Institute for War and Peace Reporting | Giving Voice, Driving Change

ئاواره‌ عه‌ره‌به‌كانی ناوخۆی عێراق له‌ هه‌ولێر به‌دوای ژیانێكدی نوێدا ده‌گه‌ڕێن

سه‌ره‌ڕای به‌ربه‌ستی زمانه‌وانی و كلتووری، زۆرێك له‌ ئاواره‌ عه‌ره‌به‌كانی عێراق هه‌رێمی كوردستانی عێراق به‌ ماڵی نوێی خۆیان ده‌زانن.
By Mohammed Furat
.



كاتێك عه‌واد كه‌ باوكی سێ منداڵه‌ سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هاته‌ هه‌ولێر بۆ ئه‌وه‌بوو تا په‌ناگه‌یه‌ك بدۆزێته‌وه‌ و له‌ توندوتیژیی تائیفیی‌ به‌غدا رزگاری بێت. ئێستا هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان نه‌ك بۆته‌ په‌ناگه‌یه‌كی ئارام بۆ خێزانه‌كه‌ی، به‌ڵكو بووه‌ به‌ ماڵیش بۆیان.



"لێره‌ سه‌لامه‌تین،" عه‌واد وتی. "ده‌زانم كه‌ خێزانه‌كه‌م سه‌لامه‌تن."



به‌پێی زانیارییه‌كانی ناوه‌ندی چاودێریی ئاواره‌كانی ناوخۆ، زیاتر له‌ ١.٦ ملیۆن عێراقی به‌هۆی توندوتیژییه‌وه‌ له‌ نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ و ٢٠٠٨ه‌وه‌ ماڵ و حاڵی خۆیان به‌جێهێشتووه‌. عه‌واد و خێزانه‌كه‌ی له‌و ئاوارانه‌ن‌. رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی بۆ كۆچبه‌ران رایگه‌یاندووه‌ نزیكه‌ی ٧،٠٠٠ ئاواره‌ی ناوخۆی عێراق له‌ پارێزگای هه‌ولێر ده‌ژین.



زۆرێك له‌ ئاواره‌ ناوخۆ‌كانی چینی ناوه‌ند به‌غدا و پارێزگاكانی تریان به‌جێهشێت دوای ئه‌وه‌ی میلیشیاكان ده‌ستیانكرد به‌ رفاندن و كوشتنی كه‌سانی پڕۆفێشناڵ. ئه‌و ئاوارانه‌ به‌ده‌ست جیاوازیی كلتووری و زمانه‌وانی و بێكاری و گرانی باری گوزه‌رانیان، له‌وانه‌ش زۆریی كرێی خانوو، ده‌ناڵێنن.



به‌ڵام زۆرێكیشیان دووڵدن له‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان دوای ئه‌وه‌ی ژیانێكی نوێ و جێگیریان له‌ كوردستانی عێراق بنیات ناوه‌.



عه‌واد له‌ ساڵی ٢٠٠٧ كاتێك توندوتیژی له‌نێوان سوننه‌ و شیعه‌ له‌وپه‌ڕی توندی دابوو به‌غدای به‌جێهێشت. عه‌واد ناچاربوو واز له‌ پیشه‌ی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبیل بهێنێت و خانووه‌كه‌شی‌ له‌ شه‌قامی حه‌یفای‌ به‌غدا كه‌ ئه‌و كاته‌ جه‌رگه‌ی یاخیبووان بوو به‌جێهێشت.



"هاتووچۆ به‌ شه‌قامی حه‌یفادا زۆر زه‌حمه‌ت بوو،" عه‌واد وتی و گێڕایه‌وه‌ كه‌ چۆن پیاوان به‌ پۆشینی عه‌بای ژنان خۆیان ده‌شارده‌وه‌ تا له‌ لایه‌ن میلیشیاكانه‌وه‌ هێرشیان نه‌كرێته‌ سه‌ر.



سه‌ره‌تای ژیانی عه‌واد له‌ هه‌ولێر باش نه‌بوو. به‌گوته‌ی ناوبراو، خه‌می "بێكاری و بێ جێیی و بێ كه‌سی" یه‌كێك بوو له‌ هۆكاره‌كانی جه‌ڵته‌ی دڵ كه‌ عه‌واد چوار ڕۆژ دوای گه‌یشتی تووشی بوو. هه‌فته‌ی دووه‌می خۆی له‌ به‌شی چاودێری ورد له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی حكومی له‌ شاره‌كه‌دا به‌سه‌ر برد.



به‌ڵام دوو ساڵ دواتر، ره‌وشی ژیانی به‌شێوه‌یه‌كی خێرا باشتر بوو.



