Institute for War and Peace Reporting | Giving Voice, Driving Change

بردنه‌وه‌ی گه‌مه‌ی سیاسی له‌ عێراق

پێویسته‌ لایه‌نه‌ بچووكه‌كان پاڵپشتیی له‌ یه‌كێك له‌ دوو لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كی عێراق بكه‌ن و به‌و هه‌نگاوه‌ كۆتایی به‌ قه‌یرانی پێكهێنانی حكومه‌ت بهێنن.
By Hiwa Osman

 

پێده‌چێت له‌ئێستادا گشت لایه‌نه‌كانی عێراق له‌ دانووستانه‌ گیرخواردووه‌كانیاندا سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی چووبێتنه‌ ناو یاریێكی ئاڵۆزه‌وه‌.

پاش هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له‌ مانگی ئادار، پێشبڕكێ‌ به‌ده‌وری پۆستی سه‌رۆك وه‌زیراندا چڕبۆته‌وه‌ و هه‌ر یه‌كه‌ له‌ نوری مالیكی، سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تی یاسا، له‌گه‌ڵ ئه‌یاد عه‌لاوی، سه‌رۆكی لیستی عێراقییه، له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و پۆسته‌ پێشبڕكێ ده‌كه‌ن.

لایه‌نه‌كانی تر خۆیان به‌دوورگرتووه‌ و تا ئێستا نه‌چوونه‌ته‌ پاڵ یه‌كێك له‌م دووانه‌. له‌كاتێكدا ره‌نگه‌ ئه‌و بڕیاره‌ی لایه‌نه‌كانی تر بۆ ئه‌وه‌بێت بتوانن باشترین ده‌رفه‌ت بۆ خۆیان بڕه‌خسێنن، به‌ڵام دوودڵبوونیان و هه‌ڵنه‌بژاردنی یه‌كێك له‌و دوو لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌ ته‌نها درێژه‌ به‌ قه‌یرانی سیاسی ده‌دات.

ئه‌م جۆره‌ ره‌وشه‌ ده‌چێته‌ قاڵبی بیردۆزێك كه‌ به‌ هاوسه‌نگیی ناش ناسراوه و تایبه‌ته‌ به‌ هه‌ڵسوكه‌وتی مرۆڤ‌. بیرۆكه‌ی ئه‌و هاوسه‌نگییه‌، كه‌ به‌ناوی جۆن فۆربز ناش كراوه‌ كه‌ له‌ ساڵی ١٩٩٤ به‌هۆی داهێنانی ئه‌و هاوسه‌نگییه‌وه‌ خه‌ڵاتی نۆبڵی پێبه‌خشرا، پێكهاتووه‌ له‌ یارییه‌ك‌ تیایدا مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت هه‌ر یاریزانێك بزانێ ستراتیژیی ئه‌وانی تر چییه‌ و هیچ شتێكیش به‌ده‌ستناهێنێت ئه‌گه‌ر ستراتیژیی خۆی تاكلایه‌نانه‌ بگۆڕێت.

ئه‌گه‌ر له‌ ئاوێزه‌ی بیردۆزی ئه‌و یارییه‌وه‌ سه‌یری ئه‌م بابه‌ته‌ بكه‌ین، ده‌كرێت بڵێین عه‌لاوی باشترین رێگای گرتۆته‌به‌ر كاتێك سووره‌ له‌سه‌ر مافی پێكهێنانی حكومه‌ت، ئه‌وه‌ش به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و راستییه‌ی كه‌ لیسته‌ی به‌ رێژه‌یه‌كی كه‌م زۆرترین كورسی له‌ دوایین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقدا به‌ده‌ستهێناوه‌.

عه‌لاوی له‌ هه‌ر هه‌نگاوێكدا كه‌ ده‌یگرێته‌به‌ر پێویسته‌ خواستی مالیكی بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران و بڕیاری خۆبه‌دوورگرتنی لایه‌نه‌كانی تر له‌ شه‌ڕه‌كه‌ له‌به‌رچاو بگرێت.

مالیكیش له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ باشترین بڕیاری داوه‌ له‌ڕێی سووربوونی له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ و ئه‌ویش له‌ ستراتیژیی خۆیدا پێویسته‌ نیازه‌كانی عه‌لاوی و هه‌ڵسوكه‌وتی گروپه‌ سیاسییه‌كانی تر به‌هه‌ند وه‌ربگرێت.

