ره‌خنه له كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌گیرێت
.
لیستی گۆڕان، كه به‌هێزترین گروپی ئۆپۆزسیۆنه له هه‌رێمه‌كه‌دا، رایگه‌یاندووه له دادگادا سكاڵا له‌دژی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان تۆمار ده‌كات و داواش له په‌رله‌مانی عێراق ده‌كات سیسته‌می دانانی كۆمیسه‌ران بگۆڕێت.
لیستی گۆڕان ده‌ڵێت كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان كه له ٢٠٠٧دا دامه‌زراوه و نوێنه‌رانی حزبه‌كان به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن ئاسانكاری كردووه تا ده‌سه‌ڵاتداران ساخته بكه‌ن و نه‌یتوانیوه لێكۆڵینه‌وه‌ی وورد له پێشێلكارییه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ٢٥ی ته‌موزدا بكات.
به‌رپرسانی كۆمسیۆن ئه‌م تۆمه‌تانه ره‌تده‌كه‌نه‌وه. سه‌رۆكی كۆمسیۆن فه‌ره‌ج حه‌یده‌ری له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا مانگێگ له‌مه‌وبه‌ر وتی، "كۆمسیۆن بێلایه‌نی و سه‌ربه‌خۆیی خۆی پاراستووه".
ئه‌گه‌ر لیستی گۆڕان، كه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام و به ده‌نگێكی به‌رز گله‌یی له كۆمسیۆن كردووه، هه‌ڕه‌شه‌كانی خۆی بباته‌سه‌ر، ده‌كرێت رۆڵی خۆی بگێڕێت له یه‌كه‌م گۆڕانكاری له ده‌سته‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق.
له لایه‌كی تر، گوشاره‌كانی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر كۆمسیۆن له‌زیادبووندان. باسم شه‌ریف، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق، به IWPRی راگه‌یاند حه‌وتا ئه‌ندامی په‌رله‌مان یاداشتێكیان مۆركردووه بۆ ئه‌وه‌ی لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی كۆمسیۆن بكرێت سه‌باره‌ت به ده‌نگۆی پێشێلكارییه‌كان له‌لایه‌ن كۆمسیۆنه‌وه، له‌وانه‌ش تۆمه‌ته‌كانی ئه‌نجامدانی ساخته‌كاری له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق له ٢٠٠٩دا.
ژماره‌ی كورسییه‌كانی هاوپه‌یمانیی هه‌ردوو حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی كوردستان له دوایین هه‌ڵبژارنی په‌رله‌مانی له هه‌رێمه‌كه‌دا كه‌می كرد و له تێكڕای ١٠٠ كورسی هه‌ڵبژێردراو ٥٩ كورسی به‌ده‌ستهێنا، له كاتێكدا له په‌رله‌مانی پێشوودا هاوپه‌یمانییه‌كه ٧٨ كورسی هه‌بوو.
لیستی گۆڕان كه لیستێكی نوێیه ٢٥ كورسی به‌ده‌ستهێنا، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مجاره گروپێكی ئۆپۆزسیۆن ئه‌و ژماره‌یه له هه‌رێمی كوردستانی عێراق بباته‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌م لیسته و لیستی خزمه‌تگوزاری و چاكسازی كه ئۆپۆزسیۆنێكی چه‌پڕه‌و و ئیسلامییه و ١٣ كورسی به‌ده‌سهێناوه ده‌ڵێن فڕوفێڵێكی زۆر له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا كراوه.
لێكۆڵینه‌وه‌كانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان له پێشێلكارییه‌كانی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن نزیكه‌ی دوو هه‌فته ئه‌نجامه كۆتاییه‌كانی دواخست، به‌ڵام كاریگه‌رییه‌كی ئه‌تۆیان له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كه نه‌بوو. هه‌ریه‌كه له لیستی گۆڕان و لیستی خزمه‌تگوزاری و چاكسازی ده‌ڵێن ئه‌نجامه‌كانیان قبوڵكردووه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، لیستی گۆڕان رایگه‌یاندووه سكاڵا له‌سه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌كان و سه‌ربه‌خۆیی كۆمسیۆن له دادگایه‌كی كوردیدا تۆمار ده‌كات و له‌م رووه‌وه په‌نا بۆ په‌رله‌مانی عێراقیش ده‌بات.
