Institute for War and Peace Reporting | Giving Voice, Driving Change

عێراق: تشرینی یه‌كه‌م و تشرینی دووه‌می ٢٠٠٩

ده‌یان كه‌س به‌شداریده‌كه‌ن له‌ زنجیره‌یه‌ك خوولی راهێنانی په‌یمانگای رۆژنامه‌وانیی جه‌نگ و ئاشتی كه‌ تایبه‌ت بوون به‌ یاسای راگه‌یاندن و مافه‌كانی رۆژنامه‌نووسان.
By
.



كۆمه‌ڵێك پسپۆری یاسای راگه‌یاندن كه‌ بۆ IWPR له‌ عێراق كارده‌كه‌ن له‌ مانگی حوزه‌یران تا تشرینی دووه‌م چه‌ندین خوولی مه‌شق و راهێنانیان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ به‌غدا و سلێمانی پێشكه‌ش كرد. ئه‌و كۆڕسانه‌ی كه‌ تایبه‌ت بوون به‌ پارێزگاریی یاسایی یارمه‌تی به‌شداربووانی دا له‌ یاساكانی راگه‌یاندنی عێراق تێبگه‌ن – ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م خوولی له‌م جۆره‌ بوو بۆ زۆرێك له‌ به‌شداربووان كه‌ وتیان پێشتر به‌ر له‌وه‌ی به‌شداری له‌و خوولانه‌دا بكه‌ن شاره‌زاییه‌كی كه‌میان له‌ هه‌ندێ بابه‌تی گرنگدا هه‌بوو، وه‌ك ناوزڕاندن و له‌كه‌داركردن.



"ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین راهێنانم بوو، هه‌روه‌ها ته‌واو جیاواز بوو له‌و كۆڕسانه‌ی رۆژنامه‌وانی كه‌ له‌ زانكۆدا خوێندوومن چونكه‌ زانیاریی واقیعیانه‌ترمان وه‌رگرت،" به‌سام شبیل خه‌تار، په‌یامنێری رۆژنامه‌ی (سه‌دا)یه‌ له‌ واسیت له‌ ناوه‌ڕاستی عێراق، وتی.



"پێشتر رووبه‌ڕووی كێشه‌ی یاسایی ده‌بوومه‌وه‌، به‌تایبه‌تی كاتێك چاوپێكه‌وتنم له‌گه‌ڵ به‌رپرسان ئه‌نجام ده‌دا و پرسیاری گرنگم لێ ده‌كردن. ئێستا، ده‌زانم مافه‌كانی خۆم چین و هه‌ست به‌ متمانه‌ی زیاتر ده‌كه‌م سه‌باره‌ت به‌و شته‌ی كه‌ ده‌بێ بیڵێم و بیكه‌م كاتێك چاوپێكه‌وتنێك ئه‌نجام ده‌ده‌م."



"كۆڕسه‌كه‌ وای لێ كردین ئێمه‌ وه‌ك رۆژنامه‌نووسان شاره‌زای مافه‌كانی خۆمان و سنووره‌كان بین،" شروق جبوری، ده‌رهێنه‌ر و پێشكه‌شكار له‌ كه‌ناڵی سه‌ڵاحه‌دین بۆ هه‌واڵه‌كان، وتی. "هه‌روه‌ها ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌شی پێداین كه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسانی تر دروست بكه‌ین و چه‌ندین بابه‌ت به‌یه‌كه‌وه‌ باس بكه‌ین."



كوڕسه‌كانی IWPR له‌ به‌غدا تیشكیان خسته‌سه‌ر مه‌شقكردن به‌ قوتابیان له‌سه‌ر یاسای راگه‌یاندنی عێراقی كه‌ هی سه‌رده‌می رژێمی به‌عسه‌ ماوه‌ته‌وه‌. زۆرێك له‌ سزایه‌ سه‌ركوتكارییه‌كان ئێستا په‌یڕه‌و ناكرێن، به‌ڵام رۆژنامه‌نووسان ئێستاش رووبه‌ڕووی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ سكاڵای تایبه‌ت به‌ ناوزڕاندن و له‌كه‌داركردن ده‌بنه‌وه‌.



ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ی له‌چوارچێوه‌ی یاسای ناوزڕاندن و له‌كه‌داركردن دادگایی ده‌كرێن ره‌نگه‌ رووبه‌ڕووی سزای به‌ندكردن ببنه‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌ دادگادا تاوانبار ده‌رچوون.



