌ناوبانگی لوبنانی بۆی ته‌سریحه‌ئه‌كرد.



ساڵ و نیوێك له‌مه‌وبه‌ر، بۆمبێك له‌ یه‌كێك له‌ بازاڕه‌كانی شاری سه‌در له‌ به‌غدا ته‌قیه‌وه‌، دایكی له‌یلا و باوكی و برایه‌كی دوو ساڵانی كوشت.



به‌دریه‌ حه‌سونی نه‌نكی له‌یلا وتی، "له‌ دوای مردنی دایك و باوكی، له‌یلا له‌ بازاڕ و شوێنی قه‌ره‌باڵغ ئه‌ترسێت. پێیوایه‌ یه‌كێك له‌و قه‌ره‌باڵغیه‌دا خۆی ئه‌ته‌قێنێته‌وه‌."



به‌دریه‌ وتی كوڕه‌ كۆچكردووه‌كه‌ی بژێوی ئه‌و خێزانه‌ی په‌یدائه‌كرد؛ یارمه‌تی چوار خوشكه‌كه‌یی و دایكی ئه‌دا، سه‌ره‌ڕای ژنه‌كه‌یی و مناڵه‌كانی. ئێستا له‌یلا و نه‌نكی كه‌تونه‌ته‌ سواڵ، نه‌نكی ئێستا خه‌می ئه‌وه‌یه‌تی كه‌ پاره‌ی ته‌واوی نابێت ساڵی داهاتوو كچه‌زاكه‌ی بنێرێته‌ قوتابخانه‌.



به‌دریه‌ وتی، "كاتێك له‌یلا هه‌تیوكه‌وت، ئێمه‌ش له‌گه‌ڵیدا هه‌تیوكه‌وتین. كه‌سمان نیه‌ ئاگای لێمان بێت."



ئاماری وورد له‌به‌رده‌ستدانیه‌ ژماره‌ی هه‌تیوه‌كان چه‌نده‌ له‌ عێراقدا. سه‌رچاوه‌كانی حكومه‌ت ژماره‌كه‌ ده‌خه‌مڵێنن به‌وه‌ی له‌ نێوان سه‌دان هه‌زار بۆ پێنج ملیۆن هه‌تیودایه‌.



به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی حكومه‌ت و رێكخراوه‌ قازانج نه‌ویسته‌كان پشتگیریه‌كی كه‌م له‌ مناڵانی بێ دایكوباوك ئه‌كه‌ن، ئه‌ندامانی تری خێزان زۆربه‌ی ئه‌و مناڵانه‌ ئه‌گرنه‌ خۆیان، ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ دابونه‌ریتی ئیسلامیدا یه‌كده‌گرێته‌وه‌. به‌هۆی ئابوری لاوازی عێراق و هه‌ڵاوسانی زۆر له‌و وڵاته‌دا، زۆر له‌و خێزانانه‌ به‌زه‌حمه‌ت ئه‌توانن بێ یارمه‌تی ئه‌ملاولا بیگوزه‌رێنن. به‌گوێره‌ی رێكخراوی (UNICEF)ی تایبه‌ت به‌ مناڵان، زۆربه‌ی خێزانه‌ عێراقیه‌كان روبه‌رووی ته‌نگژه‌ی ئابوری زیاتر ده‌بنه‌وه‌ كاتێك ناچارئه‌بن ئه‌ندامانی تری خێزان بگرنه‌ خۆیان.



عه‌بیر مه‌هدی، سه‌رۆكی به‌شی هه‌تیوان له‌ وه‌زاره‌تی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی وتی زۆربه‌ی عێراقیه‌كان قبوڵناكه‌ن هه‌تیوه‌كان بنێرنه‌ هه‌تیوخانه‌كان ئه‌گه‌رچی له‌وێ باشتریش چاودێریبكرێن و خزمه‌ت بكرێن. له‌ ئێستادا ١٩ هه‌تیوخانه‌ هه‌یه‌ كه‌ ٤٢٠ مناڵی له‌ خۆگرتوه‌ له‌ عێراقدا.