محه‌مه‌د تۆفیق، به‌رپرسێكی باڵایه له لیستی گۆڕان، به IWPRی راگه‌یاند لیسته‌كه‌ی له‌م هه‌فته‌یه‌دا داوا له‌سه‌ر كۆمسیۆن تۆمارده‌كات تا سكاڵاكانی خۆی له‌دژی ئه‌و ده‌زگایه ئاشكرا بكات. تۆفیق وتی لیستی گۆڕان پێی وایه ده‌بوایه ٣٠ تا ٣٥ كورسی به‌ده‌ست بهێنایه.
"ئێمه خۆشحاڵ نین به ئه‌نجامه‌كان،" تۆفیق وتی. "چه‌ندین سكاڵامان تۆماركردووه و هیچ وه‌ڵامێكمان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه."
تۆفیق وتی لیستی گۆڕان ئه‌نجامه‌كانی په‌سه‌ندكرد چونكه نه‌یویست "كێشه و گرژی دروست بكات".
به‌رله‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له كانوونی دووه‌م ئه‌نجام بدرێت، لیستی گۆڕان داوا له په‌رله‌مانی عێراق ده‌كات چاوبخشێنێته‌وه به شێوازی هه‌ڵبژاردنی كۆمسیۆن.
"بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو... ده‌بێ شتێك سه‌باره‌ت به كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكرێت،" تۆفیق وتی.
لیستی گۆڕان و پارته ئۆپۆزسیۆنه‌كانی تری كوردستان ده‌ڵێن كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان سه‌ربه‌خۆ نییه و ئاماژه بۆ په‌یوه‌ندیی حزبیی نۆ ئه‌ندامه‌كه‌ی كۆمسیۆن ده‌كه‌ن كه چاودێری هه‌ڵبژاردنه‌كانیان له‌ئه‌ستۆدایه.
سه‌رۆكی كۆمسیۆن فه‌ره‌ج حه‌یده‌ری ئه‌ندامی پارتی دیموكراتی كوردستانه كه حزبێكه له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان ده‌یان ساڵه هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن.
به‌هه‌مان شێوه، چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی شیعه و عه‌لمانی بۆ ماوه‌یه‌كی كورت هێرشیان كرده سه‌ر راستگۆیی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان دوابه‌دوای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق له مانگی كانوونی دووه‌می رابردوو. له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا، ده‌نگدان له سێ پارێزگاكه‌ی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام نه‌درا و هاوپه‌یمانیی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نوری مالیكی ئه‌نجامی باشی به‌ده‌ستهێنا.
به‌رپرسانی كۆمسیۆن ئه‌و تۆمه‌تانه ره‌تده‌كه‌نه‌وه كه باس له‌وه ده‌كه‌ن كۆمسیۆن بێلایه‌ن نییه.
حاكم سه‌ردار، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان له هه‌ولێر، وتی، "ئه‌گه‌ر هه‌ر جۆرێك له لایه‌نگری بوونی هه‌بووایه، له ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌رده‌كه‌وت".
"به‌ڕاستی به‌لای ئێمه‌وه گرنگ نه‌بووه كامه هاوپه‌یمانی هه‌ڵبژاردنه‌كه ده‌باته‌وه. خودی پڕۆسه‌كه به‌لای ئێمه‌وه گرنگ بوو،" حاكم سه‌ردار وتی.
حاكم سه‌ردار زیاتر وتی، "ناتوانین هه‌موو لایه‌ك رازی بكه‌ین". "زۆر جار كاتێك قه‌واره‌یه‌كی سیاسی ناگات به ئامانجه‌كانی خۆی پێی وایه به‌رزكردنه‌وه‌ی ئه‌م سكاڵایانه ئاسانتره له هه‌ڵسه‌نگاندنی ستراتیجییه‌كانی."
هۆگر چه‌تۆ، گوته‌بێژی تۆڕی شهمس كه رێكخراوێكی سه‌ربه‌خۆیه و چاودێری هه‌ڵبژادنه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی كردووه، وتی هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك له‌ئارادانییه سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان لایه‌نگر بووه یان سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه له‌گرتنه‌به‌ری رێ و شوێن به‌رامبه‌ر به پێشێلكارییه‌كان.
"مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ تۆمه‌ته‌كانی ساخته‌كاری به‌شێوه‌یه‌كی ناپڕۆفێشناڵ له‌به‌رژه‌وه‌ندی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا نییه،" چه‌تۆ وتی. "راستگۆیی بۆ كۆمسیۆن گرنگه. كۆمسیۆن پێویستی به متمانه‌ی ده‌نگده‌ر و هاوڵاتیان و كوتله سیاسییه‌كان هه‌یه."
لیستی گۆڕان خه‌ریكه ده‌یان سكاڵا له‌دژی كۆمسیۆن تۆمار ده‌كات. بۆ نموونه، لیسته‌كه كۆمسیۆن به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كات كه ١٨٠،٠٠٠ فۆڕمی تۆماری تایبه‌ت ناسراو به فۆڕمی ١١١ی دابه‌شكردووه ئه‌مه‌ش به‌گوته‌ی لیسته‌كه وایكردووه هه‌ندێ له ده‌نگده‌ران دووجار ده‌نگ بده‌ن. به‌پێی راگه‌یاندنی هه‌مان لیست، فۆڕمی سكاڵا له‌چه‌ند بنكه‌یه‌كی ده‌نگدان دابه‌ش نه‌كراوه و بڕیاری كۆمسیۆنیش به‌درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی ده‌نگدان بۆ یه‌ك كاتژمێری تر رێگای به حزبه‌كان داوه فۆڕمه به‌تاڵه‌كانی ده‌نگدان پڕبكه‌نه‌وه.
هه‌روه‌ها لیستی گۆڕان دووپاتیده‌كاته‌وه كۆمسیۆن سزای سه‌ركرده باڵاكانی كوردی نه‌داوه كاتێك یاساكانی هه‌ڵبژاردنیان پێشێل كردووه و ئاماژه بۆ راپۆرته‌كانی ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان ده‌كات و به‌گوته‌ی لیستی گوڕان تیایاندا هاتبوو سه‌رۆك كۆماری عێراق جه‌لال تاڵه‌بانی كه سكرتێری حزبه‌كه‌شه له‌ماوه‌ی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژارندا چه‌ك و پاره‌ی به‌خشیوه به هاوڵاتیان.
فازڵ عومه‌ر، گوته‌بێژی لیستی كوردستانی، وتی دابه‌شكردنی ئه‌و شتانه ناچنه قاڵبی پێشێلكردنی یاساكانی هه‌ڵبژاردن. عومه‌ر وتی تۆمه‌ته‌كانی لیستی گۆڕان كه له یه‌كێتی جیابۆته‌وه مه‌به‌ستی سیاسیان له پشته‌وه‌یه و راشیگه‌یاند گروپی گۆڕان "ده‌یه‌وێ تۆڵه بكاته‌وه".
شیكهرانی یاسایی ده‌ڵێن ئه‌گه‌ری به‌هه‌ندوه‌رگرتنی ئه‌و سكاڵایانه‌ی له‌دژی كۆمسیۆن تۆمار كراون له دادگاكان كه‌متره تا له په‌رله‌مان كه چاودێری كۆمسیۆنه‌كه ئه‌كات.
پارێزه‌رێكی لیستی گۆڕان به‌ناوی مه‌ریوان په‌رویز مه‌ریوانی وتی پێشبینی ده‌كات دادگاكانی كوردستان ئه‌و كێیسه به‌لاوه بنێن و راشیگه‌یاند دادوه‌رانی هه‌رێمه‌كه سه‌ر به دوو حزبه دهسهڵاتدارهكهن. مه‌ریوانی پێی وابوو په‌رله‌مانی عێراق زیاتر به‌ده‌م داواكانیانه‌وه ده‌چێت.
شۆڕش خالید، رۆژنامه‌نووسی راهێنراوی IWPR له سلێمانی، ئه‌م راپۆرته‌ی نووسیوه. سه‌رنووسه‌ری په‌یمانگاكه له عێراق تیاری راس و هه‌ریه‌كه له نه‌به‌ز جه‌لال و محه‌مه‌د فوڕات كه دوو ستافی پهیمانگاكهن له سلێمانی و هه‌ولێره‌وه به‌شداریان له نووسینی ئه‌م راپۆرته كردووه.