به‌ هه‌مان شێوه‌ ده‌كرێت بڵێین كوتله‌كانی تریش باشترین بڕیاریان داوه له‌ڕێی دووركه‌وتنه‌وه‌یان له‌و ناكۆكییه‌ و سه‌یری هه‌موو هه‌نگاوێكی مالیكی و عه‌لاوی ده‌كه‌ن و پلانیشیان داڕشتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كاتێك یه‌كێك له‌م دوانه‌ بردیه‌وه‌ پاڵپشتی لێ بكه‌ن.

به‌م شێوه‌یه‌ بیردۆزی ناش پێده‌چێت وه‌سفێكی گونجاوبێت بۆ ره‌وشی ئێستا. به‌ڵام نابێت ئه‌و ره‌وشه‌ هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت.

پێده‌چێت عه‌لاوی و مالیكی هیچ چاره‌یه‌كیان نه‌بێت جگه‌ له‌ سووربوونیان بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و پۆسته‌ و راگرتنی باڵانسه‌كه‌. به‌ڵام لایه‌نه‌كانی تر، به‌ كوردیشه‌وه‌، ده‌توانن تا راده‌یه‌كی زۆر سوودمه‌ند بن له‌ڕێی گۆڕینی ئه‌و هاوسه‌نگییه‌‌ و ده‌توانن به‌هێزێكی زۆره‌وه‌ كه‌ توانای یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانیان هه‌بێت بێنه‌ پێشه‌وه‌.

هه‌ڵبژاردنی بێ لایه‌نی و چاوه‌ڕێكردن تا یه‌كێك ده‌یباته‌وه‌ ته‌نها له‌ كاتێكدا مانایان هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كه‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م بخایه‌نێت. ره‌وشه‌كه‌ له‌ عێراق له‌وه‌ ده‌رچووه‌. له‌كاتێكدا گرژیی ‌نێوان هه‌ردوو كوتله‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ تا دێ به‌هێزتر ده‌بێت، ئه‌وانه‌ی كه‌ خۆیان به‌دوورده‌گرن مه‌ترسی ئه‌وه‌یان لێده‌كرێت په‌یوه‌ندییان به‌ ره‌وشه‌كه‌وه‌ بپچڕێت.

ئه‌گه‌ر لایه‌نی سێیه‌م بێته‌ پێشه‌وه‌ و بچێته‌ پاڵ عه‌لاوی یان مالیكی، ئه‌و كاته‌ ره‌نگه‌ بكه‌وێته‌ به‌ره‌ی براوه‌ و پێگه‌یه‌ك بۆ خۆی مسۆگه‌ر بكات كه‌ بتوانێ به‌ڵێن له‌ لایه‌نه‌كانی تر وه‌ربگرێت و رۆڵێكی سه‌ره‌كیش له‌ گۆڕه‌پانی سیاسیدا بگێڕێت. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر لایه‌نی سێیه‌م له‌و هه‌وڵه‌یدا شكستیخوارد و كه‌وته‌ به‌ره‌ی لایه‌نی دۆڕاو، ده‌توانێ له‌ په‌رله‌مانی عێراقدا سه‌نگی خۆی بگێڕێته‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر گواستنه‌وه‌ی سه‌نگه‌ر بۆ لایه‌نی براوه‌.

كورد و لایه‌نه‌كانی تر هه‌لێكی نایابیان له‌پێشه‌ تا بیقۆزنه‌وه‌ و ببن به‌ هێزی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ و كۆتایی به‌و قه‌یرانه‌ بهێنن. ئه‌مه‌ هه‌لێكه‌ پێویسته‌ له‌ده‌ستی نه‌ده‌ن.

له‌ كاتی ناكۆكیدا، ئه‌وانه‌ی كه‌ بڕیارده‌ده‌ن له‌ ناوه‌ڕاستدا بمێننه‌وه‌ یان خۆیان به‌دوور ده‌گرن هه‌میشه‌ رۆڵی بینه‌ریان ده‌بێت.

له‌ هه‌موو یارییه‌كیشدا، بینه‌ران به‌گشتی هیچیان بۆ نامێنێته‌وه‌.

هیوا عوسمان راوێژكاری باڵای IWPRه‌ له‌ بواری راگه‌یاندن له‌ عێراق.
ئه‌و بۆچوونانه‌ی له‌م وتاره‌دا گوزارشتیان لێ كراوه‌ مه‌رج نییه‌ هی IWPR بن.