Institute for War and Peace Reporting | Giving Voice, Driving Change

قوڕ و ئاره‌ق و فرمێسك به‌شێكن له‌ ژیانی قاچاغچییه‌ كورده‌كانی ئێران‌‌

چالاكییه‌كانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئێران له‌سه‌ر سنوور قاچاغچیانی كورد هه‌راسان ده‌كات كه‌ له‌ نێوان ئێران و عێراقدا قاچاغچێتی به‌ نه‌وت و خواردنه‌وه‌ی كحولییه‌وه‌ ده‌كه‌ن.
By Khalid Mahmud
.



"له‌ كاتژمێر ١ی شه‌و ده‌ست به‌ رۆیشت ده‌كه‌ین،" ده‌شتی، قاچاغچییه‌كی كوردی ئێرانه‌، وتی. "له‌كاتێكدا خه‌ڵك له‌ خه‌وی خۆشن به‌شه‌و، ئێمه‌ كۆڵی ٦٠ كیلۆیی به‌ناو به‌فر و مه‌ترسیدا هه‌ڵده‌گرین."



ده‌شتی، كه‌ چه‌ند ده‌به‌یه‌ك نه‌وتی قاچاغی به‌كۆڵه‌وه‌ بوو، به‌ده‌م رۆیشتنێكی لابه‌لا به‌ره‌و شوێنێكی سه‌لامه‌ت له‌ناو خاكی عێراق وتی، "ئه‌مه‌ ژیان نییه‌".



وه‌ك یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی خێڵه‌كانی كورد كه‌ سنووری سه‌ختی ئێران به‌ره‌و عێراق ده‌بڕن، ده‌شتی و هاوڕێكانی له‌مێژه‌ له‌ رێچكه‌ی سه‌خت و كه‌ش و هه‌وای ناخۆش لێڕاهاتوون. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ ناخۆشه‌، ئه‌وان رووبه‌ڕووی پاسه‌وانانی سنووری ئێران بوونه‌ته‌وه‌ كه،‌ به‌ گوته‌ی ده‌شتی و هاوڕێكانی، رۆژ به‌ رۆژ دڵڕه‌قتر ده‌بن.



ده‌شتی رۆژێكی له‌ پایزی رابردوو له‌بیره‌ كه سنووری بڕیووه‌ و‌ به‌ ده‌سگیركردنی و ئابڕووبردنی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئێرانه‌وه‌ كۆتایی هات. "ده‌به‌كانیان تێكشاندین و ئه‌و سووته‌مه‌نییه‌ی به‌كۆڵمانه‌وه‌ بوو كردیان به‌سه‌رمان. پاشان رووتیان كردینه‌وه‌. به‌رووتی رۆیشتین تا گه‌یشتین به‌ ئۆتۆمبیلێك كه‌ شوفێره‌كه‌ی هه‌ندێ به‌تانی پێداین،" ده‌شتی وتی.



ده‌یان ساڵه‌ كاری قاچاغچێتی له‌نێو كوردی سه‌ر سنوور كه‌ به‌هۆی سنووره‌كانه‌وه‌ دابه‌شكراون له‌ په‌ره‌سه‌ندندا بووه‌. قاچاغچیانی ئێران به‌نزین و نه‌وت ده‌هێننه‌ عێراق، كه‌ له‌و وڵاته‌ به‌رهه‌مه‌كانی نه‌وتی ناوخۆ تا راده‌یه‌ك گرانه‌ و به‌جوانیش ناپاڵێورێن. له‌ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یاندا، قاچاغچییه‌كان كه‌ل و په‌لی جوانكاری و خواردنه‌وه‌ی كحولی – كه‌ له‌ كوردستان به‌ ئاسانی ده‌ست ده‌كه‌‌وێ له‌ ئێران قه‌ده‌غه‌یه‌، له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌به‌ن.



دبلۆماتێكی ئێرانی له‌ عێراق به‌رگری له‌ هه‌وڵه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی قاچاغچییه‌كان كرد و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ قاچاغچییه‌كان كه‌ل و په‌لی وه‌ها ئه‌به‌نه‌ وڵاته‌كه‌ی كه‌ یاساغن یان باجیان بۆ نه‌دراوه‌ یان كۆنتڕۆڵی جۆرییان بۆ نه‌كراوه‌.