عه‌لی مه‌ڕزووق، به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆژه‌ی به‌شی سه‌لامه‌تیی و ئاسایش و یاسا و پارێزگاریی رۆژنامه‌وانیی IWPR له‌ عێراق كه‌ له‌ به‌غدایه‌ وتی "زۆرێك له‌ رۆژنامه‌نووسه‌كان به‌ته‌واوی بێ ئاگابوون له‌ یاسای راگه‌یاندن" پێش ئه‌و خوولانه‌ی مه‌شق و راهێنان. "به‌شداربووان فێربوون چۆن له‌ ناوزڕاندن و له‌كه‌داركردن دووربكه‌ونه‌وه‌، چۆن له‌چوارچێوه‌ی یاسادا كاربكه‌ن و چۆن پارێزگاری له‌خۆیان بكه‌ن."



مه‌ڕزووق ئه‌وه‌شی وت كه‌ رۆژنامه‌نووسان "به‌ڕاستی په‌رۆشی ئه‌م جۆره‌ كۆڕسانه‌ن".



له‌ به‌غدا زیاتر له‌ ١٦٠ به‌شداربوو مه‌شق و راهێنانیان له‌سه‌ر یاسای راگه‌یاندن پێكرا. كۆڕسه‌كان له‌ لایه‌ن حه‌سن شه‌عبان، پارێزه‌رێكی دیاری مافه‌كانی مرۆڤ و راگه‌یاندنه‌، پێشكه‌ش كران.



جبوری وتی دوابه‌دوای به‌شداریكردنی له‌ كۆڕسه‌كه‌دا‌، له‌ كاتی نووسینی راپۆرتدا له‌گه‌ڵ شه‌عبان راوێژیكردووه‌ له‌سه‌ر چه‌ندین بابه‌ت كه‌ ئه‌گه‌ری ناوزڕاندیان هه‌بووه‌. جبوری ستایشی IWPRی كرد "نه‌ك ته‌نها له‌به‌ر ئه‌و زانیاریانه‌ی پێی داوین، به‌ڵكو له‌به‌ر ئامۆژگاری و به‌رگریكردنیشی".



یاسای رۆژنامه‌وانیی هه‌رێمی كوردستانی عێراق له‌ هی عێراق جودایه‌ و ساڵی پار له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی هه‌رێمه‌وه‌ په‌سه‌ندكرا. یاساكه‌ سزاكان و سنووره‌كانی له‌سه‌ر رۆژنامه‌نووسان سووككرد و سزای به‌ندكردنیشی نه‌هێشت.



رازاو ئه‌حمه‌د، پارێزه‌رێكی IWPRه‌ و كۆڕسه‌كانی تایبه‌ت به‌ یاسای رۆژنامه‌وانیی هه‌رێمی كوردستانی عێراقی بۆ زیاتر له‌ ٧٥ رۆژنامه‌نووس و پارێزه‌ر له‌ سلێمانی رێكخست‌، وتی په‌یامنێران و موحه‌ریرانی كوردستانی عێراق ئێستاش رووبه‌ڕووی دادگا ده‌بنه‌وه‌ چونكه‌ له‌ په‌یڕه‌وه‌ یاساییه‌كان ئاگادار نین.



ئه‌حمه‌د وتی كارمه‌ندانی ده‌زگاكانی هه‌واڵ و راگه‌یاندن به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له‌به‌ر ناوزڕاندن و له‌كه‌داركردن رووبه‌ڕووی دادگا ده‌كرێنه‌وه‌.



كۆمیته‌ی پارێزگاریكردن له‌ رۆژنامه‌نووسان (CPJ) كه‌ له‌ نیویۆڕكه‌، رایگه‌یاندووه‌ زیاتر له‌ ٥٠ سكاڵای یاسایی له‌دژی رۆژنامه‌نووسان له‌ نێوان كانوونی دووه‌م و ئایاری ٢٠٠٩ له‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراق تۆماركراون.



هه‌روه‌ها ئه‌و كۆمیته‌یه‌ و روانگه‌ی ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ری له‌ به‌غدا، كه‌ هاوكارێكی IWPRه‌، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ نامه‌كیان بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نوری مالیكی نووسی و نیگه‌رانی خۆیان ده‌ربڕی له‌وه‌ی كه‌ رۆژنامه‌نووسان له‌ڕووی جه‌سته‌ییه‌وه‌ هێرشیان ده‌كرێته‌سه‌ر و "به‌رپرسه‌ باڵاكانی حكومه‌تیش سكاڵای یاسایی وه‌ك ئامرازێكی سیاسی به‌كارده‌هێنن بۆ دروستكردنی كۆسپ له‌به‌رده‌م میدیای هه‌واڵ و بێده‌نگكردنی".



