Institute for War and Peace Reporting | Giving Voice, Driving Change

بانگه‌شه‌ی به‌ قاچاغبردنی نه‌وت ناكۆكیی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر فراوان ده‌كات

حكومه‌تی هه‌رێم بڕیار ده‌دات رێوشوێنی نوێ بگرێته‌به‌ر، به‌ڵام داوایه‌كی به‌غدا بۆ ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ بانگه‌شه‌ی به‌ قاچاغبردنی نه‌وت بۆ ئێران ره‌تده‌كاته‌وه‌.
By Khalid Waleed, Shorsh Khalid
A drilling station at the Taq Taq oil field in Iraqi Kurdistan. The region produces roughly 100,000 barrels of oil per day, a figure that could more than double within a year. (Photo: Tracey Shelton)
  • A drilling station at the Taq Taq oil field in Iraqi Kurdistan. The region produces roughly 100,000 barrels of oil per day, a figure that could more than double within a year. (Photo: Tracey Shelton)
    A drilling station at the Taq Taq oil field in Iraqi Kurdistan. The region produces roughly 100,000 barrels of oil per day, a figure that could more than double within a year. (Photo: Tracey Shelton)

خالید وه‌لید و شۆڕش خالید

راپۆرتی قه‌یرانه‌كانی عێراق: ژماره‌ ٣٤٦، ٢٣-٧-٢٠١٠

ده‌رچوونی چه‌ند بڕیارێك له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ بنبڕكردنی به‌ قاچاغبردنی نه‌وتی خاو كه‌ گوایه‌ له‌سه‌ر سنووری نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئێران بوونی هه‌یه‌ نه‌بۆته‌ هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر، حكومه‌تی فیدڕاڵیش سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بێ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم بۆ ئێران بكرێت.

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ دوا هه‌فته‌ی ته‌مموزدا ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر چه‌ند رێوشوێنێكی نوێ ده‌ربڕی بۆ رێگرتن له‌ به‌ قاچاغبردنی نه‌وت، له‌وانه‌ش چڕكردنه‌وه‌ی چاودێری له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كان و توندكردنی كۆنتڕۆڵ له‌سه‌ر دابه‌شكردنی ئه‌و سووته‌مه‌نییه‌ی له‌ به‌غداوه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌هێنرێت.

ئه‌و رێوشوێنانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم دوای چه‌ند راپۆرتێكی میدیاكانی رۆژئاوا هات كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن سه‌دان هه‌زار لیتر له‌ نه‌وتی خاو و سووته‌مه‌نیی پاڵێوراو به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی له‌ ڕێی هه‌رێمی كوردستانی عێراقه‌وه‌ ره‌وانه‌ی ئێران ده‌كرێن، ئه‌مه‌ش پێشێلكردنی یاساكانی عێراقه‌ و كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌ریی كۆمه‌ڵێك سزای نوێییه‌ كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌سه‌ر ئێراندا سه‌پاندوویه‌تی و له‌م چوارچێوه‌یه‌دا فرۆشتنی سووته‌مه‌نیی به‌ وڵاته‌ قه‌ده‌غه‌كردووه‌.

به‌پێی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز، كه‌ له‌ ٨ی حوزه‌یراندا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌،‌ ساڵانه‌ سه‌دان ملیۆن دۆلار داهاتی ئه‌و نه‌وته‌یه‌ كه‌ گوایه‌ به‌و شێوه‌یه‌ك به‌ قاچاغ ده‌بردرێت.

به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێم نكۆڵی له‌وه‌ ده‌كه‌ن‌ و ئه‌و قسه‌ و باسانه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ گوایه‌ ئه‌و كاره‌ نایاساییه‌ چه‌ندین ساڵه‌ وه‌ك نهێنییه‌كی ئاشكرا به‌ڕێوه‌ده‌چێت‌.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا‌ هه‌فته‌ی رابردوو، ئاشتی هه‌ورامی، وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم بانگه‌شه‌ی به‌ قاچاغبردنی نه‌وتی به‌ "بێ بنه‌ما" وه‌سفكرد.

هه‌ورامی وتی موشته‌قاتی نه‌وت به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی به‌ ئێران فرۆشراون و حكومه‌تی ناوه‌ندیش له‌و بازارگانییه‌‌ ئاگادار بووه‌. به‌پێی یاسای عێراقی، پێویسته‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا له‌ گشت هه‌نارده‌كانی نه‌وت ئاگادار بكرێنه‌وه‌.