"له‌گه‌ڵ هه‌بوونی ئه‌و هه‌موو مه‌رزه‌ یاساییانه‌ له‌ سنووری هه‌رێمه‌كه‌، شتێكی ئاساییه‌ كه‌ قاچاغچییه‌كان سزا بدرێن،" ئه‌عزه‌م حوسێنی، قنسوڵی ئێران له‌ هه‌ولێر، به‌ IWPRی وت.



حوسێنی وتی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌ڵسوكه‌وته‌كانیاندا له‌گه‌ڵ قاچاغچییه‌كان یاسایان پێشێل نه‌كردووه‌. "ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ قاچاغچییه‌كان ده‌كرێت هه‌رگیز به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نایاسایی یان له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریدا نه‌بووه‌،" حوسێنی وتی.



حوسێنی سووربوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پێشێلكردنی یاسا له‌ لایه‌ن قاچاغچییه‌كانه‌وه‌ بیانوو ئه‌دات به‌و رێوشوێنه‌ توندانه‌ی له‌دژیان ده‌گیرێنه‌ به‌ر. "ئه‌گه‌ر پێشێلكارییه‌كانی سنوور بنێردرێنه‌ دادگا، ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ زۆر خراپتر ده‌بێت. بێ گومان بڕیاری به‌ندكردن و غه‌رامه‌كردن و قه‌ده‌غكردنی گه‌شت ده‌درێت،" ئه‌و وتی.



ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێن قاچاغچێتی له‌سه‌ر سنوور هه‌ر له‌ بره‌ودا بووه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وپه‌ڕی هه‌وڵیان بۆ بنبڕكردنی دیارده‌كه‌.



"ئێمه‌ ناتوانین به‌ته‌واوی ئه‌و كه‌سانه‌ بوه‌ستێنین كه‌ سوته‌مه‌نی له‌ ئێرانه‌وه‌ ده‌هێنن... چونكه‌ سنووره‌كه‌ زۆر فراوانه‌ و شاخاوییه‌،" نوری عوسمان، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وتی.



عوسمان ئه‌وه‌شی وت كه‌ فاكته‌ری ئابووری و مێژوویی ئه‌و بازرگانییه‌ نایاساییه‌یان به‌زیندوویی هێشتۆته‌وه‌. "خه‌ڵكی سه‌ر سنوور قاچاغچێتیان له‌ باوك و باپیریانه‌وه‌ بۆ ماوه‌ته‌وه‌. ئه‌وان واز له‌و‌ ئیشه‌ ناهێنن،" عوسمان وتی.



له‌ هه‌ر كاروانێكدا، كه‌مترین پاره‌ كه‌ بدرێت به‌ قاچاغچییه‌ك ٩٠،٠٠٠ تا ١٢٠،٠٠٠ ریاڵی ئێرانییه‌ (٩ تا ١٢ دۆلاری ئه‌مریكی). زۆربه‌ی قاچاغچییه‌كان ئه‌سپ به‌كارده‌هێنن بۆ گواسته‌وه‌ی باری قورس له‌ سنووره‌كه‌. له‌ هه‌ر كاروانێكدا خاوه‌نی هه‌ر ئه‌سپێك ١،٠٠٠،٠٠٠ تا ٢،٠٠٠،٠٠٠ ریاڵ وه‌رده‌گرێت، ئه‌مه‌ش به‌پێی قورسی باره‌كه‌ و جۆری مه‌ترسییه‌كه‌.



قه‌زای پێنجوێن، كه‌ كه‌وتۆته‌ سه‌ر سنوور له‌ باشووری رۆژهه‌ڵاتی شاری سلێمانی، چه‌ندین گوندی تێدایه‌ كه‌ قاچاغچییه‌كان له‌وێدا ئه‌وه‌ستن تا شت و مه‌ك بار بكه‌نه‌وه‌.



خانووی قوڕ یان كۆنكریتی شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی قاچاغچییه‌كانه‌ و له‌ هه‌ندێ حاڵه‌تیشدا به‌ر له‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه‌ له‌و شوێنانه‌ خۆیان به‌ خواردنه‌وه‌ی كحولی گه‌رم ده‌كه‌نه‌وه‌. له‌ كاتێكدا ئه‌سپه‌كانیان خه‌ریكی له‌وه‌ڕان بوون، قاچاغچییه‌كان وه‌سفی مه‌ترسییه‌كانی ئه‌و كاره‌یان كرد. زۆربه‌یان هاوڕابوون له‌وه‌ی كه‌ ئێران رێوشوێنه‌كانی له‌دژی ئیشه‌كه‌یان توندتر كردووه‌.