عه‌واد ئێستا ژمێریاری یاریده‌ده‌ره‌ له‌ رێكخراوی كۆمه‌كی گشتی كه‌ رێكخراوێكی ناحكومییه‌ و یارمه‌تی ئاواره‌كانی ناوخۆ ده‌دات له‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراق بگیرسێنه‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ مووچه‌كه‌ی كه‌ ٤٠٠ دۆلاره‌ و به‌پێی پێوه‌ره‌كانی هه‌رێمه‌كه‌ كه‌مه‌، به‌ڵام عه‌واد توانیویه‌تی شوقه‌یه‌كی بچووك له‌ گه‌ڕه‌كێكی چینی ناوه‌ند بگرێت و سێ منداڵه‌كه‌ی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ قوتابخانه‌ و خۆشی زمانی كوردی ده‌خوێنێت.



عه‌واد ده‌ڵێت هیچ پلانێكی نییه‌ تا به‌م نزیكانه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ به‌غدا هه‌رچه‌نده‌ ره‌وشی ئه‌منی تا راده‌یه‌كی زۆر له‌ دوو ساڵی رابردوودا باشتر بووه‌.



"براكانم و خوشكه‌كه‌م له‌ به‌غدا پێم ده‌ڵێن ئه‌وان له‌ به‌ندیخانه‌یه‌كی گه‌وره‌دا ده‌ژین. هێشتا توندوتیژی و تاوانكاری ماوه‌. منداڵه‌كانم له‌وانه‌یه‌ له‌ هه‌ر خووڵه‌كێكدا بڕفێنرێن،" عه‌واد وتی. "ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر خه‌ونیش به‌ گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ به‌غدا ببینم، سه‌یری خێزانه‌كه‌م ده‌كه‌م و دووباره‌ بیرده‌كه‌مه‌وه‌. ئه‌وان لێره‌ خۆشحاڵن."



هاتنی ئاواره‌كانی ناوخۆ بۆ‌ هه‌ولێر سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌ستیپێكرد. هه‌ندێ دانیشتووی پێشووی به‌غدا خانووبه‌ره‌ی خۆیان له‌ به‌غدا فرۆشتووه‌ و ده‌ڵێن به‌یه‌كجاری ئه‌و شاره‌یان به‌جێهێشتووه‌.



هۆگر چه‌تۆ، به‌ڕێوه‌به‌ری رێكخراوی كۆمه‌كی گشتی، وتی نزیكه‌ی ٢٥ له‌سه‌دای ئه‌و خێزانانه‌ی له‌ به‌غدا ئاواره‌ بووینه‌ به‌رنامه‌ داده‌نێن تا بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ له‌ هه‌ولێر بمێننه‌وه‌ و ئه‌وه‌شی وت كه‌ هه‌ندێ له‌ ئاواره عه‌ره‌به‌كانی ناوخۆ هه‌وڵیان داوه‌ ناوی كوردی له‌خۆیان بنێن و خۆیان بكه‌ن به‌‌ كورد.



"پێیان وایه‌ گرتنه‌به‌ری ئه‌م هه‌نگاوانه‌ یارمه‌تیان ده‌دات له‌ زاڵبوون به‌سه‌ر كۆسپی بیرۆكراتی،" چه‌تۆ وتی.



له‌ڕووی گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنه‌وه‌، گیرسانه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراق وه‌ك گواستنه‌وه‌ بۆ وڵاتێكی بیانی وایه‌. سێ پارێزگاكه‌ی هه‌رێمی كوردستانی عێراق ئارامترین شوێنی ئه‌و وڵاته‌ن و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش تونده‌ له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی رێگه‌ به‌ كێ ده‌دات بێته‌ ناو هه‌رێمه‌كه‌وه‌.



هه‌ر عێراقییه‌ك كه‌ بگوازێته‌وه‌ بۆ هه‌ولێر، سلێمانی، یان دهۆك ده‌بێت رێوشوێنی ئه‌منی ته‌واو بكات و له‌ڕێی كه‌فیلێكی هه‌رێمه‌كه‌وه‌ كه‌ زۆرجار كارمه‌ندێكه‌ یان دانیشتووی هه‌رێمه‌كه‌یه‌ مۆڵه‌تی نیشه‌جێبوون وه‌ربگرێت.



زۆربه‌ی كه‌فیله‌كان كارمه‌ندی حكومه‌تن كه‌ به‌ئاسانای له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌دۆزرێنه‌وه‌‌.



كورده‌كانی پارێزگاكانی تریش ده‌بێت ناوی خۆیان لای هێزه‌كانی ئاسایشی هه‌ولێر تۆمار بكه‌ن به‌ڵام پێویستیان به‌ كه‌فیل نییه‌.



