Institute for War and Peace Reporting | Giving Voice, Driving Change

به‌یه‌كشادبوونه‌وه‌ی خێزانێكی هه‌ڵه‌بجه‌ هانی گه‌ڕان به‌دوای منداڵه‌ ونبووه‌كانی شارۆچكه‌كه‌ ده‌دات

له‌ڕێی تاقیكردنه‌وه‌ی دی ئێن ئه‌یه‌وه‌، دایكێك و كوڕێك دوای ٢١ ساڵ به‌یه‌ك ده‌گه‌نه‌وه‌.
By Falah Najim
.



له‌باوه‌شگرتنی كوڕێك له‌ لایه‌ن دایكه‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی ٢١ ساڵی پڕ له‌ ئازار له‌یه‌كتر جیاببوونه‌وه‌ و له‌ كاتێكدا نزیكه‌ی ٥٠ خێزانی هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ منداڵیان بزربووه‌ سه‌یری ئه‌و دیمه‌نه‌یان ده‌كرد و له‌ كاتی بینینی ئه‌و كوڕ و دایكه‌ هیواكانیان زیندوو بوونه‌وه‌ جۆش و خرۆشی زیاتری به‌م هه‌نگاوه‌ به‌خشی.



له‌ رێوڕه‌سمێكدا له‌ ٣ی كانوونی یه‌كه‌م له‌ شارۆچكه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌، فاتیمه‌ محه‌مه‌د حه‌مه‌ ساڵح به‌ منداڵه‌كه‌ی شاد بوویه‌وه‌ كه‌ له‌ ته‌مه‌نی سێ مانگیدا له‌ هێرشه‌ كیماییه‌كه‌ی هێزه‌كانی سه‌دام حوسێن له‌ ساڵی ١٩٨٨دا له‌نێو هه‌زاران ته‌رمی به‌جێماو ون ببوو.



هه‌واڵی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و كوڕه‌، كه‌ كاتی خۆی دایكی ناوی نابوو زمناكۆ و ئێستاش ته‌مه‌نی ٢١ ساڵه‌، به‌شێوه‌یه‌كی فراوان بڵاوكرایه‌وه‌ و هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی دوو هێنده‌ زیاد كردووه‌ تا منداڵه‌ ونبووه‌كانی تریش بدۆزێته‌وه‌.



"دوای دۆزینه‌وه‌ی زمناكۆ، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌یه‌وێ هه‌ڵمه‌تێكی چڕ ده‌ستپێ بكات تا له‌گه‌ڵ ئێراندا كار بكات بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌وانی تر،" چنار سه‌عد عه‌بدوڵڵا، وه‌زیری پێشووی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كان كه‌ خۆی به‌یه‌‌كگه‌یشتنه‌وه‌ی ئه‌و خانه‌واده‌یه‌ی رێكخستووه‌، وتی.



گه‌ڕانه‌وه‌ی زمناكۆ تاكه‌ نموونه‌یه‌ بۆ خێزانێك‌ كه‌ منداڵه‌كه‌ی بدۆزێته‌وه‌، هه‌روه‌ها یه‌كه‌م به‌كارهێنانی تاقیكردنه‌وه‌ی دی ئێن ئه‌یه‌ له‌ هه‌ڵمه‌تی دۆزینه‌وه‌ی منداڵه‌ ونبووه‌كان.



به‌ پێی كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌، زیاتر له‌ ٥،٠٠٠ كه‌س له‌ هێرشه‌ كیماییه‌كه‌ی ساڵی ١٩٨٨دا مردوون كه‌ ده‌ڵێن عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید، كه‌ به‌ عه‌لی كیمیایی ناسراوه‌ و ئامۆزای سه‌دام حوسێنه‌، فه‌رمانی ئه‌نجامدانی ده‌ركردووه‌.



ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌ ده‌ڵێت له‌نێو ١٠٠٠ قوربانی كه‌ ئه‌و كاته‌ وه‌ك بێ سه‌روشوێن ناویان تۆمار كرابوو، ٢٠٠یان منداڵ بوون و ٤١یان ئێستاش بێ سه‌روشوێنن.



"برینداره‌كان كه‌ ژماره‌یان زۆر بوو، گواسترانه‌وه‌ بۆ ده‌یان نه‌خۆشخانه‌ و شاری جیا له‌ ئێران. به‌م هۆیه‌وه‌، زۆر منداڵ له‌ خێزانه‌كانیان جیابوونه‌وه‌ و دۆزینه‌وه‌یان زه‌حمه‌ت بووه،" لوقمان قادر، سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌، وتی.



چل و حه‌وت خێزان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ منداڵه‌كانی خۆیان به‌ بێ سه‌روشوێن له‌ لای ده‌سه‌ڵاتداران تۆمار كردووه‌. له‌نێوانیان كه‌سێك هه‌یه‌ به‌ناوی فه‌خره‌دین كه‌ریم كه‌ باوكێكی خه‌فه‌تباره‌ و سێ منداڵی خۆی له‌ده‌ست داوه‌.



"له‌وه‌ته‌ی هێرشه‌كانه‌وه‌ چاوه‌ڕێی منداڵه‌ بێ سه‌روشوێنه‌كانم ده‌كه‌م و ته‌نانه‌ت ناشزانم ئاخۆ هێشتا زیندوون یان مردوون،" كه‌ریم وتی. "دڵنیام زۆرێك له‌ منداڵه‌ بێ سه‌روشوێنه‌كان له‌ ئێرانن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستم دێ ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ چاوه‌ڕێی حكومه‌ت بكه‌م تا بیاندۆزێته‌وه‌."