به‌ گوته‌ی تاریق تالیب حه‌مه‌ڕه‌شید، خاوه‌نی باڕێكی حه‌وانه‌وه‌ی قاچاغچییه‌كانه‌ و خه‌ڵكی عێراقه‌، هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئێران هه‌میشه‌ وه‌ك سزایه‌ك ئه‌سپی قاچاغچییه‌ گیراوه‌كان ده‌كوژن. نرخی هه‌ر ئه‌سپێك ٣،٠٠٠ تا ٤،٠٠٠ دۆلاره‌. حه‌مه‌ڕه‌شید وتی له‌ ماوه‌ی پێنج ساڵی رابردوودا بیستوویه‌تی زیاتر له‌ ٢٠٠ ئه‌سپ به‌و شێوه‌یه‌ كوژراون.



حه‌مه‌ڕه‌شید وتی ساڵی پار بینیوویه‌تی چۆن ئه‌سپ سوارێك به‌هۆی كوژرانی ئه‌سپه‌كه‌ی فرمێسكی داباراندووه‌. "ئه‌و پیاوه‌ قوڕی ئه‌كرد به‌سه‌ری خۆی و خۆی له‌ قوڕ وه‌رئه‌دا، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌سێكی زۆر نزیكی له‌ده‌ست دابێت. من و هاوڕێكانم هه‌ندێ پاره‌مان كۆكرده‌وه‌ و ئه‌سپێكمان بۆی كڕی،" حه‌مه‌ڕه‌شید وتی.



حه‌مه‌ڕه‌شید وتی زیادبوونی زیانی قاچاغچییه‌كان وایكردووه‌ نه‌توانن قه‌رزی خواردنه‌وه‌ كحولییه‌كان بداته‌وه‌.



"هه‌ندێ كه‌س له‌ ئێران ١٢،٠٠٠ دۆلار قه‌رزارمن. كاتێك ته‌له‌فۆنیان بۆ ده‌كه‌م وه‌ڵام نادانه‌وه‌،" ئه‌و وتی.



بێستون سدیق، كوردی عێراقه‌ و مامه‌ڵه‌ به‌ نه‌وتی قاچاغه‌وه‌‌ ده‌كات، وتی ئه‌و مه‌رزه‌ی ئه‌و كاری لێده‌كات پێشتر شه‌وانه‌ ١٠٠،٠٠٠ گالۆن سوته‌مه‌نی بۆ هاتووه‌ - به‌ڵام ئێستا زه‌حمه‌ته‌ ئه‌و بڕه‌ بگاته‌ ٣،٠٠٠ گالۆن له‌ شه‌وێكدا. سدیق هۆكاری دابه‌زینی ئاستی قاچاغ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ چاڵێك كه‌ سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ناو خاكی ئێران له‌سه‌ر سنوور هه‌ڵكه‌نراوه‌.



"لوقمه‌ی رۆژانه‌مان بڕدرا ... به‌هۆی حكومه‌تی ئێرانه‌وه‌ بێ ئیش بووین،" سدیق وتی.



ئه‌حمه‌د فه‌ره‌ج، خاوه‌نی باڕێكی پشوودانی قاچاغچییه‌كانه‌، وتی پێشتر نزیكه‌ی ٥٠٠ قاچاغچی ئه‌هاتنه‌ ئه‌و مه‌رزه‌ی كه‌ ١٥ ساڵه‌ كاری تێدا ده‌كات. "ئێستا به‌ زه‌حمه‌ت ١٥ تا ٢٠ كۆڵبه‌ر دێنه‌ لامان،" فه‌ره‌ج وتی.



هه‌ندێ له‌ قاچاغچییه‌كان ده‌ڵێن خۆیان یان ئاژه‌ڵه‌كانیان له‌ لایه‌ن پاسه‌وانانی سنووری ئێرانه‌وه‌ ته‌قه‌یان لێكراوه‌. سۆران عه‌لی عه‌زیز، كوردی ئێرانه‌، وتی شه‌ش ساڵ له‌مه‌وبه‌ر كه‌وتۆته‌ ناو بۆسه‌ی مه‌فره‌زه‌یه‌كی ئێرانی، "ئه‌فسه‌ره‌كه‌ دوو فیشه‌كی ته‌قاند، یه‌كه‌میان به‌ ئاسماندا و ئه‌وه‌ی دووه‌میان به‌ ئاڕاسته‌ی من."



