Institute for War and Peace Reporting | Giving Voice, Driving Change

له‌وانه‌یه‌ لیستی عێراقییه‌ پله‌ی یه‌كه‌م له‌ده‌ست بدات

لیستی عێراقییه‌ هۆشیاریده‌دات له‌ تێكچوونی ره‌وشی وڵات و ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباری دادگا له‌كاتێكدا ده‌نگه‌كانی به‌غدا خه‌ریكه‌ هه‌ژمار ده‌كرێنه‌وه‌.
By Abeer Mohammed, Charles McDermid
Prime Minister Nuri al-Maliki speaks following Iraq's national elections held March 7. (Photo: Serwan Azez/Metrography)
  • Prime Minister Nuri al-Maliki speaks following Iraq's national elections held March 7. (Photo: Serwan Azez/Metrography)
    Prime Minister Nuri al-Maliki speaks following Iraq's national elections held March 7. (Photo: Serwan Azez/Metrography)
  • Officials of the Independent High Electoral Commission, IHEC, count votes in Baghdad following national elections held March 7. (Photo: Serwan Azez/Metrography)
    Officials of the Independent High Electoral Commission, IHEC, count votes in Baghdad following national elections held March 7. (Photo: Serwan Azez/Metrography)

عه‌بیر محه‌مه‌د و چاڕڵز ماكدێرمرد

ICRی ژماره‌ ٣٣٤، ٢٩-٤-٢٠١٠

لیستی عێراقییه‌ كه‌ به‌ جیاوازییه‌كی كه‌م پله‌ی یه‌كه‌مه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی په‌رله‌مانی عێراقدا به‌ده‌ستهێناوه‌ لیستی ده‌وڵه‌تی یاسای به‌ به‌كارهێنانی دادگا بۆ به‌ده‌ستهێنانی پله‌ی یه‌كه‌م تۆمه‌تباركردووه‌ و هۆشیاریشی داوه‌ له‌وه‌ی كه‌ ده‌ستتێوه‌ردانی سیاسی له‌ بڕیاره‌كانیدادگا له‌وانه‌یه ره‌وشی عێراق به‌ره‌و نائارامی ببات.

بڕیاری دووباره‌ هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی به‌غدا به‌ ده‌ست كه‌ هه‌فته‌ی رابردوو له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی پێداچوونه‌وه به‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌ دادگای باڵای عێراق ده‌رچوو له‌گه‌ڵ بڕیارێكی تر بۆ دوورخستنه‌وه‌ی چه‌ند پاڵێوراوێك كه‌ به‌لایه‌نی كه‌م یه‌كێكیان سه‌ر به‌ لیستی عێراقییه‌یه‌‌ ره‌نگه‌ ببنه‌ هۆی له‌ده‌ستدانی ئه‌و دوو كورسییه‌ی كه‌ لیستی عێراقییه‌ به‌هۆیانه‌وه‌پێش لیستی ده‌وڵه‌تی یاسای سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نوری مالیكی كه‌وتووه‌.

سیاسه‌تمه‌داران و راڤه‌كاران ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر گۆڕانێكی له‌م شێوه‌یه‌‌ رووبدات قه‌یرانی سیاسی درێژه‌ ده‌كێشێت و له‌وانه‌شه‌ گرژیی تائیفی سه‌رهه‌ڵبداته‌وه‌ و عێراق به‌ره‌و شه‌ڕی ناوخۆ ببات.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ له‌ ٢٧ی نیساندا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، سه‌رۆكایه‌تیی لیستی عێراقییه‌ داوای له‌ ده‌سته‌ی دادوه‌ریی باڵای عێراق كردووه‌ كه‌ "ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له‌ ده‌ستتێوه‌ردانی سیاسی بپارێزێت چونكه‌ ئه‌و كاره‌ ئه‌نجامی مه‌ترسیداری بۆ سه‌ر ئۆقره‌یی عێراق ده‌بێت".