به‌ڵام نكۆڵی حكومه‌تی هه‌رێم و رێوشوێنه‌ نوێیه‌كانی نه‌بوونه‌ته‌ هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی ره‌خنه‌ی به‌غدا، كه‌ به‌رپرسه‌ له‌ رێگه‌دان به‌ ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی به‌رهه‌می خاو و دابه‌شكردنی سووته‌مه‌نی له‌ سه‌رتاسه‌ری وڵاتدا.

ئه‌و ناكۆكییه‌ بۆته‌ مایه‌ی زیاتر ئاڵۆزبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێم و به‌رپرسانی حكومه‌تی فیدڕاڵی له‌ به‌غدا كه‌ زۆر جار له‌سه‌ر چۆنییه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان مشومڕ له‌نێوانیاندا دروست بووه‌.

عاسم جیهاد، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وتی حكومه‌تی عێراق، وتی به‌غدا ئاگادار نه‌بووه‌ له‌وه‌ی كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم موشته‌قاتی نه‌وتی فرۆشتووه‌ به‌ ئێران.

حوسێن شه‌هرستانی، وه‌زیری نه‌وتی حكومه‌تی فیدڕاڵ، داوای له‌ به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێم كردووه‌ بچنه‌ به‌غدا بۆ لێپرسینه‌وه‌ و به‌  IWPRیشی راگه‌یاند‌ داوای ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ ده‌كات كه‌ “بڕ و داهات و رێكه‌وتی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم پیشان ده‌ده‌ن، جا نه‌وتی خاو بێت یان موشته‌قاته‌كانی نه‌وت."

شه‌هرستانی وتی، “ئه‌و به‌رهه‌مه‌ هه‌ر چییه‌ك بێت، ده‌چێته‌ قاڵبی به‌ قاچاغبردنی نه‌وت."

عاسم جیهاد رێوشوێنه‌ نوێیه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی به‌ "ناته‌واو" وه‌سفكرد و هه‌ڕه‌شه‌شی كرد كه‌ به‌غدا "هێنده‌ی ئه‌و قازانجه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ هه‌نارده‌كردنی ئه‌و نه‌وته‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌ له‌ بوودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌بڕێت."

له‌سه‌دا ١٧ی بودجه‌ی عێراق بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ته‌رخان كراوه‌.

ئاشتی هه‌ورامی له‌ وه‌ڵامدا وتی حكومه‌تی هه‌رێم به‌نیاز نییه‌ چاوی به‌ به‌رپرسانی به‌غدا بكه‌وێت به‌ڵام وتی ده‌رگا واڵایه‌ بۆ "هه‌ر هاریكارییه‌ك له‌نێوان هه‌ردوو لادا."

هه‌ورامی وتی، "من هیچ شتێكم نییه‌ تا له‌ باره‌ی داواكه‌ی شه‌هرستانییه‌وه‌ بیڵێم جگه‌ له‌وه‌ نه‌بێت كه‌ ئێمه‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مانی خۆمان هه‌یه‌ و خۆشمان بۆ خۆمان بڕیار ده‌ده‌ین."

ئارامیی هه‌رێمی كوردستان سه‌رنجی ئه‌و وه‌به‌رهێنه‌ره‌ بیانیانه‌ی راكێشاوه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێ له‌ بواری نه‌وتدا له‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌به‌رهێنان بكه‌ن. به‌ڵام ناكۆكیی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كامه‌یان ده‌سه‌ڵاتی ئیمزاكردنی گرێبه‌سته‌كانی هه‌یه‌ و ده‌توانێ پاره‌ی كۆمپانیا بیانییه‌كان بدات بۆته‌ هۆی سنوورداركردنی به‌ره‌وپێشچوونی كه‌رتی نه‌وت له‌ هه‌رێمی كوردستان.

‌به‌پێی زانیارییه‌كانی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم، هه‌رێمی كوردستانی عێراق ٢٠ تا ٢٥ ملیار به‌رمیل نه‌وتی سه‌لمێنراوی ژێر زه‌وی هه‌یه‌. به‌ڵام هه‌ندێ كه‌سی تر گه‌شبینترن و رێژه‌ی نه‌وتی خاوی هه‌رێم به‌ ٤٠ ملیار به‌رمیل ده‌خه‌مڵێنن. ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ ده‌ڵێت له‌ئێستادا هه‌رێمی كوردستان رۆژانه‌ توانای به‌رهه‌مهێنانی نزیكه‌ی 100 هه‌زار  به‌رمیل نه‌وتی هه‌یه‌.