ئه‌و خێزانانه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ و به‌رپرسانی شاره‌كه‌ هیوا ده‌خوازن كه‌ ساڵح و زمناكۆ ببن به‌ نموونه‌یه‌ك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌یان منداڵه‌كه‌ی تر كه‌ هێشتا بێ سه‌روشوێنن.



"له‌ كاتی هێرشه‌كه‌دا هه‌وڵماندا له‌ ده‌ست بۆمبه‌كان رابكه‌ین. من رام ئه‌كرد و زمناكۆم له‌ ئامێز گرتبوو كاتێك بوورامه‌وه‌،" ساڵح به‌ IWPRی وت.



دایكی راسته‌قینه‌ی زمناكۆ له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ئێران به‌هۆش خۆی هاتۆته‌وه‌ و له‌وێ پێیان وت كه‌ مێرده‌كه‌ی و شه‌ش منداڵه‌كه‌ی تری كوژراون.



"ئێستا ده‌زانم كه‌ زمناكۆ بۆ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تر ره‌وانه‌كرابوو،" ئه‌و به‌ IWPRی وت. "ئێستا وا هه‌ست ئه‌كه‌م كه‌ خێزانه‌كه‌م گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌."



دوای چاره‌سه‌ری پزیشكی، زمناكۆ ره‌وانه‌ی خانه‌ی هه‌تیوان كراوه‌ له‌ باكووری خۆرهه‌ڵاتی ئێران و له‌وێدا ناوی لێنراوه‌ عه‌لی. دواتر ژنێكی شاری مه‌شهه‌د كه‌ دوو منداڵی هه‌بووه‌ زمناكۆی گرتۆته‌خۆ و به‌خێوی كردووه‌.



"كاتێك بووم به‌ حه‌وت ساڵ، پێم وترا كه‌ من خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌م و خێزانه‌كه‌شم له‌ هێرشه‌كه‌دا تیاچوون،" زمناكۆ وتی.



دوای ئه‌وه‌ی دایكه‌ ئێرانییه‌كه‌ی له‌ رووداوێكی ئۆتۆمبیل سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر گیانی له‌ده‌ستدا، زمناكۆ په‌یوه‌ندی به‌ كۆمه‌ڵه‌ی شه‌هیدانی ئێرانه‌وه‌ كرد. كاتێك وه‌زیری پێشووی كاروباری شه‌هیدان ئه‌نفالكراوه‌كان له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چنار سه‌عد عه‌بدوڵڵا به‌سه‌ردانێك گه‌یشته‌ ئێران، زمناكۆ براوه‌ته‌ لای.



تاقیكردنه‌وه‌ی دی ئێن ئه‌ی له‌ لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ كه‌ پێشتر وێنه‌ی نه‌بووه‌ كلیكی به‌یه‌كگه‌یشتنه‌وه‌ی زمناكۆ و دایكی راسته‌قینه‌ی بوو.



زمانكۆ له‌ ئێران چه‌ند تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی جینی ئه‌نجامدا تا خێزانی راسته‌قینه‌ی خۆی بدۆزێته‌وه‌. له‌هه‌مان كاتدا، ساڵح و ئه‌و خێزانانه‌ی تری هه‌ڵه‌بجه ‌كه‌ منداڵیانیان بێ سه‌روشوێنن تاقیكردنه‌وه‌ی دی ئێن ئه‌یان ئه‌نجام دا.



ئه‌نجامی تاقیكردنه‌وه‌كان هه‌بوونی په‌یوه‌ندیان له‌نێوان زمناكۆ و ساڵح دووپاتكرده‌وه‌.



"نه‌مدیوه‌ عه‌لی (زمناكۆ) هێنده‌ی ئه‌و كاته‌ خۆشحاڵ بێت كه‌ دایكی راسته‌قینه‌ی خۆی دۆزیه‌وه‌،" حه‌میده‌ پور، خوشكی ئه‌و ژنه‌ی كه‌ زمناكۆی به‌خێوكردووه‌، وتی. "خۆشحاڵم كه‌ عه‌لی و خێزانه‌كه‌ی به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌بینم و هیوادارم گشت منداڵه‌ بێ سه‌روشوێنه‌كانی شاره‌كه‌ی عه‌لی بدۆزرێنه‌وه‌."



چنار سه‌عد وتی له‌ رابردوودا نه‌بوونی زانیاری له‌سه‌ر منداڵه‌ ونبووه‌كان به‌ربه‌ست بوو له‌به‌رده‌م هه‌وڵه‌كان بۆ دۆزینه‌وه‌یان. سه‌عد پێی وایه‌ كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی زیاتر له‌ڕێی به‌كارهێنانی تاقیكردنه‌وه‌ی دی ئێن ئه‌ی له‌وانه‌یه‌ خێزانی زیاتر له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌یه‌كتر شاد بكاته‌وه‌.



زمناكۆ ئێستا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و جلی كوردی له‌به‌ر ده‌كات و خه‌ریكه‌ خۆی فێری زمانی كوردی ده‌كات تا درێژه‌ به‌ خوێندن بدات.



"هیچ شتێك له‌ دیتن و له‌باوه‌شگرتنی دایكی راسته‌قینه‌ت خۆشتر نییه‌. هیچ شتێكیش ناخۆشتر نییه‌ له‌وه‌ی كه‌ نه‌توانی هه‌رگیز باوكت و خوشك و براكانت ببینیته‌وه‌،" زمناكۆ وتی.



فه‌لاح نه‌جم رۆژنامه‌نووسێكی راهێنراوی IWPRه‌ و له‌ سلێمانی داده‌نیشێت.