 لیستی عێراقییه‌ رایگه‌یاندووه‌ به‌رپرسیارێتیی ئه‌م ره‌وشه‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی ئه‌و كه‌سانه‌ی "كه‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن ده‌شێوێنن له‌ڕێی زه‌وتكردنی ده‌نگی ده‌نگده‌ران له‌چوارچێوه‌ی دوورخستنه‌وه‌ی پاڵێوراوان به‌شێوه‌یه‌كی داخله‌دڵانه‌".

لیستی عێراقییه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ ره‌نگه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمی داوا له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و یه‌كێتی ئه‌وڕوپا و رێكخراوی كۆنگره‌ی ئیسلامی و كۆمكاری عه‌ره‌بی بكات داوای دووباره‌ ئه‌نجامدانه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن له‌ "كه‌شێكی دوور له‌ هه‌ر جۆره‌ ده‌ستتێوه‌ردانێكی سیاسی".

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌، "عێراقییه‌ له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ به ‌به‌رپرس ده‌زانێت كه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن پڕۆسه‌ی سیاسی تێك بده‌ن و ده‌نگی خه‌ڵك بدزن، به‌م شێوه‌یه‌ش زیان به‌ ره‌وشی ئه‌منی و ئارامیی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی ده‌گه‌یه‌نن و وڵات به‌ره‌و ئاقارێكی نادیار ده‌به‌ن".

دوای ئه‌وه‌ی لیستی عێراقییه‌ ٩١ كورسی له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له‌ مانگی رابردوو برده‌وه‌ و پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێنا، ده‌ستی به‌ گفتوگۆكرد له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی تر بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ. ئه‌گه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن له‌به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌وڵه‌تی یاسا گۆڕانی به‌سه‌ردا هات، ئه‌و كاته‌ مالیكی سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت و هه‌لی دووباره‌بوونه‌وه‌ی به‌ سه‌رۆك وه‌زیران زیاتر ده‌بێت. ده‌وڵه‌تی یاسا ٨٩ كورسی له‌ په‌ر‌له‌مانی نوێی عێراقدا كه‌ له‌ ٣٢٥ كورسی پێكهاتووه‌ به‌ده‌ستهێناوه‌.

ئوسامه‌ نوجێفی، به‌رپرسێكی باڵایه‌ له‌ لیستی عێراقییه‌، وتی، "دادگا به‌ئاشكرا لیستی عێراقییه‌ی كردۆته‌ ئامانج. ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكی تره‌ بۆ بێبه‌شكردنی لیستی عێراقییه‌ له‌ مافی ده‌ستووریی خۆی كه‌ بریتییه‌ له‌  پێكهێنانی حكومه‌ت. ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك هێرشی به‌رده‌وام بۆ سه‌ر لیستی عێراقییه‌. ئێمه‌ چاو به‌ به‌شداریكردنمان له‌ پڕۆسه‌ی سیاسی ده‌خشێنینه‌وه‌ ئه‌گه‌ر بۆمان ده‌ركه‌وت‌ ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ دیموكراتیه‌تی راسته‌قینه‌ له‌خۆ ناگرێت".

به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تی یاسا به‌توندی ره‌تیانكردۆته‌وه‌ دادگا یان پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیاندا به‌كارهێنابێت.

عیسا فرێجی، به‌رپرسێكی باڵایه‌ له‌ حزبی ده‌عوه و ده‌وڵه‌تی یاسا‌، وتی، "ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له‌ عێراق و كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن سه‌ربه‌خۆن. هیچ ده‌سه‌ڵاتێكمان به‌سه‌ریانه‌وه‌ نییه‌. ئێمه‌ په‌یڕه‌ویمان له‌ مافی ده‌ستووریی خۆمان كرد و په‌نامان بۆ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری برد، جا ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری خۆی بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌دات سكاڵای كێ قبووڵ ده‌كات و هی كێش قبووڵ ناكات. ئێمه‌ ده‌ست ناخه‌ینه‌ ناو كاروباری ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌رییه‌وه‌".