ئاواره‌ عه‌ره‌به‌كانی چینی ناوه‌ڕاست كه‌ پیشه‌ی جێگیریان دۆزیوه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێن هه‌ست به‌ ئاسووده‌یی ده‌كه‌ن.



"ده‌زانم ره‌وشی ئێره‌ زۆر له‌ هی به‌غدا باشتره‌،" بشار عه‌بدولـله‌تیف، ئه‌ندازیارێكی به‌غدایه‌ و خێزانه‌كه‌ی چه‌ند مانگێگ له‌مه‌وبه‌ر یه‌كه‌م منداڵی له‌ هه‌ولێر بوو، وتی.



"گه‌ڕه‌كه‌كانی به‌غدا ئێستا تائفین. به‌هۆی خاڵه‌كانی پشكنینه‌وه‌ مه‌حاڵه‌ بتوانی به‌شاره‌كه‌دا هاتووچۆ بكه‌یت و ئیشیش كه‌مه‌."



عه‌بودولـله‌تیف ده‌ڵێت هه‌رگیز له‌ هه‌ولێر ده‌رباره‌ی ئاین و ره‌گه‌ز پرسیاری لێ نه‌كراوه‌. ئه‌و ده‌ڵێت كورده‌كان "به‌زۆری خه‌ڵكی باش و ئاشتیخوازن".



له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، زۆرێك له‌ ئاواره‌كان رووبه‌ڕووی به‌ره‌نگاریی كۆمه‌ڵایه‌تی بوونه‌ته‌وه‌ كه‌ هۆكاره‌كه‌شی زمانه‌ - كه‌مێكیان كوردی ده‌زانن – و هۆكارێكی تریش جیاوازیی كلتووره‌.



"به‌گشتی، تێكه‌ڵاویی كۆمه‌ڵاتیمان لێره‌ نییه‌،" عه‌واد وتی. "په‌یداكردنی هاوڕێی نوێ، به‌تایبه‌تی هاوڕێی راسته‌قینه‌، كارێكی ئاسان نییه‌. ته‌مه‌نێكی ده‌وێ."



له‌كاتێكدا هه‌ندێ له‌ خه‌ڵكی كوردستان ده‌ڵێن هاتنی ئاواره‌ عه‌ره‌به‌كانی عێراق سوودی بۆ هه‌رێمه‌كه‌ هه‌بووه‌، هه‌ندێكی تر ده‌ڵێن ده‌بێ ئه‌و ئاوارانه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌. باشتربوونی ڕه‌وشی ئه‌منی وایكردووه‌ هه‌ندێ له‌و ئاوارانه‌ بتوانن هاتووچۆی پارێزگاكانی خۆیان بكه‌ن، به‌ڵام زۆربه‌یان ده‌ڵێن گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ زێدی خۆیان زۆر مه‌ترسیداره‌.



"ره‌وشی به‌شه‌كانی تری عێراق ئێستا باشتره‌،" لاولاو ره‌فعه‌ت، ئارایشتگای جوانكاری له‌ هه‌ولێر هه‌یه‌، وتی. "ئاواره‌ عه‌ره‌به‌كان پێویسته‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌. ئه‌و كوردانه‌ی له‌ ئه‌وڕوپا ده‌ژین وا به‌زۆر ده‌نێردرێنه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ره‌وشی هه‌رێمی كوردستان‌ باشه‌. ئه‌و كوردانه‌ی كه‌ له‌ ئه‌وڕوپا ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ پێویسته‌ ئیشی ئه‌و ئاوارانه‌ بكه‌ن."



كه‌سانی تر زیاتر هاوسۆزن.



"به‌زه‌ییم به‌و عه‌ره‌بانه‌دا دێته‌وه‌‌ كه‌ هاتوونه‌ته‌ كوردستان،" ئاریان بارزان، قوتابی زانكۆی سلێمانییه‌، وتی. "به‌راستی، ئێمه‌ی كورد به‌شێكین له‌ عێراق و ئه‌وانیش مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ هه‌ر كاتێك بیانه‌وێ بێنه‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌روه‌ك ئێمه‌ ده‌توانین بچینه‌ به‌شه‌كانی تری عێراق."



محمه‌د فوڕات بژاركه‌رێكی ناخۆیی IWPRه‌ له‌ هه‌ولێر. بژاركه‌ری ناوخۆیی IWPR هێمن لهۆنی و رۆژنامه‌نووسی راهێنراوی IWPR نه‌جیبه‌ محه‌مه‌د له‌ سلێمانی و هه‌ولێره‌وه‌ به‌شداریان له‌ نووسینی ئه‌م راپۆرته‌ كردووه‌.