Institute for War and Peace Reporting | Giving Voice, Driving Change

عێراق: تشرینی یه‌كه‌می ٢٠٠٧

سایتێكی هه‌واڵی عه‌ره‌بی به‌ناوبانگی زنجیره‌یه‌ك راپۆرتی وه‌سفی (فیچه‌ر)ی (IWPR) بڵاوده‌كاته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی میدیا له‌ عێراقدا.
By IWPR Iraq
(IWPR) له‌سه‌ر میدیا له‌لایه‌ن سایتێكی هه‌واڵی عه‌ره‌بی/ئینگلیزی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه‌ دووباره‌ بڵاوكرایه‌وه‌.‌ ئه‌ویش سایتی مینه‌سسات (منصات)ه‌ كه‌ مه‌به‌ست لێی ده‌سته‌به‌ركردنی مینبه‌رێكه‌ بۆ رۆژنامه‌وانیی عه‌ره‌بی و به‌تواناكردنی رۆژنامه‌نوسانی عه‌ره‌به‌.



ئه‌و راپۆرته‌ تایبه‌ته‌ی (IWPR) سه‌باره‌ت میدیا به‌ قوڵی ته‌غتیه‌ی بابه‌تێكی گرنگ و ئێجگار هه‌ستیاری كردووه‌ له‌ عێراقدا. به‌ گوێره‌ی لیژنه‌ی پاراستنی رۆژنامه‌نوسان (CPJ)، له‌ ساڵی ٢٠٠٣ ه‌وه‌ ١٢٤ رۆژنامه‌نوس و ٤٩ كارمه‌ندی میدیا له‌ عێراقدا كوژراون. رێكخراوه‌كانی تایبه‌ت به‌ مافه‌كانی میدیا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هاوڕان كه‌ عێراق مه‌ترسیدارترین شوێنه‌ له‌ جیهاندا بۆ رۆژنامه‌نوسان.



ته‌غتیه‌كه‌ی (IWPR) بۆ عێراق به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی باس له‌و توندوتیژی و هه‌ڕه‌شانه‌ ده‌كات كه‌ زۆر له‌ رۆژنامه‌نوسانی عێراقی – ئه‌گه‌ر زۆربه‌شیان نه‌بێت – رووبه‌ڕوویده‌بنه‌وه‌. هه‌روه‌كو راپۆرتی "ره‌وشی بارگاوی به‌ ترس په‌یامنێرانی به‌سره‌ تووشی نائومێدی ده‌كات" روونیده‌كاته‌وه‌، رۆژنامه‌نوسانی عێراقی تادێت زیاتر به‌دزیه‌وه‌ كارده‌كه‌ن و ناتوانن ته‌غتیه‌ی چه‌ند بابه‌تێكی دیاریكراو بكه‌ن یان "هێڵه‌ سوره‌كان" ببه‌زێنن.



به‌ر له‌ مردنی، سه‌حه‌ر حه‌یده‌ری؛ كه‌ په‌یامنێرێكی (IWPR) بوو له‌ موسڵ و له‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌مساڵدا ته‌قه‌ی لێكراو كوژرا، زۆر له‌و هێڵه‌ نادیاره – مه‌ترسیداره‌ -‌ سوورانه‌ی به‌زاند. بۆ راپۆرتی تایبه‌ت له‌سه‌ر میدیا، سه‌حه‌ر له‌سه‌ر ژماره‌ی ئه‌و وێنه‌گرانه‌ نوسیبووی كه‌ به‌رده‌وام ژماره‌یان كه‌مده‌بوونه‌وه‌ له‌ موسڵ. (میلیشیاكان ئه‌كه‌ونه‌ كوشتنی وێنه‌گران)



له‌م مانگه‌دا سه‌حه‌ر حه‌یده‌ری، پاش كۆچی دوایی، شه‌ره‌فی به‌خشینی خه‌ڵاتی كێرت شۆركی بۆ رۆژنامه‌نوسانی لۆكاڵی، پێبڕدرا. له‌ بلۆگێكدا كه‌ له‌ دوای مه‌راسیمه‌كه‌دا نوسراوه‌، سین ماگویری نوسه‌ری سیاسی رۆیته‌رز، نوسیویه‌تی كه‌ حه‌یده‌ری له‌لایه‌ن چه‌كدارانه‌وه‌ كراوه‌ته‌ ئامانج "كه‌ به‌و روونی و چاوقایمی و ئازایه‌تیه‌ رازینه‌بوون كه‌ سه‌حه‌ر پێی ده‌نوسی سه‌باره‌ت به‌و شاڵاوه‌ تاوانكاریانه‌ی ترس و تۆقاندن كه‌ گروپه‌ تائیفیه‌كان ئه‌نجامیانده‌دا له‌ عێراقدا".