فرێجی هه‌روه‌ها وتی، "به‌هۆی هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانه‌وه‌ گۆڕانێكی گه‌وره‌ به‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردندا نایه‌ت. گۆڕانێكی كه‌م دێته‌ ئاراوه‌، به‌ڵام هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان ده‌نگده‌رانی عێراق دڵنیاده‌كاته‌وه‌ كه‌ مافه‌كانیان پارێزراوه‌ و یاساش تاكه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ وڵاتدا. كه‌س ناتوانێ خواستی خه‌ڵك بگۆڕێ. هه‌روه‌ها هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان مافی پێكهێنانی حكومه‌تمان بۆ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ و بێ گومانیش بۆ خه‌ڵكی روونده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ راست بووین كاتێك سوور بووین له‌سه‌ر هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان".

به‌لای زۆرێك له‌ خه‌ڵكی عێراقه‌وه‌ ئه‌و ناكۆكییه‌ی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات له‌ به‌غدا دروست بووه‌ شتێكی نامۆ نییه‌. هه‌ندێ كه‌س ئێستا له‌وه‌ ده‌ترسن كه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ قسه‌یه‌ی له‌نێوان ده‌وڵه‌تی یاسا و عێراقییه‌ دروست بووه‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ شه‌قامه‌كان.

عه‌بدوڵڵا جه‌عفه‌ر، شیكه‌ره‌وه‌یه‌كی سیاسییه‌ و پێشتر مامۆستای زانسته‌ سیاسییه‌كان بووه‌ له‌ زانكۆی به‌غدا و ئێستا خانه‌نشینه‌، وتی، "ئه‌وی رووده‌دات ده‌كرێت به‌م شێوه‌یه‌ روونبكرێته‌وه‌: ئه‌و ده‌سته‌یه‌ی كه‌ پاڵێوراوه‌كانی دوورخسته‌وه‌ و بڕیاری هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی دا شیعه‌یه‌، له‌كاتێكدا ئه‌و لایه‌نانه‌ی به‌هۆی ئه‌و بڕیارانه‌وه‌ زیانیان به‌رده‌كه‌وێت سوننه‌ن. بۆیه‌ هه‌ر به‌ره‌وپێشچوونێك له دانووستانه‌كانی نێوان لیسته‌كه‌ی مالیكی كه‌ شیعه‌كان زاڵ تیایدا له‌گه‌ڵ لیسته‌كه‌ی عه‌لاوی كه‌ عه‌لمانییه‌كان و سوننه‌كان زاڵن تیایدا زۆر زه‌حمه‌ته‌ و بگره‌ مه‌حاڵیشه‌".

عه‌بدوڵڵا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌و نائومێدییه‌ كرد كه‌ سوننه‌كان له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی ٢٠٠٥ هه‌ستیان پێكرد و گڕوتینی توندوتیژیی تائیفی خۆشتركرد و وتی، "له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیعدا بڕیاره‌كه‌ی دادگا ده‌توانێ ته‌نها كێشه‌ی زیاتر له‌نێوان تائیفه‌كاندا دروست بكات. ئه‌و سوننانه‌ی ده‌نگیان به‌ لیستی عێراقییه‌ داوه‌ ئێستا پێیان وایه‌ به‌شداریكردن له‌ حكومه‌ت خه‌ونێكی دووره‌. هه‌نگاوی داهاتوویان ره‌نگه‌ دووباره‌ هه‌ڵگرتنی چه‌ك بێت چونكه‌ پێیان وایه‌ هیچ هیوایه‌كی تریان نییه‌".

ده‌سته‌یه‌كی پێداچوونه‌وه‌ له‌ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ ٢٦ی نیساندا پاڵپشتی له‌ راسپارده‌یه‌كی ده‌سته‌ی لێپرسینه‌وه‌ و دادپه‌وه‌ری كرد كه‌ داوایكردبوو ده‌نگی نزیكه‌ی ٥٢ پاڵێوار كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی ٧ی ئادار به‌شدارییان كردووه‌ پووچه‌ڵبكرێته‌وه‌. له‌نێو ئه‌و دوورخراوانه‌دا ته‌نها ئیبراهیم موتڵه‌گ توانیوویه‌تی سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت و سه‌ر به‌ لیستی عێراقییه‌یه‌. ناوبراو به‌تۆمه‌تی هه‌بوونی په‌یوه‌ندی به‌ حزبی به‌عسی هه‌ڵوه‌شاوه‌ دوورخراوه‌ته‌وه‌. ده‌سته‌ی لێپرسینه‌وه‌ و دادپه‌روه‌ری ئه‌ركی ریشه‌كێشكردنی به‌عسی پێسپێردراوه‌.