عه‌بدوڵڵا مه‌لا نوری، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر لیستی گۆڕان، وتی، "هه‌میشه‌ به‌هۆی نه‌وته‌وه‌ گرژی له‌نێوان حكومه‌تی ناوه‌ند و هه‌رێمی كوردستاندا هه‌بووه‌. ئێستا كه‌ زانیاری له‌سه‌ر قسه‌ و باسی به‌ قاچاغبردنی نه‌وت بڵاو بۆته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ به‌شێك له‌و ناكۆكییه‌. په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا زیاتر ئاڵۆز ده‌بن و گشت سیاسه‌تمه‌دارانیش ئه‌و كارته‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان به‌كارده‌هێنن. ته‌نانه‌ت له‌وانه‌یه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاش ئه‌م بابه‌ته‌ وه‌ك فشارێك بۆ سه‌ر كورد به‌كاربهێنێت".

عه‌بدوڵڵا مه‌لا نوری وتی، "پێم وایه‌ زۆربه‌ی زانیارییه‌كان له‌باره‌ی قسه‌ و باسی به‌ قاچاغبردنی نه‌وت راستن."

به‌شێك له‌ هۆكاری نیگه‌رانبوونی وه‌زاره‌تی نه‌وت له‌ به‌غدا به‌و راده‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ پێی وایه‌ هه‌ندێك له‌و به‌رهه‌مه‌ نه‌وتیانه‌ی كه‌ به‌ ئێران ده‌فرۆشرێن له‌و سووته‌مه‌نییه‌ وه‌رگیراون‌ كه‌ له‌ وڵاتانی تره‌وه‌ ده‌یهێنێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی قه‌یرانی په‌تڕۆڵ و جۆره‌كانی تری سووته‌مه‌نی. عێراقیش وه‌ك ئێران به‌رهه‌مهێنه‌رێكی سه‌ره‌كیی نه‌وتی خاوه‌ به‌ڵام توانای ئه‌وه‌ی نییه‌ كه‌ به‌شی پێداویستییه‌كانی ناوخۆ ئه‌و نه‌وته‌ بپاڵێوێت.

ده‌مێكه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان قسه‌ و باس له‌سه‌ر به‌‌ قاچاغبردنی نه‌وت هه‌یه‌ و ئاماژه‌ بۆ‌ وه‌ستانی تانكه‌ری ئێرانی و عێراقی له‌ نزیك ناوچه‌ سنوورییه‌كاندا ده‌كرێت. له‌ ١٢ی ته‌مموزدا، په‌یامنێرێكی راهێنراوی په‌یمانگای رۆژنامه‌وانیی جه‌نگ و ئاشتی له‌ شارۆچكه‌ی پێنجوێن له‌سه‌ر سنوور وتی به‌درێژایی نزیكه‌ی ده‌ كیلۆمه‌تر چه‌نده‌ها تانكه‌ر له‌ خاڵێكی سنووریدا وه‌ستاون.

هه‌رچه‌نده‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوایكردووه‌ به‌ هاوكاری له‌گه‌ڵ به‌غدا كاربكرێت بۆ نه‌هێشتنی كاری قاچاغ، به‌ڵام رێوشوێنه‌ نوێیه‌كان به‌ته‌واوی له‌ لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێن و هه‌ر خۆشی چاودێری ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ده‌كات.

سه‌ره‌ڕای به‌هێزكردنی چاودێری له‌سه‌ر سنوور، حكومه‌تی هه‌رێم وه‌زاره‌تی داراییشی راسپاردووه‌ كه‌ لیژنه‌یه‌كی چاودێری به‌رده‌وام پێك بهێنێت له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ دۆسیه‌ی پیشه‌سازیی نه‌وت له‌ ساڵی ٢٠١٠ به‌دواوه‌. ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كه‌ له‌ بواری نه‌وتدا له‌ هه‌رێمی كوردستان كارده‌كه‌ن و حكومه‌تی به‌غدا مۆڵه‌تی پێداون، پێویسته‌ مۆڵه‌ت له‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمیش وه‌ربگرن.

ئاشتی هه‌ورامی وتی توندكردنی چاودێری له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی دابه‌شكردنی سووته‌مه‌نی و له‌ خاڵه‌ سنوورییه‌كانیشدا "له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا ده‌ستپێ ده‌كات".

