Institute for War and Peace Reporting | Giving Voice, Driving Change

ئاوی پیس ده‌بێته‌ هۆی بڵابونه‌وه‌ی كۆلێرا له‌ باكور

لێپرسراوانی ناوخۆیی ده‌ڵێن تۆڕه‌كانی دابه‌شكردنی ئاو پێویستیه‌كی زۆریان به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌رتاسه‌ری هه‌یه‌.
By Amanj Khalil
.



زریان عوسمان، وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ (IWPR)ی وت، "ئه‌گه‌ر حكومه‌ت كێشه‌ی ئاوی پیس چاره‌سه‌ر نه‌كات، بڵاو‌بونه‌وه‌ی كۆلێرا به‌رده‌وامده‌بێت و كاره‌ساتێكی گه‌وره‌شی لێده‌كه‌وێته‌وه‌."



زریان عوسمان وتی تا ئێستا ١٣ كه‌س به‌ كۆلێرا له‌ پارپزگاكانی سلێمانی و هه‌ولێر و كه‌ركوك مردوون. هه‌روه‌ها وتی ٤٣٠ كه‌س له‌ سلێمانی و ٢٧٠ كه‌س له‌ هه‌ولێر ته‌شخیسكراون كه‌ تووشی كۆلێرا بوون. سه‌لاح ئه‌حمه‌د ئه‌مین كه‌ لێپرسراوێكی باڵای ته‌ندروستیه‌ له‌ كه‌ركوك وتی ٤٥٠ كه‌س له‌و شاره‌دا تووشی كۆلێرا بوون.



له‌ هه‌مان كاتدا، رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی (WHO) ده‌ڵێت كه‌ لانیكه‌م ٦٩٠٠ حاڵه‌تی سكچوونی قورس تۆماركراوه‌.



كۆلێرا نه‌خۆشیه‌كی سكچوونی قورسه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن له‌ تووشبووه‌كه‌ ده‌كات و له‌ رێگه‌ی ئاو و خواردنی پیسه‌وه‌ توشی مرۆڤ ده‌بێت.



رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی (WHO) ده‌ڵێت یه‌كه‌م حاڵه‌ت كه‌ پشتڕاستكرایه‌وه‌ كۆلێرایه‌ له‌‌ كه‌ركوك بوو له‌ ١٤ی ئابدا و حكومه‌ت له‌وكاته‌وه‌ چه‌ند رێوشوێنێكی گرتۆته‌به‌ر بۆ باشتركردنی سه‌لامه‌تی ئاو و ئاوه‌رۆ؛ ده‌سه‌ڵاتدارانی پارێزگاش هه‌ستاوون به‌ به‌كارهێنانی كلۆر بۆ ئاوی ناوچه‌ توشبووه‌كان.



زریان عوسمان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه‌ خه‌ریكه‌ گوڕی بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌م نه‌خۆشیه‌ كوشنده‌یه‌ خاوده‌بێته‌وه. به‌ڵام ووتیشی كه‌ لێپرسراوانی ته‌ندروستی مه‌ترسی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌وانه‌یه‌ كۆلێرا له‌ ناوچه‌ی نوێدا سه‌رهه‌ڵبدات كه‌ ئاو تێیدا پاك نیه‌ و خزمه‌تگوزاریه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كان له‌ ئاستێكی خراپدان.



شێركۆ عه‌بدوڵا، سه‌رۆكی چاودێری ته‌ندروستی له‌ پارێزگای سلێمانی هاوڕا بوو له‌وه‌ دا كه‌ "پێویسته‌ سیستمی ئاو پاكبكرێته‌وه‌، ئینجا ده‌توانین كۆنترۆڵی نه‌خۆشیه‌كه‌ بكه‌ین. كێشه‌كه‌ له‌گه‌ڵ چاودێری ته‌ندروستیدا نیه‌، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ خزمه‌تگوزاریه‌كاندایه‌."



ئاژانسه‌كانی فریاگوزاری نێوده‌وڵه‌تی و لێپرسراوانی عێراقی چه‌ند ساڵه‌ ووریایی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ پێده‌چێت عێراق رووبه‌ڕووی بڵاوبونه‌وه‌ی نه‌خۆشی ببێته‌وه‌ به‌هۆی خراپی ئاوه‌رۆ و ژێرخانی بنه‌ره‌تی ئه‌و خزمه‌تگوزاریه‌وه‌.



به‌ پێی هه‌واڵی ئاژانسی هه‌واڵی (IRIN)ی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، لێپرسراوانی ته‌ندروستی له‌ شاری نه‌جه‌فی باشوری عێراق هه‌واڵی پێنج حاڵه‌تی توشبوون به‌ كۆلێرایان بڵاوكردۆته‌وه‌‌ - كه‌ هه‌موویان مناڵن- له‌ مانگی حوزه‌یراندا، و لێپرسراوانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێر اقی له‌سه‌ره‌تای ته‌مموزدا هۆشداریانداوه‌ كه‌ پێده‌چێت ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ی له‌ڕێگه‌ی ئاوه‌وه‌ بڵاوده‌بنه‌وه ته‌شه‌نه‌بكه‌ن به‌ هۆی ژێرخانی داته‌پیوی ئاو و ئاوه‌رۆوه‌.



رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی (WHO) له‌ مانگی نیساندا ووتی كه‌ له‌ ٨٠٪ی عێراقیه‌كان ئاوه‌رۆی ته‌واویان نیه‌ و ٧٠٪ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام ده‌ستیان به‌ ئاوی به‌لۆعه‌دا راناگات. راپۆرتی ئه‌و رێكخراوه‌ ووتی كه‌ كێشه‌ ته‌ندروستیه‌كانی ئه‌و ووڵاته‌ په‌یوه‌ندی به‌ توندوتیژیشه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ عێراقدا. به‌ڵام سلێمانی- كه‌ تاڕاده‌یه‌ك دوور بووه‌ له‌ شه‌ڕه‌وه -‌ به‌ قورسترین شێوه‌ كۆلێرای تێدا بڵاوبۆوه‌.



زریان عوسمان وتی نۆ كه‌س‌ له‌ سلێمانی به‌ كۆلێرا مردوون، یه‌كێك له‌ كه‌ركوك و دووان له‌ هه‌ولێر.



خه‌ڵكی كوردستانی عێراق ئه‌ڵێن حكومه‌ت ناتوانێت ته‌نانه‌ت خزمه‌تگوزاریه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانیش دابین بكات، سه‌ره‌ڕای ئارامی و ئاسایش و زۆربونی داهاته‌كان. زۆركه‌س ده‌ڵێن بڵاوبونه‌وه‌ی كۆلێرا نمونه‌یه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چۆن ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم -- كه‌ تاراده‌یه‌كی زۆر سه‌ربه‌خۆن له‌ به‌غدا – تووشی بێئومێدیان كردوون.



شادان محه‌ممه‌د، ٢٥، خوێندكاری زانكۆی‌ سلێمانی كه‌ به‌مدواییانه‌ دایكی به‌ كۆلێرا مردووه‌، وتی، "حكومه‌ت به‌ پله‌ی یه‌كه‌م به‌رپرسیاره‌ به‌رامبه‌ر مردنی دایكم، ئه‌گه‌ر ئاوی پاكی خواردنه‌وه‌مان هه‌بوایه‌، دایكم ئێستا له‌ ژیاندا ئه‌بوو."



شادان و خێزانه‌كه‌ی له‌ گه‌ڕه‌كێكی هه‌ژاری سلێمانیدا ده‌ژین و ئاو له‌ بیرێك ده‌خۆنه‌وه‌ كه‌ خۆیان ساڵی پار هه‌ڵیانكه‌ندووه له‌به‌رئه‌وه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كه‌یان ئاوی به‌لۆعه‌ی نیه‌. ‌شادان وتی چوار كه‌سی تر له‌ خێزانه‌كه‌ی تووشی كۆلێرا بوون و ئێستا ئاو ده‌كوڵێنن بۆ ئه‌وه‌ی تووشی نه‌خۆشی تر نه‌بن.



دانیشتوانی سلێمانی له‌ ساڵی ٢٠٠٣ ه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو زۆر بوون، و لێپرسراوان وای مه‌زه‌نه‌ ده‌كه‌ن كه‌زیاتر له‌ ٣٠ گه‌ڕه‌ك كه‌ له‌ ده‌وروبه‌ری شاری سلێمانی دروستبوون كه‌ سیستمی ئاو و ئاوه‌رۆ و زێرابیان نیه‌.



به‌ گوێره‌ی مه‌زه‌نه‌ی لێپرسراوانی ئاوی سلێمانی، له‌ كۆی ٣٥ هه‌زار بیر له‌ پارێزگاكه‌دا، ته‌نها ١٥ هه‌زاریان مۆڵه‌تی هه‌یه‌ و هیچ كامیش له‌و بیرانه‌ پشكنینی ته‌ندروستیان بۆ نه‌كراوه‌ تا بزانرێت ئاوه‌كه‌یان سازگاره‌ و به‌كه‌ڵكی خواردنه‌وه‌ دێت یان نا.



فه‌رهاد محه‌ممه‌د، سه‌رۆكی به‌شی خزمه‌تگوزاریه‌كانی ئاو له‌ سلێمانی وتی كه‌ ئه‌و ئاوی خواردنه‌وه‌یه‌ی له‌ ناوخۆدا دابینده‌كرێت، واته‌ ئاوی به‌لۆعه‌، پاكه‌.



هه‌روه‌ها وتی، "سلێمانی هه‌رگیز ئاوی وا پاكی به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌بینیوه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌تی."



به‌ڵام فلیمێی ڤیدیۆ كه‌ له‌ سایتی گووگڵدا بڵاوكرابۆوه‌و تیایدا پیاوێك نیشانده‌دات بڕێكی زۆر له‌ قوڕ و پیسی به‌ خاكه‌ناز له‌ خه‌زانێكی گه‌وره‌ی ئاو ده‌رده‌هێنێت له‌ سلێمانی، بۆته‌ فیلمێك كه‌ خه‌ڵكێكی زۆر سه‌یریده‌كه‌ن له‌ باكور. هه‌ندێك ده‌ڵێن ئه‌و فیلمه‌ ڤیدیۆییه‌ به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌سه‌ڵاتداران به‌شێوه‌یه‌كی ڕێكوپێك چاودێری خزمه‌تگوزاری ئاو ناكه‌ن و به‌باشی به‌ڕێوه‌ی نابه‌ن.