ئیبراهیم موتڵه‌گ له‌ ناوچه‌كه‌یه‌دا له‌ به‌غدا كورسیێكی بردۆته‌وه‌ كه‌ پێشتر ساڵح موتڵه‌گی برای له‌و ناوچه‌یه‌ كورسیێكی به‌ده‌ستهێنابوو. ساڵح موتڵه‌گ به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردن به‌ بڕیارێكی ده‌سته‌ی لێپرسینه‌وه‌ و دادپه‌وه‌ری دوورخرایه‌وه‌. به‌پێی میدیاكانی عێراق، پێشبینی ده‌كرێت به‌م نزیكانه‌ بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی شه‌ش بۆ نۆ پاڵێوراوی تری سه‌ركه‌وتووی سه‌ر به‌ لیستی عێراقییه‌ بدرێت.

ده‌نگی هه‌ر پاڵێوراوێكی دوورخراوه‌ پووچه‌ڵده‌كرێته‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ پاڵێوراوه‌ دوورخراوه‌كان ده‌توانن تانه‌ له‌ بڕیاری دوورخستنه‌وه‌یان بده‌ن، به‌ڵام راڤه‌كاران پێیان وایه‌ ئه‌و كاره‌ زیاتر پڕۆسه‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ درێژ ده‌كاته‌وه‌. ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، كه‌ بڕیار وایه‌ تا مانگی ئاب ٥٠،٠٠٠ سه‌ربازی خۆی له‌ عێراق بكشێنێته‌وه‌، داوایكردووه‌ تا ئه‌و كاته‌ی ده‌ست به‌ پڕۆسه‌ی كشانه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كانی ده‌كات حكومه‌تی نوێ پێك بهێنرێت.

عالیه‌ نسێف، به‌رپرسێكی لیستی عێراقییه‌یه‌‌، به‌ IWPRی وت، "به‌ئاشكرا هه‌وڵده‌د‌رێت مافی پێكهێنانی حكومه‌ت له‌ عێراقییه‌ بسه‌نرێته‌وه‌. ئه‌م هه‌وڵانه‌ گشتیان ده‌بنه‌ هۆی درێژكردنه‌وه‌ی دانووستانی تایبه‌ت به‌ پێكهێنانی حكومه‌ت. پێویسته‌ هه‌رچی زووه‌ حكومه‌ت پێكبهێنرێت تا رێگه‌ به‌ تیرۆرستان نه‌درێت بۆشایی سیاسی بقۆزنه‌وه‌".

هه‌فته‌ی رابردوو، ده‌سته‌ی پیاچوونه‌وه‌ به‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن داخوازییه‌كی ده‌وڵه‌تی یاسای جێبه‌جێكرد كه‌ داوایكردبوو ده‌نگه‌كانی به‌غدا هه‌ژمار بكرێنه‌وه‌. به‌غدا به‌ته‌نها ٧٠ كورسی له‌ په‌رله‌مانی نوێی عێراقدا هه‌یه‌.

چه‌ندین حزب و هاوپه‌یمانی تر داوای هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانیان له‌ چه‌ند پارێزگایه‌ك و شارێك و بنكه‌یه‌كی ده‌نگداندا كردبوو، به‌ڵام گشتیان له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ره‌تكرانه‌وه‌‌.

لیستی عێراقییه‌ داوای كردووه‌ ده‌نگی گشت پارێزگاكان هه‌ژماربكرێته‌وه‌ و نیگه‌رانی خۆشی ده‌ربڕیوه‌ له‌وه‌ی له‌وانه‌یه‌ ده‌ستكاری ده‌نگه‌كان كرابێت له‌وه‌ته‌ی شه‌ش هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر هه‌ڵبژاردن سازكراوه‌.

كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن دووپاتیكردۆته‌وه‌ كه‌ پڕۆسه‌ی هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی به‌غدا له‌لایه‌ن گشت حزبه‌ سیاسییه‌كان و نوێنه‌رانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كانه‌وه‌ چاودێری ده‌كرێت.