"فیشه‌كه‌كه‌ به‌ر پشتم كه‌وت و بریندار بووم و گه‌ڕامه‌وه‌ ماڵه‌وه‌. كاتێك له‌ ئێران چوومه‌ نه‌خۆشخانه‌ هه‌ر لێیان ئه‌پرسیم به‌چی بریندار بووم. پێم نه‌وتن."



قاچاغچییه‌كان ده‌ڵێن له‌ هه‌ڵگرتنی چه‌ك دوورده‌كه‌ونه‌وه‌ چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌بێ چه‌ك ده‌ستیگركران له‌وانه‌یه‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی نه‌رمتریان له‌گه‌ڵدا بكرێت.



ئارامی و ئازایه‌تی و كۆڵنه‌دان سه‌رمایه‌ به‌نرخه‌كانی قاچاغچییه‌كانن. هه‌روه‌ها شاره‌زایی ته‌واو له‌ رێگا شاخاوییه‌ سه‌خته‌كانیش كه‌ سنووره‌كان له‌ یه‌كتر جیا ده‌كه‌نه‌وه‌ و له‌ ماوه‌ی شه‌ڕی عێراق و ئێران له‌ ١٩٨٠كاندا به‌خه‌ستی مینڕێژكراون شتێكی گرنگه‌.



ئه‌سپ نرخێكی زۆری لای قاچاغچییه‌كان هه‌یه‌ كه‌ رێگای سه‌ختریان پێ باشتره‌. كاوه‌ ستار موڕادی، كوردی ئێرانه‌ و بۆ په‌یداكردنی پاره‌ی زیاتر ده‌ستی داوه‌ته‌‌ كاری قاچاغچێتی، وتی زستانی رابردوو كاتێك كه‌وتۆته‌ ناو چاڵێكی قووڵ ئه‌سپه‌كه‌ی له‌ده‌ست داوه‌.



"له‌وێ بۆ ماوه‌ی یه‌ك كاژمێر به‌ته‌نها گیرم خوارد، چاڵه‌كه‌ پڕ بوو له‌ قوڕ و به‌فر،" ئه‌و وتی. "هێنده‌ سارد بوو ریشم بوو به‌ به‌رد. به‌ خواردنه‌وه‌ی ئه‌و چاره‌گه‌ ویسكییه‌ی لام بوو خۆم له‌ ره‌قبوونه‌وه‌ و مردن پاراست."



هه‌ندێ له‌ قاچاغچییه‌كانی كوردی ئێران وتیان به‌هۆی هه‌ژارییه‌وه‌ ناچارن یاسا بشكێنن و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ كۆمه‌ڵگه‌ رقی لێیان ئه‌بێته‌وه‌.



"كه‌س نایه‌ته‌ ماڵمان چونكه‌ ده‌ڵێن رزقی ئێمه‌ حه‌رامه‌،" حه‌سه‌ن سه‌ید محه‌مه‌د حوسێنی، وتی.



ئه‌مجه‌د حوسێن قادر، كه‌ قاچێكی له‌ ته‌قینه‌وه‌ی مینێك له‌ده‌ست داوه‌، وتی له‌ ماوه‌ی ٢٠ ساڵی قاچاغچێتیدا چوار ئه‌سپی له‌ده‌ست داوه‌. "من به‌كه‌ڵكی ئه‌و ئیشه‌ نایه‌م،" قادر وتی، "به‌ڵام ناچارم بیكه‌م."



قاچاغچییه‌كانی پێنجوێن ره‌شبینن و ده‌ترسن كه‌ چالاكییه‌كانی ئێران دواجار كۆتایی بهێنێت به‌ پیشه‌ مه‌ترسیداره‌كه‌یان.



عوسمان حوسێن باردڵ، كوردی ئێرانه‌، وتی بیستوویه‌تی ئێران خه‌ریكه‌ دیوارێكی كۆنكریتی له‌سه‌ر سنووره‌كه‌ دروست بكات. "ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ راست بێت، ئیشمان نامێنێت،" باردڵ وتی.



خالید مه‌حمود رۆژنامه‌نووسێكی راهینراوی IWPRه‌ له‌ سلێمانی. په‌یامنێری راهێنراوی IWPR شۆڕش خالید و موحه‌ریری نێوخۆیی IWPR هۆگر حه‌سه‌ن له‌ سلێمانی و هه‌ولێره‌وه‌ به‌شداریان له‌ نووسینی ئه‌م راپۆرته‌ كردووه‌.