سایتی مینه‌سسات menassat.com كه‌ سایتێكی نوێیه‌ و باره‌گاكه‌ی له‌ بێروته‌ و ته‌ركیزده‌كاته‌ سه‌ر میدیای عه‌ره‌بی، ستایشی كاره‌كانی حه‌یده‌ری كرد و راپۆرته‌ تایبه‌ته‌كه‌ی (IWPR) ی له‌سه‌ر میدیا دووباره‌ بڵاوكرده‌وه‌.



گێرت فان لانجندۆنك؛ راوێژكاری ته‌حریری سایته‌كه‌ وتی، راپۆرته‌كان"زۆر سه‌رنجڕاكێش بوون". هه‌روه‌ها وتی راپۆرته‌كه‌ی حه‌یده‌ری به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆته‌ جێگه‌ی سه‌رنجی.



هه‌روه‌ها وتی، "من هه‌رگیز پێش ئێستا شتی وام نه‌خوێندۆته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی وێنه‌ی زه‌ماوه‌ندێك ده‌گریت بكوژرێیت."



فان لانجندۆك ستایشی كاری (IWPR)یشی كرد بۆ پێشكه‌شكردنی تێڕوانینێكی ناوازه‌ - له‌ هه‌مان كاتدا زۆر پێویست- له‌ عێراقه‌وه‌. وتی ئه‌و راپۆرتانه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ وابوو له‌ ئاسمانه‌وه‌ هاتبنه‌ خواره‌وه‌ بۆ سایتی مینه‌سسات كه‌ به‌ عه‌ره‌بی و به‌ ئینگلیزیش بابه‌ت بڵاوده‌كاته‌وه‌.



فان ئه‌وه‌شی وت كه‌ "به‌گشتی، راپۆرتی سه‌رنجڕاكێش له‌لایه‌ن په‌یامنێرانی عێراقیه‌وه‌ ده‌گمه‌نه‌. به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی په‌یامنێرانی خۆراوایی ناتوانن چیدی ئه‌وه‌نده‌ بچنه‌ ده‌ره‌وه‌، راپۆرتی سه‌رنجراكێش له‌ عێراقه‌وه‌ ده‌گمه‌نه‌."



زیاد خه‌له‌ف عه‌جیلی، ووته‌بێژی روانگه‌ی ئازادییه‌ رۆژنامه‌وانیه‌كان (مرصد الحريات الصحفية) كه‌ رێكخراوێكه‌ داكۆكی له‌ مافه‌كانی رۆژنامه‌نوسان ده‌كات له‌ عێراقدا، كاره‌كانی (IWPR)ی په‌سه‌ندكرد.



عه‌جیلی وتی، ستۆریه‌كانی (IWPR) "سه‌باره‌ت حه‌قیقه‌تن و حه‌قیقه‌تیش ده‌گوازنه‌وه‌. پوخت و ووردن و هه‌واڵه‌كانیش به‌شێوه‌یه‌كی چاونه‌ترسانه‌ و پرۆفێشناڵ و بێلایه‌نانه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌."



هه‌روه‌ها وتی مه‌به‌ست له‌ ستۆریه‌كانی (IWPR) " گواستنه‌وه‌ی واقیعی عێراقه‌ به‌شێوه‌یه‌كی وورد‌."



"ئه‌و ستۆریانه‌ چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌ك ته‌غتیه‌ده‌كه‌ن كه‌ چاپه‌مه‌نی ناوخۆیی ته‌غتیه‌یان ناكات، وه‌كو ئه‌و كێشانه‌ی میلیشیاكان و چه‌كداران دروستیانكردووه‌."



عه‌جیلی وتی، ووردبینی (IWPR) و شێوازی گێڕانه‌وه‌كه‌ی بایه‌خپێدان و متمانه‌ی جه‌ماوه‌ریی دروستكردووه، "خوێنه‌ران متمانه‌یان به‌ ستۆریه‌كان هه‌یه‌ و باوه‌ڕیشیان به‌و زانیاریانه‌ هه‌یه‌ كه‌ تێیاندایه‌."



تیاری راس موحه‌ریری خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی (IWPR)‌.