به‌ گوته‌ی ئه‌یاد كینانی كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌ندامانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن، پڕۆسه‌ی هه‌ژماركردنه‌وه‌ زیاتر له‌ حه‌وت تا ده‌ ڕۆژی پێ ناچێت. ئه‌و دانی نا به‌وه‌ی كه‌ كۆمسیۆن پێ خۆش نه‌بووه‌ هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان هه‌ر وه‌ك دادگا داوایكردووه‌ ئه‌نجام بدات‌.

كینانی وتی، "كۆمسیۆن نه‌یده‌ویست ده‌نگه‌كان هه‌ژماربكاته‌وه‌. ئێمه‌ پێمان وایه‌ كاره‌كانی خۆمان به‌درووستی راپه‌ڕاندووه‌ و پێویست به‌ هه‌ژماركردنه‌وه‌ ناكات. ئێمه‌ داخوازی لایه‌نه‌كانی ترمان ره‌تكرده‌وه‌ به‌ڵام فه‌رمانی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له‌ عێراق ده‌بێ جێبه‌جێ بكرێت".

كینانی زیاتر وتی، "ئێمه‌ گرێنتی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ین كه‌ پڕۆسه‌ی هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان شه‌فاف ده‌بێت و هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیش دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ده‌توانن نوێنه‌ری خۆیان بنێرن تا پڕۆسه‌ی هه‌ژماركردنه‌وی ده‌نگه‌كان ببینن".

تاریق حه‌رب، راوێژكاری یاسایی ده‌وڵه‌تی یاسا، به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان گه‌شبینه‌.

تاریق وتی، "ئێمه‌ پێمان وایه‌ هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست هه‌ڵه‌ هه‌ڵناگرێت و ده‌وڵه‌تی یاساش ئه‌خاته‌ پێشه‌وه‌ی لیسته‌كانی تر. ده‌وڵه‌تی یاسا یه‌ك یان دوو كورسیی لیستی عێراقییه‌ یان هاوپه‌یمانیی نیشتیمانیی عێراقی به‌ده‌ست ده‌هێنێت". تاریق تانه‌ی ده‌وڵه‌تی یاسای بۆ هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان تۆماركردووه‌.

تاریق زیاتر وتی، "سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تی یاسا (مالیكی) داوای لێكردووم به‌رپرسیارێتیی ئه‌م بابه‌ته‌ بگرمه‌ ئه‌ستۆ و سه‌ركه‌وتووش ده‌بم".

ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ به‌شێك له‌ چاودێرانی نیگه‌رانكردووه‌ و پێیان وایه‌ گۆڕانێكی له‌م جۆره‌ له‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن مافی پێكهێنانی حكومه‌ت له‌ لایه‌نێك ئه‌سه‌نێته‌وه‌ ده‌یدا به‌ یه‌كێكی تر.

عه‌بدوڵڵا، شیكه‌ره‌وه‌ سیاسییه‌كه‌، وتی، "پێویسته‌ كوتله‌ سیاسییه‌كان هه‌ست به‌و ئاقاره‌ مه‌ترسیداره‌ بكه‌ن كه‌ عێراق خه‌ریكه‌ رووی تێده‌كات. ئه‌گه‌ر شته‌كان به‌و ئاڕاسته‌یه‌دا بڕۆن، ئه‌نجامه‌كه‌ی شه‌ڕێكی تائیفیی مه‌ترسیدار و بێ چاره‌سه‌ر ده‌بێت".

ئه‌و هه‌روه‌ها وتی، "ئه‌مجاره‌یان ئه‌و شه‌ڕه‌ هیچ چاره‌سه‌ری نابێت و لێی رزگار نابین".

عه‌بیر محه‌مه‌د موحه‌ریری ناوخۆیی IWPRه‌ له‌ به‌غدا. چاڕڵز ماكدێرمد، موحه‌ریرێكی IWPRه‌ له‌ عێراق، له‌ هه‌ولێره‌وه‌ به‌شداری له‌ نووسینی ئه‌م راپۆرته‌ كردووه‌.