هه‌ورامی وتی، "ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ بزانین چ جۆره‌ بازرگانییه‌ك له‌سه‌ر سنووره‌كانماندا ده‌كرێت و ده‌مانه‌وێ بتوانین چاودێریشی بكه‌ین... تاكو هیچ كێشه‌یه‌ك روونه‌دات."

زیادبوونی گرژیی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر له‌كاتێكدایه‌ كه‌ قه‌یرانی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ خه‌ریكه‌ پێ ده‌نێته‌ مانگی پێنجه‌م له‌وه‌ته‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق ئه‌نجام دراوه‌.

به‌ره‌وپێشبردنی كه‌رتی نه‌وت بابه‌تێكی گرنگه‌ كه‌ رووبه‌ڕووی حكومه‌تی نوێی عێراق ده‌بێته‌وه‌. شاره‌زایان ده‌ڵێن به‌بێ یاسای هایدرۆكاربۆن - كه‌ ده‌مێكه‌ ده‌نگدان له‌سه‌ری دواخراوه‌و به‌پێی ره‌شنوسی ئه‌و یاسایه‌  به‌شێك له‌ قازانجی نه‌وتی عێراق ده‌درێته‌ كۆمپانیا بیانییه‌كان - پێویسته‌ ئیداره‌ی داهاتوو زوو یاسایه‌ك ده‌ربكات بۆ هه‌ڵسووڕاندن و دابه‌شكردنی ته‌واوی سامانی نه‌وتی عێراق.

ئاشتی هه‌ورامی وتی ئه‌و قسه‌ و باسانه‌ی له‌سه‌ر به‌ قاچاغبردنی نه‌وت ده‌كرێن كار ناكه‌نه‌‌ سه‌ر دانووستانه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌ت له‌ به‌غدا. له‌ئێستادا، هیچ كوتله‌یه‌كی سیاسی هێنده‌ كورسی له‌ په‌رله‌مانی عێراقدا نییه‌ كه‌ بتوانێت به‌ته‌نها حكومه‌ت پێك بهێنێت. كورد زیاتر له‌ ٤٠ كورسی هه‌یه‌ و ده‌توانێ رۆڵێكی گرنگ له‌ هه‌ر هاوپه‌یمانێتییه‌كدا بگێڕێت.

به‌ڵام عه‌بدوڵڵا جه‌عفه‌ر، راڤه‌كاره‌ و پێشتر مامۆستا بووه‌ له‌ به‌شی زانستی سیاسی له‌‌ زانكۆی به‌غدا و ئێستا خانه‌نشینه‌‌، بۆچوونێكی پێچه‌وانه‌ی هه‌بوو.

عه‌بدوڵڵا جه‌عفه‌ر وتی، “مه‌سه‌له‌ی ده‌نگ و باسی به‌ قاچاغبردنی نه‌وت بیانوو ده‌دات به‌ به‌غدا تا كۆت و به‌ندی زیاتر بخاته‌ سه‌ر نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان. له‌گه‌ڵ ئاشكرابوونی ئه‌و بابه‌ته‌‌، كورد له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی عێراق و له‌به‌رامبه‌ر جیهانیشدا لاواز هاته‌به‌رچاو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌وتیان به‌ ئێران فرۆشتووه‌. ئه‌مه‌ ده‌سه‌ڵاتێكی زیاتری داوه‌ته‌ به‌غدا تا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و مشتومڕه‌ كۆنه‌ بكات كه‌ له‌گه‌ڵ كورد له‌سه‌ر‌ مه‌سه‌له‌ی نه‌وت هه‌یه‌تی.

خالید وه‌لید و شۆڕش خالید دوو رۆژنامه‌نووسی راهێنراویIWPR له‌ به‌غدا و هه‌ولێر. به‌شێكی ئه‌م راپۆرته‌ له‌لایه‌ن په‌یامنێری راهێنراو خالید پێنجوێنی له‌ پێنجوێن و موحه‌ریری ناوخۆیی په‌یمانگا هۆگر حه‌سه‌ن له‌ هه‌ولێر و موحه‌ریری ناوخۆیی باڵا عه‌بیر محه‌مه‌د له‌ به‌غدا ئاماده‌ كراوه‌. ئه‌م راپۆرته‌ له‌ لایه‌ن موحه‌ریریIWPR له‌ عێراق چاڕڵز ماكدێرمد و به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی ته‌حریر له‌ عێراق، تیاری راس، له‌ سلێمانی ته‌حریر كراوه‌.