عه‌بیر وتی، "عاده‌ته‌ن كه‌سوكار چاودێری هه‌تیوه‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌رچی نه‌توانن ژینگه‌یه‌كی گونجاویشیان بۆ دابینبكه‌ن له‌ ڕووی خواردن و جلوبه‌رگ و خوێندنه‌وه‌."



ژنێك كه‌ ئه‌وه‌نده‌ نه‌بوو كچێكی سێ ساڵانی گرتبوه‌خۆی وتی، "مه‌حاڵه‌ بتوانیت ژینگه‌یه‌ك له‌ هه‌یتوخانه‌دا دروست بكه‌یت كه‌ له‌ خێزان بچێت."



ئه‌و ژنه‌، كه‌ داوایكرد ناوی بڵاونه‌كرێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ مناڵه‌كه‌دا وه‌ستابوو چاوه‌ڕێی وه‌رگرتنی یارمه‌تی ئه‌كرد له‌ یه‌كێك له‌ رێكخراوه‌ فریاگوزاریه‌كانه‌وه‌.



كێشه‌كانی هه‌تیوه‌ عێراقیه‌كان له‌ حوزه‌یرانی ٢٠٠٧دا ئاشكرابوون، كاتێك چه‌ند مارێنزێكی ئه‌مریكی به‌ڕێكه‌وت چه‌ند مناڵێكیان له‌ هه‌تیوخانه‌یه‌كی مناڵاندا بینی به‌ جێگه‌كانیانه‌وه‌ به‌سترابونه‌وه‌ و خه‌ریكبوو له‌ برسان ئه‌مردن.



سه‌میره‌ موسه‌ویی سه‌رۆكی لیژنه‌ی ژنان و خێزان و مناڵان له‌ په‌رله‌مانی عێراقی وتی سیان له‌ كارمه‌ندانی هه‌تیوخانه‌كه‌ ئێستا له‌ پرۆسه‌ی دادگاییكردندان به‌ تۆمه‌تی كه‌مته‌رخه‌می. هه‌ر له‌ هه‌مان هه‌تیوخانه‌دا و له‌ تشرینی دووه‌می ٢٠٠٧ دا دوو مناڵ به‌ نه‌خۆشی كۆلێرا گیانیان له‌ده‌ستدا.



له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا، هه‌موو هه‌تیوخانه‌كان بارودۆخیان به‌و خراپیه‌ نیه‌ و زۆریان په‌ناگه‌یه‌كی باش و په‌روه‌رده‌ و خوێندنێكی باشیان بۆ مناڵان دابینكردووه‌. هه‌ندێكیان له‌ ماوه‌ی شه‌ڕی ئێران-عێراق له‌ هه‌شتاكاندا دروستكراوه‌، ئه‌و شه‌ڕه‌ی یه‌ك ملیۆن كه‌س بونه‌ قوربانی تیایدا و چه‌ندین مناڵی هه‌تیوخست.



په‌یامنێره‌كه‌ی (IWPR) سه‌ردانی هه‌تیوخانه‌ی زهوری كرد له‌ به‌غدا كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ كچانی هه‌تیو، ئه‌و په‌یامنێره‌ بینی كه‌لوپه‌له‌كانی پاكوخاوێن و رێكوپێكن و به‌باشی ئیدامه‌كراون. هه‌تیوخانه‌كه‌ سیستمی گه‌رمكردنه‌وه‌ و فێنكردنه‌وه‌ی تێدایه‌ و مناڵانیش له‌به‌رده‌م ژووره‌كانیاندا حه‌وشه‌یان هه‌یه‌، سه‌ره‌ڕای هه‌بونی شوێنی خوێندنه‌وه‌ و ته‌له‌فزیۆن.



زه‌هرا عیماد، ٧، له‌به‌رده‌م ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌دا سه‌مایده‌كرد. زه‌هرا چاره‌نوسی گه‌یشته‌ ئه‌م هه‌تیوخانه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ده‌ست باوكه‌ خراپه‌كه‌ی رزگاری ببێت كه‌ جاروبار ده‌كه‌وته‌ وێزه‌ی دایكیشی. ساڵی پار دایكی زه‌هرا زیندانیكرا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌وڵیدابوو بۆمبێكی سه‌ره‌ڕێ له‌ شاری سه‌دری به‌غدا بچێنێت. زه‌هرا ئێستا به‌به‌رده‌وامی سه‌ردانی دایكی ده‌كات له‌ زیندان.