زریان عوسمان وتی، "سه‌رچاوه‌كانی ئاوی خواردنه‌وه‌ له‌ شاردا {سلێمانی} ئه‌وه‌نده‌ پیسن هه‌رچی نه‌خۆشی هه‌یه‌ بڵاویده‌كه‌نه‌وه‌. ئاوی خواردنه‌وه تێكه‌ڵی زێراب بووه‌."



شێركۆ عه‌بدوڵا وتی، "تۆڕی ئێستای ئاوی سلێمانی ته‌نها ئه‌توانێت ئاو بۆ ٣٠٪ی دانیشتوانی ئه‌و شاره‌ دابینبكات. ئه‌و تۆڕه ‌كۆنه‌ و خه‌زانه‌كانی ئاو به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام پاكناكرێنه‌وه‌ و كلۆریشیان به‌پێی پێو‌یست تێناكرێت."



دكتۆر شێركۆ وتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ حوكمی سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆك ده‌كات، به‌رپرسه‌ له‌ هه‌ماركردنی بڵاوبونه‌وه‌ی كۆلێرا له‌ سلێمانی و هه‌ولێر، و حكومه‌تی مه‌ركه‌زیش ده‌رمانی ره‌وانه‌ی سلێمانی كردووه‌ بۆ یامه‌تیدان له‌ چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشه‌ توشبووه‌كاندا.



حكومه‌ته‌كه‌ی نوری مالیكی ١٠٠ ملیۆن دیناری عێراقی {٨١ هه‌زار دۆلاری ئه‌مریكی} ته‌رخانكردووه‌ بۆ یارمه‌تیدانی كه‌ركوك. جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك كۆمار ٥٠ هه‌زار دۆلاری بۆ سلێمانی ته‌رخانكردووه‌ و ١٠٠ هه‌زاریش بۆ كه‌ركوك و ئاژانسه‌كانی وه‌كو رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی (WHO) ده‌رمان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ دابینده‌كه‌ن.



بڵاوبونه‌وه‌ی نه‌خۆشیه‌كه‌ چه‌ند كۆمپانیایه‌كی بیانی ترساند و بوه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ئاماده‌ی ئه‌و پێشانگا نێوده‌وڵه‌تیه‌ نه‌بن كه‌ له‌م دواییه‌دا له‌ سلێمانی سازكرا. ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌وتونه‌ته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ته‌نها ناوچه‌ی دره‌وشاوه‌ن له‌ ئابوری په‌ككه‌وتووی عێراقدا و لێپرسراوه‌ كورده‌كان هیممه‌تی زۆریان كردووه‌ بۆ راكێشانی سه‌رمایه‌گوزاری بیانی.



سه‌لاح ئه‌حمه‌ وتی، "بڵاوبونه‌ی كۆلێرا له‌ ڕووی ئابوریه‌وه‌ زیانمان پێده‌گه‌یه‌نێت، چه‌ند كۆمپانیایه‌ك به‌ هۆی ترسیانه‌وه‌ له‌نه‌خۆشیه‌كه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌."



دكتۆره‌كان ئه‌ڵێن نه‌خۆش به‌ لێشاو روومان تێده‌كات و ئه‌مه‌ش ته‌واو سه‌رقاڵی كردووین. نه‌خۆشخانه‌ی گشتی سلێمانی جمه‌ی ده‌هات له‌ سه‌دان كه‌س كه‌ روویانكردبووه‌ ئه‌و خه‌سته‌خانه‌یه‌، و ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی كانیولایان بۆ هه‌ڵواسرابوو ئه‌بوایه‌ له‌سه‌ر زه‌ویه‌كه‌ رابكشانایه‌ چونكه‌ خه‌سته‌خانه‌كه ئه‌وه‌نده جێگه‌ی خه‌وتنی نه‌بوو به‌شی هه‌موو نه‌خۆشه‌كان بكات.



هێمن سه‌ركه‌وت، پزیشك له‌ نه‌خۆشخانه‌ی فێركاری سلێمانی، وتی شه‌و و رۆژی خستۆته‌ سه‌ر یه‌ك له‌و كاته‌وه‌ی نه‌خۆشیه‌كه‌ له‌ كۆتایی مانگی پێشووه‌وه‌ بڵاوبۆته‌وه‌.



هه‌روه‌ها وتی، "زۆر ماندوو ده‌بین، به‌ڵام هه‌ر ده‌بێت ئاگامان له‌ وه‌زعه‌كه‌ بێت. بارودۆخه‌كه‌ خه‌ته‌ره‌."



ئامانج خه‌لیل په‌یامنێرێكی (IWPR)ه‌ له‌ سلێمانی.