شاره‌زایانی یاسای راگه‌یاندن ده‌ڵێن زۆرێك له‌ رۆژنامه‌نووسانی هه‌رێمی كوردستانی عێراق شاره‌زاییان له‌سه‌ر‌ یاسای نوێی رۆژنامه‌گه‌ری نییه‌ كه‌ هه‌ڵساوه‌ به‌ قه‌ده‌غه‌كردنی ئه‌و وتارانه‌ی ده‌بنه‌ هۆی "چاندنی تۆی رق و قینه و‌ لێكترازاندنی پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵ و سوكایه‌تیكردن به‌ بیروباوه‌ڕ و رێ و ره‌سمه‌ ئاییینییه‌كان".



هه‌روه‌ها یاساكه‌ بڕگه‌یه‌كی تێدایه‌ كه تایبه‌ته‌ به‌ ژیانی تایبه‌تی و‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ر نهێنییه‌كانی ژیانی تایبه‌تی قه‌ده‌غه‌ ده‌كات و ئه‌مه‌ش ده‌رگا له‌به‌رده‌م به‌رپرسانی پێشوو واڵاده‌كات كه‌ به‌هۆی ناوزڕاندنه‌وه‌ سكاڵا له‌ دژی رۆژنامه‌نووسان تۆمار بكه‌ن.



سامان فه‌وزی، دكتۆرای هه‌یه‌ له‌ یاسای راگه‌یاندن له‌ زانكۆی سلێمانی، كۆڕسه‌كانی رۆژنامه‌نووسان و پارێزه‌رانی له‌ سلێمانی به‌ڕێوه‌برد. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌مێك له‌ پارێزه‌رانی عێراق پسپۆرییان له‌ یاسای راگه‌یاندن هه‌یه‌، IWPR مه‌شقی به‌ چه‌ند پارێزه‌رێكیش كرد تا ئامۆژگاری رۆژنامه‌نووسان بكه‌ن و پارێزگاریان لێ بكه‌ن.



"فێری زۆر شت بووم. ئێستا ده‌توانم زانیاریی خۆم تاقیبكه‌مه‌وه‌ و وانه‌كانیش بخه‌مه‌ كاره‌وه‌، وه‌ك چۆنییه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌ كه‌یسه‌كانی دادگا و نووسینی هه‌واڵ له‌سه‌ر به‌رپرسان،" دانا محمه‌د، په‌یامنێری رۆژنامه‌ی هاوڵاتییه‌، وتی.



په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌رپرسانی ئه‌منیی عێراق و رۆژنامه‌نووسان گرژیان تێكه‌وتووه‌. رۆژنامه‌نووسان به‌رده‌وام گله‌یی له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هێزه‌كانی ئاسایش میدیای هه‌واڵ سه‌ركوت ده‌كه‌ن. له‌ كوردستانی عێراقدا، چه‌ندین ساڵه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان رۆژنامه‌نووسانی سه‌ربه‌خۆ و به‌رپرسانی ئاسایش به‌ره‌و گرژی زیاتر ده‌ڕۆن.



له‌ هه‌وڵێدا بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژی له‌ نێوان هه‌ردوو لادا، IWPR هه‌ڵسا به‌ بانگهێشتكردنی حاكم قادر، به‌رپرسی ئاسایشی سلێمانی، له‌ یه‌كێك له‌ خووله‌كاندا.



ئه‌حمه‌د وتی رۆژنامه‌نووسان و حاكم قادر بابه‌ته‌كانیان "به‌شێوه‌یه‌كی دیموكراسی،" تاووتوێكرد و له‌ كۆتاییشدا بڕیاریان دا په‌ره‌ به‌ هاوكارییه‌كانیان بده‌ن.



ئه‌حمه‌د وتی ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ی كه‌ به‌شداریان له‌خووله‌كانی په‌یمانگاكه‌ كردووه‌ نه‌ك ته‌نها سوود له‌ تێگه‌یشتن له‌ یاساكانی میدیا وه‌رده‌گرن، به‌ڵكو په‌یڕه‌وی له‌ پێوه‌ری به‌رزتری رۆژنامه‌نووسی ده‌كه‌ن له‌ڕێی ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌ی وورد له‌ راپۆرته‌كان. ئه‌و ئه‌وه‌شی وت كه‌ راپۆرتی به‌هێزتر و هۆشیاریی یاسایی له‌ كۆتاییدا یارمه‌تیده‌ر ده‌بن له‌ دوورخستنه‌وه‌ی په‌یامنێران و موحه‌ریران له‌ دادگاكان.



رێكخه‌ری به‌شی ته‌حریری IWPRی عێراق فه‌ڕه‌ح عه‌لی له‌ به‌غدا و موحه‌ریری نێوخۆیی هێمن لهۆنی له‌ سلێمانی به‌شداریان له‌ نووسینی ئه‌م راپۆرته‌ كردووه‌.