له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هه‌ندێك له‌ سیاسه‌تمه‌داران ئه‌ڵێن پێویسته‌ ئیشی زیاتر بكرێت بۆ پشتیوانیكردنی مناڵانی وه‌كو زه‌هرا.



ته‌نگژه‌ی مناڵه‌ هه‌تیوه‌كان بابه‌تی كۆنفرانسێك بو كه‌ مانگی پێشوو له‌ به‌غدا سازكرا و تيايدا سه‌ركرده‌كان هانی حكومه‌تی عێراقیاندا پشتیوانی و پشتگیریی زیاتر له‌ مناڵانی هه‌تیو بكات.



موسه‌وی وتی حكومه‌ت به‌رنامه‌ و ستراتیژێكی نیه‌ بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ مناڵه‌ هه‌تیوه‌كانی عێراقدا، كه‌ پێویستیان به‌ هه‌موو شتێكه‌، هه‌ر له‌ ده‌ستگرۆیی ماددیه‌وه‌ هه‌تا یارمه‌تی سایكۆلۆژی و په‌روه‌رده‌ و خوێندن.



لیژنه‌كه‌ی موسه‌وی داوای له‌ حكومه‌ت كردووه‌ ٤،١ ملیۆن دۆلاری ئه‌مریكی دابینبكات بۆ پشتگیریكردن و یارمه‌تیدانی ئه‌و خێزانانه‌ی چاودێری مناڵانی هه‌تیو ئه‌كه‌ن. هه‌روه‌ها ئه‌شیانه‌وێت تایبه‌تمه‌ندانی بواری چاودێری مناڵان دابمه‌زرێنن بۆ یارمه‌تیدانی ئه‌و مناڵه‌ هه‌تیوانه‌.



موسه‌وی وتی ئه‌و لیژنه‌یه‌ی ئه‌و سه‌رۆكایه‌تی ئه‌كات به‌رده‌وام داوای له‌ حكومه‌ت كردوه‌ مه‌سه‌له‌گه‌لێكی وه‌كو مافه‌كانی مناڵان بكاته‌ ئه‌وله‌ویه‌تی خۆی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، موسه‌وی وتی، "هه‌موو ده‌زگاكانی حكومه‌ت سه‌رقاڵی سیاسه‌تن. ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری بۆ سه‌ر مه‌سه‌له‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان هه‌یه‌."‌



مه‌یسون دلێمی ئه‌ندام په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر لیستی عێراقیه‌ وتی سه‌ركرده‌كانی عێراق نیگه‌رانی خۆیان ده‌ربڕیوه‌ له‌وه‌ی‌ زۆربونی ژماره‌ی مناڵانی هه‌تیو "ئه‌كرێت كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی رووبه‌رووی كێشه‌ی سه‌خت بكاته‌وه‌."



دلێمی وتی ته‌نانه‌ت ئه‌و مناڵه‌ هه‌تیوانه‌ی له‌گه‌ڵ كه‌سوكاریان ده‌ژین له‌وانه‌ نیه‌ ئه‌و بنه‌ما و ئارامیه‌ی خێزانیان هه‌بێت كه‌ پێویسته‌ بۆ بنیاتنانی ووره‌ و مه‌عنه‌ویاتی به‌هێز و له‌ ئه‌نجامدانی تاوان دووریانبخاته‌وه‌.



دلێمی وتی مناڵانی هه‌تیو پێویستیان به‌‌ پشتگیری زیاتر هه‌یه‌، له‌وانه‌ "هه‌تیوخانه‌ی تازه‌ و مۆدێرن كه‌ مناڵان له‌ ژینگه‌یه‌كی ته‌ندروست و ئارامدا به‌خێوبكات و تیایدا مناڵان فێری پێكه‌وه‌ژیان و ئاشتی و رێزگرتن ببن."



حازم شه‌رع په‌یامنێرێكی (IWPR)ه‌ له‌ به‌غدا